ژنانی چالاکوانی ئەڵمانی: بەرژەوەندی پەدەکە و تورکیا هۆکاری ڕێگرییە لە شاندەکەمان

دوو چالاکوانی ئەڵمانی لە باشوری کوردستان "بیرتا مارین" و "ئانا شنایدا"، بۆچوونی خۆیان دەربارەی داگیرکارییەکانی تورکیا لە باشوری کوردستان دەربڕی و هەروەها باسیان لەو ڕێگرییانە کرد کە لەلایەن پەدەکەوە لێیان کراوە.

سلێمانی

 

شاندی نێونەتەوەیی ئاشتی و ئازادی بۆ کوردستان بڕیار بوو لە ئەڵمانیا، سویسرا، هۆڵەندا و چەند وڵاتێکی دیکەوە بێنە باشوری کوردستان و لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان کۆببنەوە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا و پشتوانی گەلی کورد، هەرزوو لە فرۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر بەشێکیان دەستبەسەر کران و دواتر گەڕێندرانەوە بۆ وڵاتی ئەڵمانیا، بەشێکی دیکەی شاندەکە لە هۆتێلێک لە شاری هەولێر دەستبەسەرکرابوون و دوێنێ هاتنە شاری سلێمانی و ئەمڕۆ کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیان بەست دەربارەی ڕێگرییەکانی لێیان کرا.

 

بێرتا مارین خەڵکی وڵاتی ئەڵمانیایە و ئەندامی ڕێکخراوێکی فێمینیستی ئەو وڵاتەیە، ئانا شنایدا، ئەندازیاری ژینگەیە و ئەندامی گروپی سیاسی شارە جیاوازەکانە لە وڵاتی ئەڵمانیا، دەربارەی داگیرکارییەکانی تورکیا بۆ سەر خاکی باشووری کوردستان و ئەو ڕێگرییانەی لە کوردستان ڕووبەڕووی بوونەوە بەم شێوازە وەڵامی پرسیارەکانی ئاژانسی ژنهایان دایەوە.

 

- هۆکاری هاتنتان بۆ کوردستان چییە؟

بێرتا مارتین وتی: "ئێمە هاتووین بۆ باشووری کوردستان بۆ ئەوەی لەگەڵ خەڵکی کوردستان بین، دڵنیاییان بدەینێ کە ئەوان تەنها نین، لەگەڵیاندا دژی داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورکیا بوەستینەوە و هاوسۆزی خۆمان بۆ کوردان دەرببرین و بە چاو و دڵمان هەستی پێبکەین.

هەروەها ئانا شنایدا ئاماژەی بەوەدا: "چەندین ڕاپۆرت هەبوو دەربارەی ڕاستی داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورکیا کە لە سنورەکانی کوردستان ئەنجامی دەدات، بە پێویستمان زانی لە نزیکەوە هەستی پێبکەین و گفتوگۆ بکەین لەگەڵ کەسایەتییە کاریگەرەکان کە نێوەندگیری دەکەن لە نێوان لایەنە سیاسییە کوردییەکاندا.

 

- هۆکاری ڕێگریکردنی پارتی دیموکراتی کوردستان-پەدەکە لە شاندەکەتان چی بوو؟

بیرتا ئاماژەی بەوەدا: "ڕەنگە باشتر بێت ئەو پرسیارە لە خۆیان بکرێت چونکە بۆ ئێمە جێی سەرسوڕمان بوو، لەکاتێکدا پاشگری "دیموکراتی" نازناوی پارتە سیاسییەکەیانە پێمان وابوو دیموکراتخوازن و ڕێگە بە گفتوگۆ و دیالۆگی ئاشتیخوازی دەدەن، وەک میوانێک پێشوازیمان لێدەکەن، بەڵام بە جۆرێکی تر مامەڵەیان لەگەڵ کردین و ڕیگریان لێکردین، بەڵام بێگومان ئێمە قبوڵمان نەکردووە و هێشتا لێرەین، دەربارەی هۆکاری مامەڵەکردنەکەیان پێم وایە ئەو پرسیارە ئاڕاستەی پەدەکە بکرێت باشترە.

