دوو تووشبووی شێرپەنجە بەهۆی گەمارۆ و شەڕی غەززە ڕێگرییان لێکرا لە چارەسەرکردن

سەمەر و سومەییە، دوو جەستەی ماندوو لە غەززە، کە شێرپەنجە و برسێتی و ئاوارەبوونیان کەوتووەتە ژێر پرسیارەوە، بەهۆی گەمارۆکانەوە ڕێگریان لێکرا چارەسەر وەربگرن.

ڕەفیف ئیسلیم

 

غەززە – تووشبووانی شێرپەنجە لە کەرتی غەززە دوو جار تووشی زەبر و زەنگ دەبن، بەتایبەتی بە لەبەرچاوگرتنی نەبوونی دەرمان و برسێتی، سەمەر جەعل یەکێکە لەو نەخۆشانە، کە شێرپەنجەی مەمکی لە لای ڕاستەوە بۆ لای چەپ، پاشان بۆ سییەکانی بڵاوبووبووەوە و پێدەچێت بەم زووانە بۆ هەموو بەشەکانی جەستەی بڵاوببێتەوە.

 

نەخۆشێکی شێرپەنجە لە نێوان توندوتیژی و برسێتیدا ڕووبەڕووی مردنێکی بێدەنگ دەبێتەوە

سەمەر جەعل لە ساڵی ٢٠١٩ تووشی شێرپەنجە بوو، دوای ماوەیەکی زۆر لە چارەسەری کیمیای چاک بووەوە، بەڵام تەنها دوای ساڵێک شێرپەنجەکەی گەڕایەوە، بڕیار بوو لە سەرەتای شەڕی غەززە نەشتەرگەری مەمکبڕینی بۆ بکرێت، بەڵام شەڕ و ئاوارەبوونی بۆ ڕەفەح بووە هۆی ئەوەی پەیوەندی لەگەڵ پزیشکەکەی نەمێنێت.

 

سەمەر جەعل لە کاتی ئاوارەبوونیدا تووشی فشارێکی زۆر بوو، هەروەها هاوژینەکەی لەلایەن هێزەکانی ئیسرائیلەوە دەستگیرکرا، ئەو و منداڵەکانی بەتەنها بەجێهێشت بۆ ئەوەی ڕووبەڕووی ئەم بارودۆخە سەختە ببنەوە، ئاماژەی بەوەشکردووە، زۆرجار بێ هۆشبووە، ئەمەش وایکردووە سەردانی نەخۆشخانەیەکی ناوچەی ناوەڕاست بکات، کە لەوێ تیمی پزیشکی ئاگاداری دەکەنەوە کە شێرپەنجەکەی بۆ مەمکەکەی تری بڵاوبووەتەوە، لەناو هەژاری و ئاوارەیی و نەخۆشیدا دڵنیا نەبوو کە چۆن دۆخەکەی بەڕێوەببات.

 

سەمەر جەعل، وتی: بەزەحمەت توانیم بیرۆکەی یەکەم شێرپەنجەی مەمکم قبوڵ بکەم، بەڵام بڵاوبوونەوەکەی کارەساتێک بوو و زۆر تووشی شۆکی کردم، ئاماژەی بەوەشکرد، یەک فۆڕمی گواستنەوەی بەدەستهێناوە، واتە مافی ئەوەی هەیە گەشت بکات بۆ دەرەوەی وڵات بۆ چارەسەرکردن بەڵام ئێستا بەهۆی سنووردارکردنی ئیسرائیلەوە نەیتوانیوە بڕوات، سەرەڕای ئەوەی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی پەیوەندی پێوەکردووە و ناوی لە لیستی نەخۆشەکانیدا هەبووە، ئەمە جگە لەوەی پەیوەندیی ڕێکخراوەکانی دیکەی پێدەگات.

 

سەمەر جەعل, باس لەوە دەکات کە ئێستا شێرپرپەنجەکە بۆ سییەکانی بڵاوبووەتەوە و ئەگەری زۆرە بە خێرای بۆ بەشەکانی تری جەستەی بڵاوبێتەوە، ترسی ئەو خودی نەخۆشییەکە نییە، بەڵکو لە جێهێشتنی منداڵەکانی بە تەنها بەبێ کەسێک کە بژێوی ژیانیان بۆ دابین بکات، بە تایبەت دوای ئەوەی باوکیان لە زیندان ئازاد بوو، بە شێوەیەک توندوتیژی بەرامبەر خۆی و منداڵەکانی دەکات کە هاوشێوەی ئەو ئەشکەنجەیەیە کە لە زیندانەکانی ئیسرائیلدا تووشی بووو.

 

نازانێت بەرگەی چی دەگرێت: ئازاری نەخۆشییەک کە لە کەرتی غەززە چارەسەری بۆ نییە، کە بۆ دۆزینەوەی یەک دەرمانی ئازارشکێن، دەیان کیلۆمەتر بە پێ دەڕوات و لە هەموو کەسێک دەپرسێت، بەڵام کەس وەڵامی ناداتەوە، یان بەرگەی ئازاردانی جەستەیی و زارەکی هاوژینەکەی بگرێت، کە بەردەوام ڕەتیدەکاتەوە خواردن بە خۆی و منداڵەکانی بدات و بانگەشەی ئەوە دەکات کە ئەوان دیل بوون و چەند ڕۆژێک خۆراکیان پێنەداوە.

