منداڵێکی خاوەن پێداویستی تایبەت بۆتە پێشەنگ لە یاری باسکە و وێنە کێشاندا

کیژۆڵەیەکی تەمەن ١١ ساڵ لە شاری سلێمانی، داون سیندرۆمی هەیە بە هۆی هاوکاری بنەماڵەکەیەوە توانیویەتی ببێتە یاریزانی باسکە و مەلەوانی و وێنەکێشێکی دەستڕەنگینیشە.

ناوەندی هەواڵ

 

مینا پەرژین کچێکی تەمەن ١١ ساڵە و لەگەڵ ئەوەی حاڵەتی داون سیندرۆمە بەهۆی هاوکاری بنەماڵەکەیەوە یاریزانێکی باشی تۆپی باسکە و مەلەوانیە، دایکی ئەم کیژۆڵەیە دەڵێت پەروەردەکردنی منداڵانی خاوەن ئەم بارودۆخە لە پێش بەخێوکردنەوە دێت. میناش دەڵێت ئەو ئارەزووی لە وێنەکێشان و کاری دەستییە.

مینا ڕۆژانە دەچێتە سەنتەری ڕاهێنان و سەبارەت بە کار و چالاکیەکانی ناو سەنتەری ڕاهێنانەکەی دایکی مینا دەڵێت، "مینا یەکێکە لە منداڵە زیتەڵەکان و بەشداری گشت بۆنە و چالاکیەکانی سەنتەری ڕاهێنانەکەی دەکات، ئارەزووی نواندن دەکات و لە زۆربەی چالاکیەکانی وەک سەما و شانۆ بەشداری دەکات".

مینا بە بەردەوامی خەریکی وێنە کێشانە و لە چەندین پێشەنگادا وێنەکانی نمایش کردووە، هەروەها ژوورەکەی و ماڵەکەی خۆیانی ڕازاندۆتەوە بە کارە دەستیەکانی بە هاوکاریی نمەی خوشکە بچوکی کە ئەمەش بۆتە جێگای سەرنجی دەوروبەرەکەی .

دایکی مینا هەفتەی جارێک مینا دەباتە مەلەوانگە و لەوێ فێری مەلەکردن بووە لە کاتێکدا زۆربەی هاوتەمەنەکانی ئەو مەلەوانی نازانن. جگە لە وێنەکێشان، کاری دەستی و مەلەوانی، مینا لە ڕێکخراوی ژیما یاریزانی یاری باسکەیە.

ژیما ڕێکخراوێکی سەربەخۆی تایبەت بە ژنانە لەوێ جگە لە وەرزش کردن و دانانی بەرنامەی خۆراکی تەندروست بۆ یاریزانەکان گرنگی دەدرێت بە چالاکی ژینگەپارێزی و بۆ ئەم چالاکیەش مینایان کردووە بە پێشەنگی خۆیان.

چنار خاتوون، یاریدەدەری ڕاهێنەری باسکە دەربارەی مینا دەڵێت، "ڕاستە مینا خاوەن پێداویستی تایبەتە بەڵام کچێکی لێهاتووە و ئەوەی گرنگە بەردەوام هەوڵ دەدات بۆ باشترکردن و بەرەو پێشبردنی تواناکانی و ئەوەی جێگای سەرنجە هەمیشە پێکەنین لەسەر لێوەکانیەتی، لێرەش زۆر خۆشحاڵە لەگەڵمان.

داون سێندرۆم حاڵەتێکی تەندروستییە بەهۆی ناڕێکی کرۆمۆسۆمی خانەکانی لەشەوە ڕوودەدات. لە جیهاندا لە نێوان ٨٠٠ منداڵدا تەنها ١ دانەیان توشی ئەم بارودۆخە دەبێت، بە پێی توێژینەوە پزیشکییەکان هۆکارەکەی دەگەڕێتەوە بۆ جیناتەکان، تەمەنی گەورەی دایک و باوک، جەنگ و هاوسەرگیری خزم.

منداڵانی داون هزر و لێهاتوویەکی باشێان هەیە لە بوارە جیاجیاکاندا تەنها جیاوازیان ئەوەیە کە زمانی دەربڕینی حەز و خولیاکانیان کەمە، پێویستیان بە ڕێنیشاندەرێکە بۆ پیشاندانی بەهرە و تواناکانیان.

دایکو باوکی مینا بە ڕێگای ژنها داوایان لەو خێزانانە کرد کە خاوەنی منداڵی داونن، زیاتر گرنگی بدەن بە پەروەردەکردنی منداڵەکانیان و پێیان وایە پەروەردە لە پێش بەخێوکردنە، دەشڵین "هەموو منداڵێک خاوەنی بەهرەیە ئەگەر دایکان و باوکان خۆیان ماندوو بکەن ڕۆڵێکی باش ببینن لە بەرەو پێشبردنی تواناکانیاندا.

شایانی باسە دایکی مینا وەک دەستەی دامەزرێنەر و بۆ چەند ساڵێک خۆبەخشانە لە پێناوی مینا وهاوباروودۆخەکانی مینا لە سەنتەری ڕاهێنانی منداڵانی داون سیندرۆم کاری کردووە.

 

ت.پ