ناهیدە شێخ سالم: ئەو ژنەی لە خوێندنگەوە چووە ناوەندی سیاسەتی کوردی

ناهیدە شێخ سالم لە خوێندنگە وانەی منداڵانی دەوتەوە، دواتر بەرزبووەوە بۆ ئەو پۆستەی کە ژنانیش لە ناوەندی سیاسەتی کوردیدا دەنگیان هەبوو.

ناوەندی هەواڵ

 

لە مێژووی کورددا زۆر ژن هەن کە بە دەگمەن ناویان لە لاپەڕەکانی مێژوودا دەنووسرێت، بەڵام ژیانیان بە بێدەنگی تێنەپەڕیوە، هەروەها ئەو ژنانەی کە قوتابخانەیان کردۆتەوە و منداڵیان پەروەردە کردووە و زمان و کولتووری خۆیان پاراستووە و گۆڤار و ڕۆژنامەیان نووسیوە و ڕێکخراویان دامەزراندووە و لە مەیدانە سیاسییەکاندا دەنگیان بەرز کردووەتەوە، مێژووی ژنی کورد تەنها مێژووی خۆڕاگری و شەڕ نییە، مێژووی پێنووس و زانست وزانیاری و پەروەردە و ڕێکخستن و هیوای ژیانە.

 

زۆرێک لە ژنان لە سەرانسەری کوردستان، لەو کاتانەدا کە دەرگای قوتابخانەکان بە ڕوویان داخرابوو، بە هێزی خۆیان ڕێگەیان بۆ منداڵانی کچی دیکە کردەوە، بەشێکیان مامۆستا بوون، هەندێکیان نووسەر، هەندێکیان ڕێکخەر و هەندێکیشیان بەشدارییان لە بزووتنەوە سیاسییەکان کردووە، بەڵام زۆرێکیان، دوای تێپەڕبوونی ساڵان، کەوتنە سێبەری مێژووەوە.

 

یەکەم ژن لە سلێمانی باخچەی ساوایانی کردۆتەوە

ئەمڕۆ تیشک دەخەینە سەر ژیانی ناهیدە شێخ سالم، ژنێک کە لە پۆلەکانی قوتابخانەوە دەستی پێکرد و ڕێگەی خۆشکرد بۆ ناوەندی ژیان و ڕێکخستنی سیاسی ژنانی کورد، چیرۆکەکەی چیرۆکی ژنێکە کە پێیوابوو پەروەردە دەتوانێت دەرگایەک بکاتەوە کە مێژوو بەڕووی ژناندا دایخستووە.

 

ناهیدە شێخ سالم لە ساڵی ١٩٢٢ لە شاری سلێمانی لەدایک بووە، کچە گەورەکەی شاعیر و کەسایەتی سیاسی شێخ سالم شێخ ئەحمەد بووە، خوێندنی سەرەتایی لە سلێمانی و هەڵەبجە درێژەی پێداوە و لە ساڵی ١٩٤١ لە پەیمانگای مامۆستایان لە بەغدا دەرچووە، دوای ئەوە بوو بە مامۆستا و کاری بۆ بڵاوکردنەوەی خوێندنەوە و نووسین کردووە، بەگوێرەی سەرچاوەکان، ناهیدە شێخ سالم یەکەم ژن بووە کە باخچەی ساوایانی لە سلێمانی کردۆتەوە، هەروەها لە وانەکانیدا گۆرانی و شیعری نەتەوەیی وتۆتەوە، بەمەش منداڵانی لە کولتوورەکەیان نزیکتر کردووەتەوە.

 

یەکێک بوو لە دامەزرێنەران و سەرکردەکانی یەکێتی ژنانی کوردستان

بەڵام ژیانی ناهیدە تەنها لە وانەوتنەوەدا سنووردار نەبوو، هەر لە تەمەنی گەنجیەوە پەیوەندی بە سیاسەتەوە کردووە و لە ساڵی ١٩٣٩ پەیوەندی بە پارتی هیواوە کردووە، لە ساڵانی دواتردا بەشداری لە چەندین ڕێکخراو و بزووتنەوەی سیاسی کوردیدا کردووە و ڕۆڵی لە دامەزراندنی پارتی دیموکراتی کوردستاندا هەبووە، لە ساڵی ١٩٦٠ لە کۆنگرەی ٥ی حیزبی دیموکراتی کوردستان وەک یەکەم ژن هەڵبژێردرا، کە پەیوەندی بە کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی دیموکراتی کوردستان کرد، لەگەڵیدا یەکێک بوو لە دامەزرێنەران و سەرکردەکانی یەکێتی ژنانی کوردستان، بەهۆی چالاکییە سیاسییەکانییەوە زۆرجار دەربەدەر دەکرا و ناچار بوو کۆچ بکات بۆ دەرەوەی وڵات، بە پێنووسەکەی لە چالاکی کۆمەڵایەتیدا بەشدار بوو، لە ڕۆژنامە و گۆڤارە کوردییەکان بە ناوی "کەچە کورد"، "ن.س" "دایکا ڕۆژ" نووسیویەتی.

 

ناهیدە لە ٢٨ی تشرینی دووەمی ٢٠٠٦ لە شاری هەولێر کۆچی دوایی کرد و لە تەنیشت باوکی لە گردی سیروان لە سلێمانی بە خاک سپێردرا.

 

ناهیدە شێخ سەلام یەکێکە لەو ژنە کوردانەی کە بە پێگەیاندنی منداڵان دەستی پێکرد و لە سیاسەتی کوردیدا ڕێگەی بۆ ژنان خۆش کرد و لە ڕێگەی نوسین و ڕێکخستنەوە درێژەی بە دەنگی خۆی دا، ناهیدە کە منداڵی لە قوتابخانە پەروەردە کرد، دواتر گەیشتە ئاستێک کە ژنانیش دەنگیان لە ناوەندی سیاسەتی کوردیدا هەبوو.