تارا حسێن: تورکیا ئامانجی زیندووکردنەوەی دەسەڵاتی دەوڵەتی عوسمانییە

تارا حسێن، ئەوە دەخاتەڕوو کە دەوڵەتی تورکیا دەیەوێت درێژە بە پەیماننامەی لۆزان بدات، تا جارێکی دیکە دەوڵەتی عوسمانی زیندوو بکاتەوە، هەروەها تورکیا مێژوویەکی پڕ لە داگیرکاری بەرمبەر کورد هەیە، پەکەکە تەنها بیانوویەکە بۆ داگیرکارییەکانی.

 

شنیار بایز

سلێمانی-گەلی کورد لە مێژوویەکی کۆنەوە بەدەست داگیرکارییەکانی دەوڵەتانی زلهێز و دراوسێکانییەوە دەناڵێنێت، تورکیاوە یەکێکە لەو دەوڵەتانەی کە بەردەوام هەوڵی داگیرکردنی کوردستان دەدات، بە چەندین ڕێگای جیاوازی وەک کەلتوری، سەربازی، هونەری و ئابوری دەیەوێت داگیرکاری ئەنجامبدات، بۆ بە دەستهێنانی خواستەکانیشی دەیەوێت درێژە بە پەیماننامەی لۆزان بدات.

 

لە پەیماننامەی سیڤەردا کە لە نێوان دەوڵەتی عوسمانی و دەوڵەتانی زلهێزی سەرکەوتووی جەنگی جیهانی یەکەم لە ساڵی ١٩٢٠ ئەنجامدرا لە سێ بەنددا، باس لە کوردەکان دەکرا، بەپێی ئەم پەیماننامەیە بەشێک لە کوردەکان دەیانتوانی حوکمی خۆیان بکەن، نەک هەموو کوردستان، ئەمەش جارێکی دیکە پارچەبوونی کوردستان بوو، ئامانج لە واژۆ کردنی ئەو پەیماننامەیە بەرژەوەندی بەریتانیا بوو لە بوونی نەوت لە ویلایەتی موسڵ، لە پەیماننامەی لۆزانیشدا کوردستان کرایە چوار پارچە و بە تەواوی لە یەکتر جیاکرایەوە.

 

پەیماننامەی لۆزان

تەنها دوو ساڵ ماوە بۆ یادی ١٠٠ ساڵەی پەیماننامەی لۆزان، کە لە ٢٤ی تەمووزی ١٩٢٣ لە شاری لۆزانی وڵاتی سویسرا لە نێوان وڵاتانی بەریتانیا، فەڕەنسا، ئیساڵیا، یابان، یۆنان، ڕۆمانیا، سربۆکراتیا، سلۆڤینیا ئەنجامدرا، لەم پەیماننامەیەدا دەوڵەتی تورکیای نوێ وەک کۆمارێکی دیموکراتی عەلمانی ناسێندرا، تاکە ئامانجی پەیماننامەی لۆزان ڕوخاندنی ئەو بەشە کەمینەیەی دەوڵەتی کوردی بوو کە لە پەیماننامەی سیڤەردا نەخشێنرا بوو.

چارەنوسی کورد لەم پەیماننامەیەدا لەناوبرا، دوای کەمتر لە دوو ساڵ لە واژۆکردنی پەیماننامەکە، شۆڕشی شێخ سەعیدی پیران لە ساڵی ١٩٢٥ و شۆڕشی ئاگری ١٩٣٠ هەڵگیرسا، جگە لەمانەش شۆڕشی سەید ڕەزای دێرسیم ١٩٣٧بۆ ١٩٣٨ دژ بە لۆزان هەڵگیرسا.

ئەمەش واتە، واژۆکردنی پەیماننامەی لۆزان بۆ هەڵوەشاندنەوە و لەناوبردنی پەیماننامەی سایکس بیکۆ ١٩١٦ و سیڤەری ١٩٢٠ بووە.

تارا حوسێن، جێگری هاوسەرۆکی تەڤگەری ئازادی کۆمەڵەی کوردستان لە چاوپێکەونێکی تایبەت بە ئاژانسی ژنهادا، باس لە هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا دەکات، کە ماوەی چەندین ساڵە درێژەی پێداوە و ئامانجی داگیرکردنی باشوری کوردستانە، لە ساڵی ١٩٨٢ بۆ ١٩٨٣ حکومەتی عێراق و تورکیا ڕێککەوتنامەیەکیان لە ئەنقەرە واژوو کردووە، بەپێی ئەو ڕێکەوتننامەیە لە پێناو پاراستنی خاکی خۆیان ئەو دوو دەوڵەتە دەتوانن چەند کیلۆمەترێک بێنە ناو سنوری خاکی یەکترەوە.

بەڵام سەرەڕای دامەزراندنی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ساڵی ١٩٩٢، دەوڵەتی تورکیا بەردەوام بنکە و بارەگای لە باشوری کوردستان زیادکردوو و بە جۆرەها شێوەی جیاواز کاریگەری لەسەر، کلتور، سیاسەت، تەندروستی، بازرگانی، سەربازی و  پەروەردەیی هەرێمی کوردستان هەبووە، بە ڕێگای جیاواز داگیرکاری ئەنجامدەدات، لەبەرامبەریشدا حکومەتی هەرێمی کوردستان بێدەنگە.

