سلێمانی
بەیانی ئەمڕۆ لە هۆتێڵ ڕامادا لە شاری سلێمانی، پلاتفۆرمی یەکێتی نەتەوەیی ژنی کورد، بە بەشداریی نوێنەرانی ژنانی هەر چوار پارچەی کوردستان و ژمارەیەکی بەرچاو لە کەسایەتییە سیاسییەکان، چالاکوانان و نوێنەرانی ڕێکخراوەکانی ژنان، کۆبوونەوەیەکی فراوانی لە شاری سلێمانی دەستپێکرد کە تیایدا کە سایەتی سیاسی
ئامانجی سەرەکیی ئەم پلاتفۆڕمە کە لەلایەن پلاتفۆرمی یەکێتیی نەتەوەیی ژنی کوردەوە ڕێکخراوە، بریتییە لە گفتوگۆکردن و ئاڵوگۆڕکردنی بیروبۆچوون لەبارەی پرسەکانی ژنان و دوایین پێشهات و دۆخی سیاسیی ناوچەکە، هاوکات کارکردن بۆ بەهێزکردنی یەکڕیزیی نەتەوەیی ژنی کورد و ئامادەکارییەکان بۆ بەستنی سێیەمین کۆنگرەی نەتەوەیی ژنی کورد، لە دەستپێکی کۆبوونەوەکەدا، شیرین تاهیر وتاری کردنەوەی کۆبوونەوەی ساڵانەی یەکێتیی نەتەوەیی ژنی کورد و پلاتفۆرمی گشتیی خوێندەوە و تێیدا ئاماژەی بەوەدا، کە کۆبوونەوەی ئەمڕۆیان وێستگەیەکی گرنگ و چارەنووسسازە بۆ کارەکانی داهاتوویان، لەم کۆبوونەوەیەدا تیشک دەخەنە سەر سێ تەوەری سەرەکی و ستراتیژی؛ ئەوانیش بریتین لە هەڵسەنگاندنی دۆخی سیاسیی ناوچەکە و کوردستان و کاریگەریی گۆڕانکارییەکان لەسەر مافەکانی ژنان، هەڵسەنگاندنی ڕەخنەگرانەی کار و خەباتی قۆناغی ڕابردوویان، هەروەها پلانسازی و ئامادەکاری بۆ بەستنی سێیەمین کۆنفرانسی یەکێتیی نەتەوەیی ژنی کورد بە ئامانجی نوێبوونەوە و یەکخستنی زیاتری توانا و وزەی ژنانی کورد لە هەموو بوارەکاندا.
کارنامەی پلاتفۆڕمەکە لە سێ تەوەری سەرەکی پێکهاتووە:
تەوەری یەکەم تایبەتە بە هەڵسەنگاندنی دۆخی سیاسیی ناوچەکە و کوردستان و کاریگەرییان لەسەر ماف و پێگەی ژنان بە ئامانجی گەیشتن بە هەڵوێستێکی نەتەوەیی هاوبەش.
تەوەری دووەم پێداچوونەوەی ڕەخنەگرانە بە کار و چالاکییەکانی ڕابردوو و سوود وەرگرتن لە ئەزموونەکان بۆ خەباتی داهاتوو لەخۆ دەگرێت.
تەوەری سێیەمیش تایبەتە بە دانانی نەخشەڕێگا و میکانیزمە کردارییەکانی ئامادەکاری بۆ بەستنی سێیەمین کۆنفڕانسی یەکێتیی نەتەوەیی ژنی کورد بە ئامانجی نوێبوونەوەی ڕێکخراوەیی و یەکخستنی توانای ژنان.
.
شێنێ محەمەد، ڕۆژنامەنووس و ئەندامی کۆمیتەی ئامادەکاری پلاتفۆرمی ژنانی باشوور ئاماژەی بەوەکرد، ئەمرۆ لەسەر ئاستێکی فراوان کۆبوونەوەی پلاتفۆرمی گشتی یەکێتی نەتەوەی ژنانی کورد بەڕێوەدەچێت، کە نوێنەرانی هەر چوار پارچەی کوردستان بەشدارن، پلاتفۆرمەکەش پێکهاتووە لە ژنانی پارتە سیاسییەکان و چالاکوانان و بۆ دووەم جارە لە سلێمانی کۆبوونەوەیەکی فراوان دەکەن.
وتیشی: وەک کۆبوونەوەی پیشتر بۆ گفتوگۆکردنە لەسەر بیروبۆچوون ئاڵوگۆڕی پرسەکانی ژنان و دواین بارودۆخی ناوچەکە لەدوای ناهەمواری دۆخی سیاسی، هەروەها دەمانەوێت لەسەر پرسی نەتەوەیی و ڕۆڵی ژن بۆ یەکڕیزی گفتوگۆ بکەین، دەربارەی بەستنی کۆنگرەی سێیەمی نەتەوەیی ژنی کورد بیروبۆچوون ئاڵوگۆڕ دەکەین و بتوانین سەرباری ئاڵۆزی دۆخی ناوچەکەو ئەو تەنگەژانەی هەیە بە زووترین کات کۆنگرەی سێیەم لە باشوور بێت یان هەر پارچەیەکی تر کە جیاوازی نییە ببەستین.






















