ئارژین دیلەك ئۆنجەل
ڕەحا- تەڤگەری ژنانی ئازاد "تەژەئا" کە چەتری ڕێکخراوەیی ژنانی کوردە لە شارەکانی باکووری کوردستان و تورکیا، لە ٢٠ی تشرینی دووەمی ٢٠١٦ـەوە درێژە بە خەباتەکەی دەدات لە ڕووبەڕووبوونەوەی جیاکاریی ڕەگەزی و بەسەربازیکردن و قۆستنەوەی کار و توندوتیژی بە هەموو شێوەکانیەوە، لەپێناو بەرگریکردن لە ئازادیی ژن و هەوڵدان بۆ دۆزینەوەی ڕێگەچارەکان.
بەڵام خەباتی ڕێکخراوی ژنانی کورد دەگەڕێتەوە بۆ دەیان ساڵی پێشووتر، کە بە شێوەیەکی بەرچاوتر لە هەشتاکان و نەوەدەکانی سەدەی ڕابردوودا دەرکەوت، لە سایەی سووتاندن و چۆڵکردنی گوندەکان، ئەشکەنجەدانی سێکسی لە کاتی دەستبەسەرکردندا، تاوانەکانی کوشتنی بکەرنادیار، کە وایکرد ژنان بە شێوەیەکی کارا بچنە ناو خەباتی مافی مرۆڤ و سیاسییەوە.
ئەم خەباتە درێژبووەوە بۆ بونیادنانی هاوپەیمانی لەگەڵ بزووتنەوەکانی ژنانی تورکیا و لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی، ڕێکخستنی چالاکیی هاوبەش بۆ بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیی دەوڵەتی پیاوسالاری و بەرگریکردن لە چارەسەرکردنی پرسی کورد.
لە ساڵی ٢٠٠٣دا، تەڤگەری ژنانی دیموکراتی ئازاد (DÖKH) وەک یەکەمین چوارچێوەی گشتگیری تەڤگەری ژنانی کورد دامەزرا، دواتر کۆنگرەی ژنانی ئازاد لە ساڵی ٢٠١٥دا دامەزرا، دوای داخستنی بە بڕیارنامەیەکی یاسایی لە میانی باری نائاساییدا کە دوای هەوڵی کودەتاکەی تورکیا لە ساڵی ٢٠١٦ هات، ژنان درێژەیان بە خەباتەکەیان دا لەژێر چەتری تەڤگەری ژنانی ئازاد (تەژەئا)دا.
"تەژەئا لە ڕووبەڕووبوونەوەی سەپاندنی سیستمی دەوڵەتی پیاوسالاریدا دەرکەوت"
بە بۆنەی دەیەمین ساڵیادی دامەزراندنی تەڤگەرەکەوە، باشاک ساردال، وتەبێژی تەڤگەرەکە لە ڕەها، کاروانی خەباتی ژنانی کورد و دیارترین وێستگەکانی و تێڕوانینەکانی بۆ قۆناغی داهاتوو خستە ڕوو.
باشاک ساری دال ئاماژەی بەوەشکرد، کە خەباتی ژنان لە شەستەکان و حەفتاکانی سەدەی ڕابردوودا بوونی هەبوو، بەڵام لەگەڵ هەشتاکان و نەوەدەکانی سەدەی ڕابردوودا، هاوکات لەگەڵ گەشەسەندنی هۆشیاریی کۆمەڵایەتی و نەتەوەیی، ئەم خەباتە گۆڕا بۆ ڕێبازێکی ڕێکخراوەیی، هەروەها لەو کاتەدا پێویستییەک بۆ چوارچێوەیەکی ڕێکخراوەیی گشتگیر بۆ ژنان دەرکەوت.
وتیشیی: پێش دەرکەوتنی تەڤگەری ژنانی ئازاد، خەباتی ژنان زەمینەیەکی هەبوو بە ناوی جیاواز و لە قۆناغە زەمەنییە جیاوازەکاندا، بەڵام گۆڕانی بۆ شێوەیەکی ڕێکخراوتر، وەرگرتنی سیمایەکی دامەزراوەیی و کۆمەڵایەتی، فراوانبوونی هێڵی خەبات بۆ ئەوەی بوارە جیاوازەکان بگرێتەوە، هەموو ئەمانە لەگەڵ تەڤگەری ژنانی ئازاددا بەدیهاتن.