 

سەمەر جەعل هەست بە تێکچوونی باری تەندروستی دەکات ڕۆژ لە دوای ڕۆژ، حاڵەتەکانی بێهۆشبوون بەنزیکەی بووەتە ڕۆژانە، بەتایبەتی لەگەڵ کەمی توندی خۆراک و تەواوکەرە خۆراکیەکان، هەروەها چەند ڕۆژێک لەمەوبەر ددانێکی لەدەستدا، پرسیاری ئەوە دەکات، ئایا سەرەی منە دوای ئەوەی قژم هەڵوەری و لای چەپی دەستم ئاوساوە و نینۆکەکانم وەک ژنانی تر وازیان لە گەشەکردن هێنا، یەک بە یەک ددانەکانم دەربچن؟

 

خەونی ئەوە دەبینێت کە هەموو ڕۆژێک جارێکی تر دەرمانەکانی بخواتەوە، وەک چۆن پێش جەنگ بوو، هەروەها ترسی هەیە لە ڕووبەڕووبوونەوە لەلایەن پزیشکەکانەوە سەبارەت بە بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەکە لە جەستەیدا.

 

ئاماژە بەوە دەکات، ئەگەر بە دەنگی بەرز یان بۆ ماوەیەکی درێژ قسە بکات، هەست بە ماندوێتییەکی زۆر دەکات و ناتوانێت هەناسەی بدات، بۆیە هەوڵدەدات زۆربەی کاتەکان بێدەنگ بێت بۆ پاراستنی ئەوەی لە تەندروستی ماوەتەوە، داوا لە هەموو ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ دەکات هەوڵی چۆڵکردنی لە کەرتی غەززە بدەن، بۆ ئەوەی بتوانێت چارەسەر وەربگرێت و لەو نەخۆشییە کە ڕزگاری بێت کە ڕۆژ لە دوای ڕۆژ جەستەی دەخوات.

گەیشتە قۆناغی چوارەمی نەخۆشییەکە

سومەیە کەفەرنە، لە ساڵی ٢٠٢٠ تووشی نەخۆشییەکە بووە و هەموو قۆناغەکانی چارەسەری بۆ کراوە، سەرەتا بە چارەسەری کیمیای دەستی پێکردووە، دواتر لابردنی شێرپەنچەکەی ناو مەمکی و لابردنی شێرپەنجەکەی ناو چەناگەی، دواتر چارەسەری تیشک و هۆرمۆنی بۆ کراوە، ئاماژەی بەوەشکردووە، کە دوای سەرهەڵدانی شەڕەکە بۆی دەرکەوتووە نەخۆشییەکە بۆ بەشەکانی دیکەی جەستەی بڵاوبووەتەوە، وەک جگەر و بڕبڕەی پشت و حەوز، ئەمەش وایکردووە ئازارەکە "بەرگە نەگربێت".

 

سومویە کەفەرنە بەدەست ئازاریکی توندەوە دەناڵێنێت لە پشت و ئێسک و سکیدا، هەروەها ئازارەکە بە نەبوونی هەر جۆرە دەرمانێکی ئازارشکێن توندتر دەبێت، کاتێک بەردەست دەبن، ڕۆژانە دابین دەکرێن, ڕێکخراوەکە پەیوەندی پێوە دەکات بۆ ئەوەی یەک دەرمان بۆ ڕۆژ بەدەست بهێنێت، کە لە بەرامبەردا، خواردنی تا ئێوارە دوادەخات بۆ ئەوەی بتوانێت بە درێژایی کاتژمێرەکانی شەو بخەوێت.

 

لە ئێستادا، چاوەڕێی ڕەوانەکردنە بۆ چارەسەرکردن لە دەرەوەی وڵات بۆ ئەوەی ئازارەکانی کەم بکاتەوە و بتوانێت چارەسەری کیمیای و بایۆلۆژی و بەرگری و هۆرمۆنی و تیشکی وەربگرێت، پاشان نەشتەرگەری بۆ دەکرێت، کە ئەمەش ڕێگەی پێدەدات تەنها بەرگەی ئازارەکە بگرێت، نەک بە تەواوی چارەسەری جەستە لاوازەکەی بکات، هەروەها ڕوونیدەکاتەوە، کە دۆخی ئێستا و برسێتی کاریگەری نەرێنی لەسەر نەخۆشییەکەی داناوە و باری تەندروستی خراپتر کردووە.

 

ترسەکانی سومەیە کەفەرنە لە زیادبووندایە لەگەڵ زیادبوونی فەرمانی چۆڵکردنی شاری غەززە، کە ئەمەش بە تایبەتی ڕاستە چونکە تووشی شێرپەنجە بووە و هاوژینەکەیشی لە کاتی شەڕدا بریندار بووە، هەروەها خاوەنی پێنج منداڵە، کە ناتوانێت هیچ بەرپرسیارێتییەکیان لە ئەستۆ بگرێت، چۆن بەبێ کورسی خاوەن پێداویستی تایبەت چۆڵ دەکرێت؟

بۆیە داوا لە هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکات کە بە زووترین کات بینێرنە دەروەی کەرتی غەززە، بە تایبەت کە نەخۆشیەکەی گەیشتووەتە قۆناغی چوارەم.