لوسی ستۆن... ئەو ژنەی کە سەرپێچی لە ڕێکەوتننامەکان کرد و بۆ بەرگریکردن لە ناسنامەکەی خۆی بە ناوەکەیەوە چەسپاند
لوسی ستۆن ژیانی خۆی تەرخان کرد بۆ داکۆکیکردن لە مافەکانی ژنان و یەکسانی، مێژوو وەک یەکەم ژنی ئەمریکی ناوی تۆمار کرد کە ڕەتیکردەوە دوای هاوسەرگیری دەستبەرداری ناوی بنەماڵەکەی بێت، تا ببێتە سیمبولێک بۆ خەبات لە پێناو ناسنامەی ژن، سەربەخۆیی و مافەکانی
ناوەندی هەواڵ
ژیانی لوسی ستۆن وەرچەرخانێکی گرنگ بوو لە مێژووی خەبات لە پێناو مافەکانی ژناندا، چونکە بوو بە سیمبولی ڕێگایەکی درێژخایەنی داکۆکیکردن لە ناسنامەی ژنان و مافی یەکسانی و سەربەخۆییان.
لە ڕێگەی ئەزموونی کەسیی خۆیەوە، باسی لە ڕاستی ژنان لە سەدەی ١٩هەمدا کرد بە وتارێک کە بوونە یەکێک لە بەناوبانگترین ئەو وتارەی لێیەوە گواستراونەتەوە، کاتێک وتی: تەنها یەک تەمەن بەس نییە بۆ لەناوبردنی ئەو بەربەستانەی ڕێگرن لەبەردەم پاراستنی ناسنامەی ژنی هاوژیندار، ئەم وشانە تەنها هەڵوێستێکی تیۆری نەبوون، بەڵکو ڕەنگدانەوەی ئەو ڕاستیە بوون کە تێیدا دەژیا و بەدرێژایی ژیانی خەباتی بۆ دەکرد.
کاتێک لە ساڵی ١٨٥٥ لەگەڵ هێنری براون بلاکویل هاوسەرگیری کرد، هەردووکیان پێداگربوون لەسەر ئەوەی هاوسەرگیرییەکەیان بەرجەستەکردنێکی پراکتیکی ئەو بنەمایانەی یەکسانی بێت کە بڕوایان پێیبوو، پێش تەواوبوونی هاوسەرگیرییەکە، هێنری براون بلاکویل ڕایگەیاند، کە ئەو مافی تایبەت بەکارناهێنێت کە یاساکان بەسەر حسابی هاوژینەکەیدا بە پیاویان دەبەخشی، هەروەها پەیوەندییەکەیان لەسەر بنەمای هاوبەشی تەواو و ڕێزی هاوبەش دەبێت.
هەڵوێستیان تەنها لەمەدا نەوەستا، لە هەنگاوێکی نائاساییدا بۆ ئەو سەردەمە، وشەی "گوێڕایەڵی"یان لە ڕێوڕەسمی ڕێککەوتنی هاوسەرگیرییەکەیان سڕییەوە، پاشان ڕاگەیانداوێکیان بڵاوکردەوە و تێیدا ڕەخنەیان لە یاساکانی هاوسەرگیری گرت کە ژنیان دەخستە ژێر سەرپەرشتی یاسایی هاوژینەکەیەوە، جەختیان لەوە کردەوە، کە هاوسەرگیری دەبێت پەیوەندییەک بێت لەسەر بنەمای یەکسانی نەک باڵادەستی.
ڕووبەڕوبوونەوەی جیاکاری لە ساڵانی سەرەتای تەمەنییەوە دەستی پێکرد
لوسی ستۆن لە ١٣ی ئابی ساڵی ١٨١٨ لە پارێزگای ماساچوسیتس لەدایکبوو، هەشتەمین منداڵ بوو لەنێوان نۆ خوشک و برادا، لە ماڵێکدا کە باوک تێیدا دەسەڵاتی ڕەهای خۆی دەسەپاند، چاوی بەڕووی ڕاستیەک هەڵێنا کە جیاکاری لە نێوان ژن و پیاودا دەکرد، لە منداڵییەوە درکی بەوە کردبوو کە براکانی لە ماف و دەرفەتگەلێک بەهرەمەندن، کە تەنها لەبەر ئەوەی ئەو منداڵێکی کچە لێی بێبەش کراوە، جیاکاری لە پەروەردەدا یەکێک بوو لە یەکەمین وێنەکانی ئەو ستەمەی کە ڕووبەڕووی بووەوە، ئەمەش لە تەمەنێکی بچووکەوە هەستێکی قووڵی لە دەروونیدا چەسپاندا کە پێویستە بەرەنگاری نایەکسانی ببێتەوە.
