ژنانی سلڤادۆر بە تاوانی لەباربردنی منداڵ زیندانی دەکرێن

سارا ڕۆگل سزای ٣٠ ساڵ زیندانی بۆ دەرچوو بەهۆی تاوانی لەباربردنی منداڵ لە ئێل سلڤادۆر، بەپێی یاسای ساڵی ١٩٩٨ کە لە باربردنی منداڵ لە هەموو هەلومەرجێکدا قەدەغەیە.

ناوەندی هەواڵ

 

سارا ڕۆگلی خوێندکار، لە مانگی تشرینی یەکەمی ٢٠١٢دا دەستگیرکرا، پاش ئەوەی توشی خوێنبەربوون بووبوو چووبووە نەخۆشخانە و وتبووی بەهۆی کاری ماڵەوە وای لێهاتووە و بووە هۆی لەدەستدانی دوو گیانییەکەی.

 

پاشان سارای تەمەن ٢٢ ساڵ دادگاییکرا و بە تاوانی کوشتنی کچە لەدایک نەبووەکەی بە ٣٠ ساڵ زیندانیکردن سزا درا، پاشان سزاکەی کەم بووەوە بۆ ١٠ ساڵ، کە دەبوو لە تشرینی یەکەمی ٢٠٢٢ دا ئازاد بکرێت.

 

لە مانگی حوزەیرانی ساڵی ٢٠٢١ زیندانی ژنانی لە نزیک زاکاتکۆلوکای بەجێهێشت و ئازاد بوو، زیندانەکە نزیکەی ٥٦ کیلۆمەتر لە باشوری ڕۆژهەڵاتی سان سلڤادۆری پایتەخت دوورە، لەوێ ئەندامانی خێزانەکەی و پارێزەرەکەی لە گروپی مافی لەباربردنی منداڵ ( ACDATEE) ئامادەبوون.

 

سارا یەکێک بوو لەو دەیان ژنەی سلڤادۆری کە بە تاوانی لەباربردن لەو وڵاتەدا زیندانی کراون، بە یاسایەکی ساڵی ١٩٩٨ کە لەباربردنی منداڵی قەدەغە کردووە لە هەموو هەلومەرجێکدا، لەوانە: دەستدرێژی سێکسی یان ئەگەر ژیانی دایک لە مەترسیدابێت.

 

چالاکوانانی ژنان دەڵێن کە سارا  لە کاتێکدا لە بارودۆخێکی سەختی لەدەستدانی کۆرپەکەیدا بووە دەبوو هاوکاری بکرێت نەک زیندانی بکرێت، ئاڤیلا گویلن، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری ناوەندی یەکسانی ژنان لە ئەمریکا باسی لەوە کردووە سارا تەنها کۆرپەکەی لەدەست نەداوە بەڵکو ئازادیشی لێسەندرایەوە.

 

ت.پ