 

بیرتا بەم شێوەیە بۆچوونی خۆی دەربارەی ڕیگرییەکەی پەدەکە دەربڕی: "بە بۆچوونی من  بەرژەورندییە ئابوورییەکان، هەروەها لایەنی بەرگریکار و ئەو لایەنانەی گرژی لە نێوانیاندایە هۆکارن بۆ ڕیگری کردن لە ئێمە، ئێمەش هاتوین تا دژی داگیرکارییەکانی تورکیا بوەستینەوە و کێشەی ناوخۆیی کوردەکان نەهێڵین، ئەمانە هۆکاری هاتنی ئێمەن بۆ کوردستان، چونکە لە ئێستادا پەدەکە تەنها لایەنی سیاسییە کە بەرگری لە هێرشەکان دەکات".

 

ئانا'ش بەم شێوازە بۆچوونی خۆی وت: "پێم وایە ئەم ڕێگرییە هەمان سیاسەتە کە ئەڵمانیاش ڕێگری دەکات لە هاتنی هاوڵاتیانی بۆ کوردستان و وەستانەوە لەگەڵ کوردەکان دژی داگیرکارییەکان، لەبەرئەوەی وڵاتی ئەڵمانیا و تورکیا ئەندامی ناتۆن و بەرژەوەندی سیاسی و ئابووریان لە نێوانیاندا هەیە، حکومەتی ئەڵمانیا لە ڕاگەیاندنێکدا بە ڕوونی ڕایگەیاندووە نایەوێت بە پشتگیریکردنی کوردەکان پەیوەندییەکانی لەگەڵ وڵاتی تورکیا  بخاتە مەترسییەوە، بەهۆی ئەندامبوونی هەردوو وڵات لە ناتۆدا.

 

-بۆچی وڵاتان و هێزە نێودەوڵەتییەکان پشتگیری لە کوردەکان ناکەن؟

ئانا باسی لەوەکرد: "پێم وایە لە ڕابردوودا وڵاتانی نێودەوڵەتی پشتگیری کوردیان کردووە وەک کاتی شەڕی داعش، ئەمە شتێکی باشبوو، بەڵام ئێستا وڵاتان بەهۆی ئاڵوگۆڕکردنی بەرژەوەندییە ئابووری و سیاسییەکانەوە، هەروەها چەندین پەیوەندی وەک: کارگەکانی دروستکردنی چەک لە وڵاتی ئەڵمانیایە و دەیفرۆشێت بە وڵاتی تورکیا، بێگومان ئەمە هۆکارێکی گەورەیە و وڵاتی ئەڵمانیا هەوڵی شاردنەوەی دەدات و شتێک نیە بۆ ڕای گشتی باسی لێوە بکات، چەندین کەس لەناو ڕێکخراوەکاندا هەوڵ دەدەن لەم بارەیەوە بنووسن، بەڵام حوکمەت دەیشارێتەوە و هەوڵی کپکردنەوەی دەدات، هەموو ئەمانەش هۆکارن بۆ پشتیوانی نەکردنی کوردەکان.

 

بیرتا لە قسەکانیدا باسی لە پێگەی جیۆستراتیژی کرد و وتی: " تورکیا پێگەیەکی جیۆستراتیژی هەیە لە نێوان ئەوروپا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، شوێن ئامانجەکانی کەوتووە بە فشار خستنە سەر وڵاتانی ئەوروپی و وڵاتانی ناتۆ، ئێمە لەبەر ئەو هۆکارە لێرەین و زۆر ڕوونە کە نابێت هیچ هۆکارێکی جیۆستراتیجی و بەرژەوەندی ئابووری ببێتە هۆی پەردەپۆشکردن و  پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ، مرۆڤایەتی و مرۆڤ بوون لە پێش هەموو شتێکەوەیە.

 

ت.پ