بە ئیرادەی خۆیەوە ڕێگەی خۆی بۆ زانکۆ کردەوە
خەونی چوونە زانکۆی لەلایەن خێزانەکەیەوە پێشوازی لێنەکرا، ئەوان هیوای ئەو کچەیان بە ڕاستی وەرنەگرت و هیچ پاڵپشتییەکیان پێشکەش نەکرد، بەڵام ئەمە وای لێنەکرد کە پاشگەز بێتەوە لە ئامانجەکەی، دوای تەواوکردنی خوێندنی ئامادەیی، نۆ ساڵ بەبێ ماندوبوون کاری کرد بۆ دابینکردنی خەرجییەکانی خوێندنی، تا توانی لە تەمەنی ٢٥ ساڵیدا بچێتە "کۆلێژی ئۆبەرلین"، کە یەکێک بوو لەو دەگمەن دامەزراوە پەروەردەییانەی ئەو سەردەمە کە دەرگاکانی بەڕووی ژنان و خوێندکارانی ڕەنگە جیاوازەکانی کردبووەوە، تەنانەت دوای وەرگرتنیشی، بەردەوام بوو لە کارکردن لە چەندین کاری جیاوازدا بۆ دابینکردنی تێچووی خوێندن و بژێوی ژیانی.
کاتێک لە ساڵی ١٨٤٧ کاتی دەرچوونی هات، داوای لێکرا وتاری ئاهەنگی دەرچوون ئامادە بکات، بەڵام نەریتە باوەکان ڕێگرییان لە ژنان دەکرد لەبەردەم کۆمەڵگەدا بوەستن و وتار پێشکەش بکەن، لوسی ستۆن ڕەتیکردەوە، کە کەسێکی دیکە لەبری ئەو وتارەکەی بخوێنێتەوە، ئەمەی بە درێژکراوەی ئەو جیاکارییە دانا کە خەباتی لە پێناودا دەکرد، بۆیە وەک ناڕەزایەتییەک بەرامبەر بەم دوورخستنەوەیە بڕیاریدا هیچ وتارێک نەنووسێت، بەم شێوەیەش بوو بە یەکەم ژن لە پارێزگای ماساچوسیتس کە بڕوانامەی زانکۆ بەدەستبهێنێت.
هەرچەندە دادپەروەری دواکەوت، ون نەبوو. دوای ٣٦ ساڵ، لوسی ستۆن گەڕایەوە بۆ کۆلێژی ئۆبەرلین، ئەمجارەیان وەک میوانی تایبەت و یەکێک لە دیارترین داکۆکیکارانی مافەکان، لە پەنجایەمین ساڵیادی دامەزراندنی کۆلێژەکەدا، چووە سەر هەمان ئەو سەکۆیەی کە لە ڕۆژی دەرچوونیدا لێی بێبەش کرابوو، بۆ ئەوەی دواجار وتارەکەی پێشکەش بکات، لە دیمەنێکدا کە سەرکەوتنی پێداگری بەسەر ئەو کۆتوبەندانەدا بەرجەستە کرد کە هەوڵی خنکاندنی دەنگیان دەدا.
ئەو ژنە بە ناوەکەیەوە چەسپاوە و ڕەتیکردەوە دەستبەرداری ناسنامەکەی بێت
کاتێک لە ساڵی ١٨٧٩ لە پارێزگای ماساچوسیتس مافێکی سنوورداری دەنگدان بە ژنان بەخشرا، وەک هەنگاوێک بەرەو پێشەوە دەرکەوت، بەڵام ئەم مافە بە مەرجێک هات کە ژنی هاوژیندار دەبێت بە فەرمی بە ناوی بنەماڵەی هاوژینەکەیەوە ناوی خۆی تۆمار بکات، بۆ لوسی ستۆن، ئەم مەرجە تەنها ڕێکارێکی یاسایی نەبوو، بەڵکو نکۆڵیکردن بوو لە ناسنامەی کەسیی، بۆیە بێ هیچ دوودڵییەک ڕەتی کردەوە، پێداگربوو لەسەر پاراستنی ئەو ناوەی کە بە درێژایی ژیانی پێی ژیا بوو و پێی دەناسرا.
