”مسۆگەرکردنی مافەکانی ژنان لە دەستووردا بنەمای تێکۆشانە دژی توندوتیژی”

ژنانە سریانی و ئەرمەنییەکان، جەختیان لەسەر ئەوە کردەوە کە تێکۆشان دژی توندوتیژیی سەر ژنان بە بەهێزکردنی پێگەی ژن لە کۆمەڵگەدا، گەرەنتیکردنی بەشداریی چالاکی لە بڕیارداندا و مسۆگەرکردنی مافەکانی لە دەستووردا دەست پێ دەکات.

”مسۆگەرکردنی مافەکانی ژنان لە دەستووردا بنەمای تێکۆشانە دژی توندوتیژی”

ڕۆنیدا حاجی

حەسەکە- بە بۆنەی ڕۆژی جیهانیی تێکۆشان دژی توندوتیژیی سەر ژنان، بانگەوازەکانی ڕاگرتنی هەموو جۆرەکانی توندوتیژی و جیاکاری دژی ژنان دووبارە دەبنەوە، لەم چوارچێوەیەدا، سیلدا سیمۆن، ئەندامی ئۆفیسی سیاسیی پارتی ئەرمەنی و کلۆد مارشۆ، ئەندامی یەکێتیی ژنانی سریان  بۆ ئاژانسەکەمان دوا و تیشکیان خستە سەر گرنگیی پاراستنی مافەکانی ژنان، بەهێزکردنی ڕۆڵیان لە کۆمەڵگەدا و مسۆگەرکردنی بەشداریی چالاکیان لە پرۆسەکانی بڕیارداندا.

”دەرکردنی ژن لە شوێنەکانی بڕیاردانیش جۆرێکە لە توندوتیژی”

سیلدا سیمۆن، ئەندامی ئۆفیسی سیاسیی پارتی ئەرمەنی ڕایگەیاند، کە توندوتیژیی دژی ژنان تەنها بە توندوتیژیی جەستەیی و ڕاستەوخۆ سنووردار نابێت، دەرکردنی ژنان لە شوێنەکانی بڕیاردان و سنووردارکردنی ڕۆڵیان لە بوارە سیاسی، ئابووری و کۆمەڵایەتییەکانیشدا جۆرێکی دیکەی توندوتیژییە.

سیلدا سیمۆن، جەختی لەوە کردەوە، کە تێکۆشانی ژن بۆ ئازادی، کەرامەت و بونیادنانی کۆمەڵگەیەکی دیموکراتیکە، ژن لە مێژووی تێکۆشانیدا سەلماندوویەتی کە بۆ هێنانەدیی گۆڕانکاری و ڕاگرتنی زوڵم و زۆرداری، هێزێکی بنەڕەتییە.

سیلدا سیمۆن، تیشکی خستە سەر ئەوەی کە توندوتیژی جیاوازیی نەتەوەیی و ئایینی ناناسێت و ژنانی هەموو پێکهاتەکان چ ئەرمەنی، موسڵمان، مەسیحی، سریان، کورد یان عەرەب بن دەکاتە ئامانج، وتی: یەکێتیی ژنان و بڵاوکردنەوەی کولتووری ڕێزگرتن و یەکسانی بۆ تێکۆشان دژی هەموو جۆرەکانی توندوتیژی گرنگن.

سیلدا سیمۆن، هۆشداریی دا، کە کاریگەرییەکانی توندوتیژیی سەر ژنان تەنها لەسەر ژنان سنووردار نابێت، کاریگەری لەسەر خێزان و تەواوی کۆمەڵگە دەکەن و سەقامگیرییەکەی دەخەنە مەترسییەوە، بانگەوازی لە ژنان کرد کە پشتگیری و هاوکاریی خۆیان بەهێز بکەن و بۆ بەدەستهێنانی مافەکانیان و پاراستنی کەرامەتیان درێژە بە تێکۆشانیان بدەن.

”ژن بنەمای بونیادنانی کۆمەڵگە و پەروەردەکردنی نەوەکانی نوێیە”

کلۆد مارشۆ، ئەندامی یەکێتیی ژنانی سریان ڕایگەیاند، کە ژن تەنها نیوەی کۆمەڵگە نییە، لە بونیادنانی خێزان، پەروەردەکردنی نەوەکانی نوێ و پێشخستنی کۆمەڵگەدا خاوەنی ڕۆڵێکی بنەڕەتییە.

کلۆد مارشۆ، جەختی کردەوە، کە پەروەردەکردنی منداڵان لەسەر بنەمای یەکسانیی نێوان کچان و کوڕان، دەبێتە هۆی ئەوەی کۆمەڵگەیەکی دادپەروەر و یەکسان بونیاد بنرێت، هەروەها خێزان یەکەمین ژینگەی دروستبوونی کەسایەتی و تێگەیشتنی منداڵانە و وتی: لەبەر ئەمە، دەبێت بەهاکانی ڕێزگرتن و یەکسانی لە ناو منداڵاندا بەهێز بکرێن و ئەو بیرۆکانە ڕەتبکرێەوە، کە جیاکاری لە نێوان هەردوو ڕەگەزدا دروست دەکەن.

کلۆد مارشۆ، تیشکی خستە سەر گرنگیی مسۆگەریکردنی مافەکانی ژنان لە دەستووردا و ڕایگەیاند، کە ئەم مافانە دەبێت تەنها لە قسە و دروشمدا نەمێننەوە، وەک مافە بنەڕەتییەکان لە دەستووردا بپارێزرێن، بانگەوازی کرد کە ژنان و منداڵان لە هەڵبژاردنی ڕێگەی خوێندن و پیشەکەیاندا خاوەنی ئازادی بن و هیچ بەربەستێک لە بەردەم ئامانجەکانیاندا دانەنرێت.

ژن لە پێشخستنی کۆمەڵگەدا ڕۆڵێکی چالاک بگێڕێت”

کلۆد مارشۆ، جەختی لەوە کردەوە،  کە بەهێزکردنی هۆشیاری و باوەڕی ژن بە هێزی خۆی، یارمەتیی دەدات مافەکانی بپارێزێت و لە پێشخستنی کۆمەڵگەدا ڕۆڵێکی چالاک بگێڕێت، لە کۆتایی قسەکانیدا وتی: لە کاتێکدا توندوتیژی و جیاکاری هێشتا بەردەوامن، گرنگیی یەکێتیی ژنان و یەکخستنی هەوڵەکانیان دێتە پێشەوە، کە ئەمەش بۆ بونیادنانی کۆمەڵگەیەک کە یەکسانی، کەرامەت و مافەکانی هەموو کەسێک مسۆگەر دەکات، بنەمایەکی سەرەکییە.

ڤیدیۆی زیاتر ببینەهەموو ڤیدیۆکانی هەواڵەکانمان لە یەک شوێن.