سەبارەت بە هۆکارە ڕەگ و ڕیشەییەکانی پرسی کوردیش وتی: ئەوەی لە قۆناغی پێش کودەتای ١٢ی ئەیلوول و دوای ئەویشدا ڕوویدا، لە ئەشکەنجەدان لە زیندانەکاندا، نکۆڵیکردن لە ناسنامە، کردەوەکانی قڕکردن، و چۆڵکردنی گوندەکان، ڕووبەڕووبوونەوەی ژنان بە گێچەڵپێکردن و دەستدرێژیی سێکسی لە کاتی چۆڵکردنی گوندەکاندا، سەرەڕای ڕووبەڕووبوونەوەیان بە شێوە جیاوازەکانی توندوتیژیی جەستەیی و دەروونی و ئابووری، هەموو ئەمانە پێویستیی خەبات لەپێناو ناسنامە و خەبات لەپێناو مافەکانی ژنانی دروست کرد، تەڤگەری ژنانی ئازاد لە ئەنجامی ڕووبەڕووبوونەوەی نکۆڵیکردن و قڕکردن و ڕەتکردنەوەی ناسنامەی ژنانە، هەروەها لە ڕووبەڕووبوونەوەی سەپاندنی سیستمی دەوڵەتی بونیادنراو لەسەر باڵادەستیی پیاو بەسەر خودی خۆیدا، دەرکەوت.
"پارتە سیاسییە کوردییەکان ڕۆڵێکی کاریگەریان لە خەباتی ژناندا هەیە"
باشاک ساردال ئاماژەی بەوەشکرد، کە پارتە سیاسییە کوردییەکان بەشداربوون لە یەکخستنی ژنان لە چوارچێوەی خەباتەکەیاندا لەپێناو ئازادی، و ڕێگایان خۆشکرد لەبەردەم ڕێکخستنی ڕیزەکانیان.
ڕوونیکردەوە، کە خەباتی ژنان تەنها لە پاڵپشتیکردنی خەباتی نەتەوەیی یان تێکۆشانی چەکداریدا قەتیس نەبوو، بەڵکو ئامانج لێی بەهێزکردنی ژنیش بوو بۆ ئەوەی ببێتە کارەکتەرێکی سەرەکی لە ژیانی سیاسیدا، لە ڕێگەی بەشداریکردن لە بڕیاردان و ئاڕاستەکردنی سیاسەتەکان و دانانی دیدگاکانەوە، هەروەها گەیشتن بەم قۆناغە پێویستی بە قوربانیدانی گەورە هەبوو، لە سایەی بەردەوامیی دەستگیرکردنی ژنان و لەدەستدانی ژیانی هەندێکی دیکەیان لە میانی خەباتدا.
جەختی لەوە کردەوە، کە هەوڵەکانی ژنان لە بوارە جیاوازەکاندا بەشداربوو لە پەسەندکردنی سیستمی کۆتای ژنان، کە ڕێژەکەی وردە وردە لە ٢٥ـەوە بەرزبووەوە بۆ ٣٥ و پاشان ٤٠٪، تا گەیشتە پەیڕەوکردنی سیستمی هاوسەرۆکایەتی لە پارتی کۆمەڵگەی دیموکراتیک (DTP)، لە ساڵی ٢٠٠٩دا، بنەمای نوێنەرایەتیی یەکسان ڕێگەی بە ژنان دا ببنە کارەکتەری سەرەکی لە ژیانی سیاسیدا، چەسپاندنی نموونەیەکی کارگێڕیی بەنیادنراو لەسەر دیموکراتیکی بەشداریکردن لە ڕووبەڕووبوونەوەی عەقڵییەتی تاکڕەوانەدا.
جەختی لەوە کردەوە، کە بیرۆکە و هەڵسەنگاندنەکانی ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان ڕۆڵێکی گرنگیان لەم ڕێڕەوەدا هەبووە، وتی: گواستنەوەی ژن لە پێگەی ئامادەبوون لە گفتوگۆ کۆمەڵایەتییەکاندا بۆ پێگەی کارەکتەر و کاریگەر لە سیاسەتدا، وێستگەیەکی سەرەکیی لە کاروانی خەباتی ڕێکخراوی ژناندا پێکهێناوە.
"دەیانویست نوێنەرایەتیی یەکسان مەیدانی ڕاستی بەرجەستە بکەن"
ئاماژەی بەوەشکرد، کە ژنان لە کوردستان لە نەوەدەکانی سەدەی ڕابردووەوە ڕووبەڕووی مەترسیی هەڕەشە و دەستدرێژیی سێکسی و کوشتن بوونەتەوە، کە مەترسیگەلێکن چیتر تەنها لە کوردستاندا قەتیس نەماون، بەڵکو ژنان لە ناوچە جیاجیاکانیشدا دەگرنەوە.
