بەهۆی کەمی ئامێرەوە نەخۆشانی شتنەوەی گورچیلە گرفتیان بۆ دروست بووە

لە سەنتەری گورچیلەی دەستکردی کۆیە لە شەش مانگی رابردوودا هەزارو ٤٧٨ شتنەوەی گورچیلە ئەنجامدراوە، بەڵام بەهۆی کەمی ئامێرەوە، ستافی سەنتەرەکە زیاتر لە ئەرکدان بۆ نەخۆشانی شتنەوەی گورچیلە.

 

شیا کۆیی

 

كۆیە-لەسەنتەری گورچیلەی دەستکردی کۆیە ڕۆژانە دەوام هەیە جگە لەڕۆژانی هەینی، لەماوەی شەش رۆژی هەفتەدا لە کاتژمێر ۷ی بەیانی تاوەکو ١٠ی شەو شتنەوەی گورچیلە بۆ ئەو چارەخوازانە دەکرێت کە گورچیلەیان سستە و گرفتی تەندروستیان هەیە، نەخۆشەکان تەمەنیان لەنێوان "١٢ ساڵ بۆ ٨٠ ساڵ"دایە لەهەردوو ڕەگەزن، لەڕێگای سیستمێکی ئاڵۆزو وردەوە پرۆسەکە ئەنجامدەدرێت، هەر چارەسەرێک کە بۆ چارەخوازێک دەکرێت نزیکەی چوار کاتژمێر دەخایەنێت، بەپێی خشتەیەک کەداندراوە پرۆسەکە ئەنجامدەدرێت.

.

زۆرجاریش لەکاتی دروستبوونی گرفتی تەندروستی نەخۆشەکان، یاخود کارەبا یا ئەو ئامێر و سیستمە ئاڵۆزەی پرۆسەکە ئەنجامدەدەنئەوەندەی تر ستافی سەنتەرەکە دەخاتە بەردەم دۆخێکی قورس و ناهەموار تاوەکو  ئاساییبوونەوە و جێگیربوونی دۆخەکە، تەواوی ستافی سەنتەری گورچیلەی دەستکرد زۆر دڵسۆزانە كارەكانیان دەدەن، سەرەڕای دواکەوتنی مووچە بەلەبەرچاوگرتنی دۆخی تەندروستی نەخۆشانی گورچیلە تەواوی توانای خۆیان بۆ خزمەتکردن تەرخان کردووە ، زۆر جار گەر دەاومیشیان نەبێت چوونەتە دەوام بۆ رزگاركردنی نەخۆشەكان لەمەترسی.

 

  لەکاتێکدا دەبوایە تەنها  ٢٠ تا ٢٢ نەخۆش  وەرگرن بەڵام بە پاڵپشتی و هاوکاری بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی کۆیەو لەسەرئەرکی سەرشانی  کارمەندانی دڵسۆز نزیکەی ٣٣ نەخۆش  بەتێکڕایی بەڕێ دەکرێن.

 

پزیشك شنۆ سدیق، پزیشكی نیشتەجێی خولاو لە سەنتەری شتنەوەی گورچیلە لە شاری كۆیە، لەبارەی سەنتەرەكەو نەحۆشەكانەوە بۆ ئاژانسی ژنها وتی: هەر كەسێك توشی سستی گورچلە بونە پێویستە لە هەفتەیەكدا سێ بۆ چوار جار شوشتنەوەی گورچیلەیان بۆبكرێت، و ئەم نەخۆشانە لایەنی جەستەیی و نەفسیان هیلاك دەبێت دوای شوشتنەوەكە، بەڵام ئەوەی جێگای دڵخۆشیە ساڵو نیوەك دەبێت ئەو سەنتەر لەكۆیە كرایەوە كە ئەوەش كەمێك لەو خەمو ماندووبونەی نەخۆشەكانی كەم كردەوە، وەك لەزاری خۆشیانەوە دەڵێن  جاران نەخۆشاكانی ئەو سنورە دەبوو بچنە شارەكانی هەولێر و سلێمانی ئەوەش هیلاكی زۆری دەوێت جگە لەوەی خەرجیەكی زۆریشی پێویستە، كاتیشی گەراندۆتەوە بۆ نەخۆشەكان.

 

هەندێک ئامێر لەکارکەوتوون

دكتۆرە شنۆ وتیشی: ٣٥ نەخۆشمان هەیە كە گەنج و کەسانی بەتەمەن و منداڵی تێدایە و ١٦ نەخۆشیان ژنن، كە رۆژانە بە سێ وەجبە بەرێیان دەكەین، لە كاتژمێر ٧ی بەیانی تا ١١ شەو تا نەخۆش مابێت ئیرە كراوەیە،  ئێمەش وەك پزیشكی خولاو لێرەین و پزیشكی تایبەتمەندیش هەیە لێرە، بۆكاتی پێویست بە پێی خشتەكە دێن و سەردانی نەخۆشەكان دەكەن، ستافی سەنتەرەكە زۆر بەدڵسۆزانە كاردەكەن هەتا گەر جەژنیش بێت لێرە شتنەوەی گورچیلە دەكرێت وجار هەبووە خۆم جەژن بووە كەچی هاتومەتە دەوام، بۆیە ئێمە هەموە ستافەكە بەتایبەتی بەڕێوەبەری سەنتەرەكە و بەڕێوەبەری كارگێری زۆر ماندوون لەگەڵ نەخۆشەكان، بێگومان لەهەموو شوێنێک كەموكوڕی هەیە پێشتر بەدوو وەجبە نەخۆشەكان بەڕێ دەكران، بەڵام ئێستا بەهۆی ئەوەی هەندێک ئامێر لەكاركەوتوون بە سێ وەجبە تا شەو ئینجا نەخۆشەكان تەواو دەبن، گەر ئەو ئامێرانە چابكرێن هەم لە بەرژەوەندی نەخۆشەكانە هەم ستافەكەش، بۆیە هیوادارم لایەنی پەیوەندیدار گرفتەكان چارەسەربكەن بۆ خزمەتی نەخۆشەكان.

 

حەیات ئەجەل رەزا لە شارۆچكەی تەق تەقەوە هاتووە و شتنەوەی گورچیلەی بۆدەكرێت وتی: دوای ئەوەی گورچیلەیەکم لەدەستدا بەردی تێدابوو گورچیلەکەی دیكەشم ئیش ناكات و خۆم شەكرەو زەختیشم هەیە، پێشتر دەچوومە سلێمانی و چەمچەماڵ بۆ شتنەوەی گورچیلەكە، بەڵام كە ئەو سەنتەرەی كۆیە دانردا ئەوەیان نزیكترە، زۆر پێی دڵخۆش بووین، ستافەكە زۆر بۆمان باشن.

 

وتیشی" چەند كەسیان هێنا گورچیلەم بگۆرن خوێنەكەی بۆمن نەبوو، ئەوە جارێ بەو شێوەیە دەژین و ماومەتەوە، داوا دەکەم كە سەنتەرەكە لە  تەق تەق بكرێتەوە بۆ ئێمە نزیكترە، چەند نەخۆشێكی دیكەش لە تەق تەقەوە دێن.