پابەندبوونی بەم هەڵوێستە باجێکی زۆری هەبوو، هەندێک لە مامەڵە فەرمییەکانی ڕەتکرانەوە، واژوەکانی زیاتر لە جارێکدا پووچەڵکرانەوە، چونکە ڕەتیکردەوە ناوی هاوژینەکەی بەکاربهێنێت، سەرەڕای ئەوەش پاشەکشەی نەکرد و نە بەدوای سازاندا گەڕا، بەڵکو بەردەوام بوو لە بەرگریکردن لە مافی خۆی کە ناوی خۆی بهێڵێتەوە، پێیوابوو نابێت ناسنامەی ژن لە کاتی هاوسەرگیریدا هەڵبوەشێتەوە.
ئەم بنەمایەی لە وردەکارییەکانی ژیانی ڕۆژانەیدا بەرجەستە دەکرد، تەنانەت لە تۆماری هۆتێلەکانیشدا واژووی دەکرد، کە "لوسی ستۆن، هاوژینی هێنری بلاکویل"، لە پەیامێکی ڕووندا کە هاوسەرگیری هاوبەشی نێوان دوو کەسی یەکسانە، نەک پەیوەندییەک کە تێیدا ناسنامەی یەکێکیان لە بەرژەوەندی ئەویتردا بسڕێتەوە.
ئەم باوەڕە پتەوەی خۆی لەم وتەیەدا کورتکردەوە: من ئەم ناوەم بۆ ماوەی ٦٠ ساڵ هەڵگرتووە، ئەمە ناوی منە: لوسی ستۆن، ئەگەر خەڵک مافی ئەوەیان هەبێت ئەو شتە بپارێزن کە بە درێژایی ژیانیان ڕاهاتوون لەسەری، ئەوا منیش مافی خۆمە ئەو ناوە بپارێزم کە ٦٠ ساڵە هەڵمگرتووە.
ژیانێک تەرخانکراو بۆ داکۆکیکردن لە ئازادی و یەکسانی
شەڕی لوسی ستۆن تەنها لە پرسی ناوەکەی یان مافی ژناندا قەتیس نەبوو، بەڵکو بەشێک بوو لە پڕۆژەیەکی فراوانتر بۆ داکۆکیکردن لە کەرامەتی مرۆڤ، ئەو بە شێوەیەکی کاریگەر بەشداری لە بزووتنەوەی دژە کۆیلایەتیدا کرد، پەیوەندی بە کۆمەڵەی دژە کۆیلایەتییەوە کرد، بە ناوچە جیاوازەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکادا گەڕا،وتاری بۆ کۆمەڵگە پێشکەش دەکرد و داوای مافی ژنانی دەکرد لە دەنگدان، پەروەردە و یەکسانی لەبەردەم یاسادا، هەروەها بانگەشەکردنی بۆ کۆتایهێنان بە سیستەمی کۆیلایەتی.
تا دوا ڕۆژەکانی ژیانی لەم خەباتە بەردەوام بوو، بێ ئەوەی دەستبەرداری ئەو بنەمایانە بێت کە تەمەنی خۆی بۆ داکۆکیکردن لێیان تەرخان کردبوو، تەنانەت کۆچی دواییەکەشی مۆری سەربەخۆیی خۆی پێوەبوو، چونکە یەکێک بوو لە یەکەمین ژنە ئەمریکییەکان کە وەسیەتیان کردبوو دوای مردنیان تەرمەکەیان بسووتێنرێت، لە بڕیارێکدا کە ڕەنگدانەوەی کەسایەتی ئازادی ئەو بوو کە ڕەتیکردەوە لە ژیان و لە مردنیشیدا خۆی ڕادەستی نەریتە باوەکان بکات.
سەرەڕای تێپەڕبوونی زیاتر لە سەدەیەک بەسەر کۆچی دواییدا، لوسی ستۆن هێشتا وەک یەکێک لە دیارترین ئەو دەنگانە بەبیر دەهێنرێتەوە کە داکۆکییان لە مافی ژنان کرد بۆ پاراستنی ناو، ناسنامە و کەرامەتیان، پەیامە مرۆییەکەی خۆشی لە دەستەواژەیەکدا کورتکردەوە کە بوو بە میراسێکی نەمر، کە وتی:جیهان بکەنە شوێنێکی باشتر.