جەختی لەوە کردەوە، کە دامەزراندنی تەڤگەری ژنانی ئازاد بۆ درێژەدان بە خەباتی نەتەوەیی و خەباتی ئازادیی ژن هات لە ڕووبەڕووبوونەوەی سیاسەتەکانی سیستمی باڵادەستیی دەوڵەتی پیاوسالاریدا، وتی: تەڤگەریەک ڕەگ و ڕیشەی خۆی لە میراسێکی مێژووییەوە وەردەگرێت، ڕیزەکانی خۆی بە جۆرێک ڕێکدەخاتەوە کە لەگەڵ پێداویستییەکانی کۆمەڵگەدا بگونجێت، چونکە ئەو تەنها ڕوو لە توێژێکی دیاریکراوی ژنان ناکات، بەڵکو لە باوەڕبوون بە توانای ژن بۆ گۆڕانکاری و وەرچەرخانەوە سەرچاوە دەگرێت، هەوڵ دەدات زەمینەیەکی هاوبەش بونیاد بنێت کە ژنان لە توێژ و ناوچە جیاوازەکانەوە کۆبکاتەوە.
"ئامانجمان گۆڕینی بیرکردنەوەی کۆمەڵگەیە"
باشاک ساردال ڕوونیکردەوە، کە تەڤگەری ژنانی کورد ئەرکی گۆڕینی کۆمەڵگە و یارمەتیدانی بۆ گەڕانەوە بۆ پێکهاتە خۆییەکەی خۆی گرتووەتە ئەستۆ، جەختی لە گرنگیی تایبەتی ئەو وۆرکشۆپانە کردەوە کە پیاوان تێیدا بەشدارن.
هۆکارەکانی گرنگیدانیان بە "وۆرکشۆپەکانی پیاوان"ی شیکردەوە و وتی: باوەڕمان وایە کە ئیرادەی چارەسەرکردنی کێشە هەنووکەییەکان ناکرێت تەنها لە خەباتی ڕێکخراوی ژناندا بە تەنها قەتیس بکرێت، چونکە ڕاستیەکی کۆمەڵایەتیش هەیە کە ڕۆژانە خۆی ڕێکدەخاتەوە و فراوان دەبێت و گەشە دەکات، بە هەمان شێوە پشت بە توندوتیژیی دەوڵەتی پیاوسالاری دەبەستێت، لەبەرئەوە گۆڕینی کۆمەڵگە و وەرچەرخانی لە کرۆکی کارە لەپێشینەکانماندا دادەنێین، چونکە ڕزگاربوون پرسێک نییە تەنها تایبەت بێت بە ژنان بە تەنها، بەڵکو پیاوانیش ڕووبەڕووی کێشە دەبنەوە لە بەدیهێنانی ڕزگاربوونی خۆیاندا، ئەگەر ئێمە گۆڕانکاری و وەرچەرخان وەک ئامانجێکی سەرەکی نەگرینەبەر، ناتوانین لە ڕێگەی دوورخستنەوەی هیچ توێژێکی کۆمەڵگەوە ئەوە بەدیبهێنین.
"دەوڵەت عەقڵییەتی پیاوسالاریی لە کۆمەڵگەدا چاندووە"
ئاماژەی بەوەش کرد، کە دەوڵەت بە درێژایی چەندین ساڵ کاری لەسەر چەسپاندنی عەقڵییەتی پیاوسالاری لە کۆمەڵگەدا کردووە، لە چوارچێوەی ڕێکخستنی وۆرکشۆپگەلێکدا کە ئامانجیان گۆڕین و وەرچەرخانی ئەم عەقڵییەتەیە، پیاوان لە سەرەتادا دەستیان کرد بە تێگەیشتن لەوەی کە توندوتیژی تەنها لە کردارە جەستەییەکاندا قەتیس نابێت، بەڵکو توندوتیژیی ئابووری و دەروونیش دەگرێتەوە، کە شێوەگەلێکن تەنها لەم دواییانەدا دانیان بە بوونیاندا نابوو، دەستیان کرد بە ئاڕاستەکردنی پرسیارگەلێک لە خۆیان لە چەشنی (ئایا ئەوەی ئێمە ئەنجاممان دەدا بە توندوتیژی دادەنرێت؟)، ورووژاندنی ئەم پرسیارانە گرنگ بوو، چونکە تێبینی دەکەین ئەو پیاوانەی بەشدارییان لەو وۆرکشۆپانەدا کردووە ئەمڕۆ زیاتر مەیلیان بەلای پێداچوونەوە بە خۆیان و لێپرسینەوە لە خۆیاندا هەیە.
