١٠ ساڵ تێپەڕی بەسەر یاسای بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی خێزانی

ئەمڕۆ ١٠ ساڵ بەسەر یاسای بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی خێزانی تێدەپەڕێت، پارێزەرێک باس لە کەموکرتییەکانی ئەو یاسایە دەکات، بەپێی ڕاپرسییەکی ڕێکخراوی هاریکاری یاسایی ٪٨٩ هاوڵاتیان ئاگاداری دادگای توندوتیژی خێزانی نین، هەروەها ٪٦٤ ژنان لەلایەن هاوژینەکانیانەوە توندوتیژییان بەرامبەر ئەنجامدەدرێت.

 

تەرزە تەها

سلێمانی- لە ڕۆژی ٢١ی حوزەیرانی ٢٠١١ یاسای ژمارە ٨ بەرەنگاربوونەوەی خێزان لە توندوتیژی هەرێمی کوردستان-عێراق پەسەندکرا، لە ١٠ ماددە پێکهاتووە، بەپێی ئەو نووسراوەی لە یاساکەدا هەیە، ئەم یاسایە لەپێناو پاراستنی خێزان لە هەڵوەشاندنەوە و پاراستنی تاکەکانی خێزان دایە، وە بۆ قەدەغەکردنی توندوتیژی خێزانی دەرچووە.

 

لە ماددەی دووەمی یاساکەدا توندوتیژی، بە توندوتیژی جەستەی و دەروونی و جنسی دادەنرێت، هەروەها هاوسەرگیری بە زۆر، هاوسەرگیری ژن بە ژن و منداڵ بەشوودان، بەشوودان لەجیاتی خوێن، لێکجوداکردنەوە بە زۆر، بڕینی پەیوەندی کۆمەڵایەتی، مێرد بە زۆر هاوسەرەکەی ناچاری بەدڕەوشتی و کاری داوێن پیسی بکات، خەتەنەکردنی مێینە، ناچارکردنی تاکی خێزان بۆ جێهێشتنی فەرمانبەرایەتی بە ناڕەزایەتی خۆیان، خۆکوشن لە ئەنجامی توندوتیژی خێزان، لەباربردن لە ئەنجامی توندوتیژی خێزان، لێدانی تاکەکانی خێزان و منداڵ بە هەر بیانوویەک، سوکایەتی پێکردن و جنێودان و جنێودان بە کەسوکار و بەکەم سەیرکردنی و ئازاردانی و گوشار بۆهێنانی دەروون و پێشێلکردنی مافەکانی و بەزۆر سەرجێی کردن، بە توندوتیژی خێزانی دادەنرێن.

 

 

گۆنا مەجید پارێزەر لە کەیسەکانی ژناندا، باس لە کێشەکانی ناو یاساکەدا دەکات، کە زۆرجار بۆ لایەنی پەیوەندیدار و پارێزەرانیش بووەتە "سەرئێشە"، وەک یەکەم کەموکورتیش وشەی توندوتیژییە، کە وشەکە زۆر لاسیکییە، تەنها باسی توندوتیژی جەستەیی و دەروونی و جنسی دەکات، لە کاتێکدا چەندین جۆری دیکەی توندتیژیش هەیە وەک توندوتیژی ماددی.

 

سزای ئەو تاوانەی لە یاسای دیکەدا هەیە، لەم یاسایەدا دووبارە بووەتەوە

هەروەها لە یاساکەدا هەندێک تاوان باسکراوە، کە لە یاساکانی دیکە باس کراوە و سزاشی بۆ دانراوە، پێویستی نەدەکرد لەم یاسایەدا جێی بکرێتەوە، لە کاتێکدا دەتوانرا ئەو توندوتیژییانەی تایبەت بە خێزان لە داهاتوودا ئەگەری ڕوودانیان هەیە لە یاساکەدا جێگای بکرایەتەوە، چونکە یاساکە تایبەت نییە بە ماوەیەکی دیاریکراو.

 

 

وتەکانی گۆنا مەجید زیاتر لە کەموکورتییەکان دەخاتەڕوو لەوانە، ناپاکی هاوسەری لە یاساکەدا نییە، لە کاتێکدا ناپاکی هاوسەریی و زینای هاوسەریی دوو بابەتی جیاوازن، زینای هاوسەری واتە ئەو دوو کەسەی کە ناپاکی دەکەن پەیوەندییەکەیان گەیشتووەتە ئاستی پەیوەندی جنسی، وە زینای زەوجی مادەی ٣٠٧ لەو یاسای سزادانی عێراقی باسی دەکات، لەکاتێکدا ناپاکی هاوسەری لە دادگای توندوتیژی خێزانی وەرناگیرێت وەک توندوتیژییەکی خێزانی مامەڵەی لەگەڵ ناکرێت.

 

کەیسەکان بەپێی ڕای دادوەر بەڕێوەدەچێت

یەکێکی دیکە لە کێشەکان ئەوەیە، لە یاساکاندا کەیسەکان و جۆرەکانیان جێگیر و دیاریکراو نین، زۆرجار کەیسەکان بەپێی ڕای دادوەرەکە بەڕێوەدەچێت، ئەوان بڕیار دەدەن کەیسەکان بگەنە چ دەرئەنجامێک، بۆیە باشترین چارەسەر ئەوەیە جۆری کێشەکان لە یاساکەدا جێگیربکرێت. 

 

توانای سەلماندن، یەکێکی دیکەیە لە کێشەکانی ژنان لە دادگاکاندا، کە زۆرجار ناتواندرێت بسەلمێندرێت، ئەو پارێزەرە دەڵێت: "کاتێک سکاڵا دەکەن هەموو شتەکان دەڵێت بەڵام بەڵگەی نییە، چونکە نازاندرێت چی لەو کەیسە بکات، بۆیە دواجار کەیسەکە بە ناچاری بەهۆی نەبوونی بەڵگە دادەخرێت".

 

لەبارەی هەمان بابەتەوە ئەمڕۆ لەلایەن ڕێکخراوی هاریکاری یاسایی ژنان لە مۆتێل ڕامادا لە شاری سلێمانی ڕاپۆرتێک بە ئامادەبوونی ڕێکخراوەکانی بواری ژنان و هیوا کەریم وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی گشتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان و خێزان لە سلێمانی خرایەڕوو.

 

٪٨٩.٥ی هاوڵاتیان ئاگاداری دادگای توندوتیژی خێزانی نین

ڕاپرسیەکە کە لەنێوان ٣٥٩ کەس لە تەمەنی نێوان ١٦ بۆ ٦٠ ساڵیدا لە سەرجەم پارێزگا و قەزاکانی هەرێمی کوردستان ئەنجامدراوە، تێیدا ٪ ٥١.٥ هاوڵاتیان زانیارییان لەبارەی یاسای بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی خێزانییەوە نییە، هەروەها ٪٨٩.٥ هاوڵاتیان ئاگاداریی دادگایەک بەناوی دادگای توندوتیژی خێزان نین.

 

هەروەها لەو ٣٥٩ کەسە، ٪٦٤.٨٦ توندوتیژی دەروونیان بەرامبەر ئەنجامدراوە، ٪٣٠.٩٥ توندوتیژی جەستەییان بەرامبەر ئەنجام دراوە، ٪٠،٧٣ توندوتیژی جەستەییان بەرامبەر ئەنجام دراوە، هەروەها ٪٦١.٣٥ لەلایەن هاوژینەکانیانەوە توندوتیژییان بەرامبەر ئەنجامدراوە.

ت.پ