 

"دەسەڵاتی هەرێم دەیەوێت بیسەلمێنێ ئەو شەڕەی دەکرێت، شەڕی نێوان پارتی کرێکارانی کوردستان و دەوڵەتی تورکیایە"

لە دوای ساڵی ٢٠١٥وە تورکیا هەنگاوی زیاتری ناوە بۆ هاتنە ناووەوەی خاکی باشوری کوردستان تارا حوسێن لەم بارەیەوە دەڵێت "دەسەڵاتدارانی حکومەتی هەرێم و ڕاگەیاندنەکانیان دەیانەوێت هێرشەکانی تورکیا بکەنە شەڕی نێوان پارتی کرێکارانی کوردستان و دەوڵەتی تورکیا کە لە ڕاستیدا بەو جۆرە نییە".

ئەوە ڕوون دەکاتەوە، پێش دامەزراندنی پارتی کرێکارانی کوردستان تورکیا کێشەی لەگەڵ کورد و فەرهەنگی کوردیدا هەبووە، بۆیە ئەمە تەنها بیانووەیەکە و وەک بەشداریکردنێک وایە لەو هەوڵە داگیرکاریانەی دەوڵەتی تورکیا ئەنجامی دەدا.

 

"ڕیفراندۆم پلانگێڕی خودی ئەردۆغان بوو"

تارا ئاماژە بەوە دەکات ڕیفراندۆم ئەگەر چی پلانێکی خودی ئەردۆغان بوو، بەڵام دواجار تورکیا و عێراق بە هاوکاری یەکتر دژی ئەو پڕۆسەیە وەستانەوە، کەواتە دەتوانین بڵێین پارتی کرێکارانی کوردستان بوونەتە بەربەستێک لەبەردەم داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورکیا.

لە درێژەی قسەکانیدا دەڵێت "ئەو هێزەی حکومەتی هەرێم و حیزبە دەسەڵاتدارەکانی یەکێتی و پارتی لەو دۆخەی ئێستادا هێشتووەتەوە، پارتی کرێکارانی کوردستانە، وە پێویستە ئەوەش بزانن کە پلانی دووەمی دەوڵەتی تورکیا لە دوای وەستانەوەی بە ڕووی پارتی کرێکارانی کوردستان، وەستانەوەیە دژی حزبە دەسەڵاتدارەکانی هەرێمدا".

 

تورکیا هەوڵ بۆ گێڕانەوەی فەرمانڕەوایەتی دەوڵەتی عوسمانی دەدات

تارا حسێن، ئاماژە بۆ ئەوەش دەکات، ئەکەپە و مەهەپە دەیانەوێت لەڕێگای ئەم هەوڵە داگیرکاریانەوە دەسەڵاتی دەوڵەتی عوسمانی بگەڕێننەوە، چونکە ماوەیەکی کەم ماوە لە تەواوبوونی ڕێککەوتنامەی لۆزان.

تارا لە قسەکانیدا ئەوە ڕووندەکاتەوە، پێویستە هەموو لایەنێک ئەوە بزانن ئەو ئۆپەراسیۆنانەی لە سەرەتای ساڵای نەوەدەکانەوە تورکیا بەردەوام ئەنجامی دەدات، لەلایەن گەریلاکانەوە بەرپەرچ دەدرێتەوە،  تەنانەت وەزیری تورکیا دانی بەو ڕاستیەدا نا، شەڕکردن بەرامبەر پارتی کرێکارانی کوردستان و کورد قورسە و ناکرێت.

دوای تەواوبوونی پەیماننامەی لۆزان تورکیا ئامانجی چییە؟

تارا حوسێن پێی وایە دابەشکردنی کوردستان لە ڕێی پەیماننامەی لۆزانەوە تێگەیشتنێکی هەڵەیە، "پەیماننامەی لۆزان وەک جێگرەوەیەکی پەیماننامەی سیڤەر وایە"، ئەوە تورکیا دەیەوێت پێی بگا لە ڕێی پەیماننامەی لۆزانەوە گێڕانەوە دەسەڵاتی دەوڵەتی عوسمانییە.

لە قسەکانیشیدا ئاماژەی بەوە کرد پەیماننامەی سیڤەر هەموو مافەکانی کوردی تیادا دەستەبەر نەبووە، بەڵکو بەشێکی کەم لە مافەکانی کورد دەستەبەر بووە ئەویش تەنها بەشێکی باکووری کوردستانە.

وە دەڵێت "ئەگەر پەیماننامەی سیڤەر جێبەجێبکرایە، کوردستان دەبوو بە شەش بەشەوە، بەشێکی باکوری کوردستان دەچووە سەر ئەرمەنستان، بەشێکی بۆ تورکیای عوسمانی، بەشێک ئێران، ڕۆژئاوا و بەشێکیش ویلایەتی موسڵ". 

لە کۆتایشدا ئەوە ڕوون دەکاتەوە کە دەوڵەتی تورکیا هەمیشە لەگەڵ دەوڵەتە زلهێزەکاندان، بۆیە ئەگەر لە پەیماننامە و ڕێککەوتنێکدا باس لە مافی گەلی کورد کرابێت جگە لە تاکتیکێک هیچی دیکە نیە.