وتیشی: ئەگەر ئێمە کێشەکە وەک کێشەیەکی عەقڵییەت پێناسە بکەین، ئەوا پێویستە لە پرۆسەی گۆڕانکاری و وەرچەرخاندا لە خودی عەقڵییەتەکەوە دەست پێبکەین. لەبەرئەمە، پێویستە وۆرکشۆپ و بەرنامەکانی پەروەردەی فیکری ڕێکبخرێن.، وۆرکشۆپەکانی پیاوان گرنگییەکی تایبەتیان بەدەستهێناوە، چونکە ڕێگە بە پیاوان دەدەن لێپرسینەوە لە خودی خۆیان و پێکهاتەی کۆمەڵایەتی بکەن، لەو بنەمایانە تێبگەن کە توندوتیژییان لەسەر بونیاد نراوە، ئەو هۆکارانەی کە پاڵیان پێوە دەنێن بۆ تێوەگلان تێیدا.
"بە هێزی خۆیی و ئیرادەی خۆیی، ئێستا سەردەمی ژنە"
باشاک ساردال ئاماژەی بەوەش کرد، کە ژنان پێشوازی لە ڕۆژی جیهانیی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان دەکەن، کە دەکاتە ٢٥ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٦، بە هێز و ڕێکخستنێکی زیاترەوە، بە دروشمی "بە هێزی خۆیی و ئیرادەی خۆیی، ئێستا سەردەمی ژنە".
ڕوونیکردەوە، کە هەڵبژاردنی ناوچەشاری سروج سەر بە شاری ڕەها بۆ دەستپێکردنی یەکەمین چالاکییەکانی ٢٥ی تشرینی دووەم، بە ئامانجی تیشکخستنە سەر ئەو تاوانانە بووە کە بەرامبەر بە ژنان لە ناوچەکەدا ئەنجام دەدرێن وتی: سروج ناوچەیەکە ژنانی سەر بە توێژە نەتەوەیی و کۆمەڵایەتییە جیاوازەکان تێیدا دەژین، عەرەب و کورد و تورکمان لەخۆدەگرێت، بەڵام ڕاستیەکی کۆمەڵایەتی هەیە کە لەسەر عەقڵییەتی دەرەبەگایەتیی چەسپاو پەروەردە بووە، لە ڕووبەڕووبوونەوەی ئەوەدا، کەمپەینەکەمان لە سروجەوە دەست پێکرد، لەم چوارچێوەیەشدا، شیکردنەوەیەکی ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجزلان هەیە کە وتی: هەرچەندە کێشەکە قووڵتر ببێتەوە، زیاتر لە قۆناغی پێگەیشتنی چارەسەر نزیک دەبێتەوە.
"پێویستە بگەڕێینەوە بۆ جەوهەری کێشەکە"
باشاک ساردال جەختی کردەوە کە ژنانی کورد لە ڕیزەکانی پێشەوەی خەباتدان لەپێناو سەرخستنی پرۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک وتی: ژنانی کورد لە ڕووی مێژووییەوە، وەک پێکهاتەیەک دەردەکەون کە هەمیشە یەکەمایەتی دەدات بە ئاشتی، و ڕیزەکانی خۆی لەپێناو بەدیهێنانیدا ڕێکدەخات.
لە ئاماژەیەکدا بۆ ئەو قۆناغەی پرۆسەکە پێی گەیشتووە، ڕوونیکردەوە، کە ئەو کێشە سەرەکییانەی بوونە هۆی سەرهەڵدانی پرسی کورد هێشتا وەک خۆیان ماون: تێکۆشانی چەکداری وەستاوە، بەڵام پێویستە هۆکارەکانی جەنگ لاببرێن، چونکە تێکۆشانی چەکداری ئەنجام بوو، پێویستە داوای لابردنی ئەو هۆکارانە بکەین کە بوونە هۆی ئەم ئەنجامە.
وتیشی: ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان وتەیەکیشی هەیە کە ”یەکەمین جەنگ لە نێوان دەوڵەتەکان یان نەتەوەکان یان چینەکاندا نەبوو، بەڵکو جەنگ بوو لە نێوان هەردوو ڕەگەزدا، لە نێوان ژن و پیاودا”، چونکە لەگەڵ باڵادەستیی پیاوان و سەرکوتکردنی ئیرادەی ژنان، تەواوی کۆمەڵگە خرایە ژێر باڵادەستییەوە، ئەگەر بمانەوێت دەرچەیەک بدۆزینەوە، پێویستە بگەڕێینەوە بۆ جەوهەری کێشەکە، لەو خاڵەوە دەست پێبکەین کە تێیدا شکستمان هێنان، لە یەکەم ڕۆژی دەستپێکردنی ئەم پرۆسەیەوە تا ئەمڕۆ، نیشانیان داوە کە چەندە دەستیان بە پرۆسەی ئاشتییەوە گرتووە، لە ڕێگەی ڕێپێوان و کۆبوونەوە و وۆرکشۆپ و چالاکییە جیاوازەکانەوە.




