نیشتمان کەمال: یەکڕیزی لایەنەکان چەکێکە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی داگیرکاریەکان

نیشتمان کەمال، ئەندامی ئەنجومەنی گشتی حزبی زەحمەتکێشانی کوردستان لە دیمانەیەکیدا لەگەڵ ژنها باس لە داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورکیا و هەڵوێستی حزبی زەحمەتکێشانی کوردستان دەکات.

 

تەوار پێنجوێنی

هەولێر- هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا بە درێژایی مێژوو بۆ سەر کوردستان بەردەوامە، دواین ئۆپەراسیۆنی دەوڵەتی تورکیا بۆ سەر چیاکانی زاپ، مەتینا و ئاڤاشین و هەرێمی بادینان لە ٢٣ی نیسانی ئەمساڵدا دەستیپێکرد، ناڕەزایەتی هاوڵاتیان دژ بە هێرشەکان بەردەوامە، چەندین شاندیش وەک شاندی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان-کەنەکە و شاندی نێونەتەوەیی لە باشوری کوردستان هەوڵی پێکهێنانی بەرەیەکی نیشتمانی دژ بەداگیرکارییەکان دەدەن، ئەندامێکی ئەنجومەنی گشتی حزبی زەحمەتکێشانی کوردستانیش دەڵێن ئێمە ئامادەین دژ بە هەر هێرشێک بووەستینەوە.

 

نیشتمان کەمال، ئەندامی ئەنجومەنی گشتی حزبی زەحمەتکێشانی کوردستان لە دیمانەیەکیدا لەگەڵ ژنها دەربارەی هەڵوێستی باس لە داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورکیا و هەڵوێستی حزبی زەحمەتکێشانی کوردستان دەکات و دەڵێت: هەمیشە دژی داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورکیا بووین بۆ سەر کوردستان لەو پێناوەشدا هەر ئەرکێکی نەتەوەیش کەوتبێتە سەر حزبەکان بێ گوێدانە بەرژەوەندییەکان ڕامان پەڕاندووە و لەگەڵ لایەنەکانی دیکەشدا ئامادەی یەکڕیزی و بەرەنگاربوونەوەی هێرشەکانین.

 

"دەوڵەتی عێراق دان بە سەربەخۆیی هەرێمی کوردستاندا نانێت"

نیشتمان کەمال دەڵێت: چوار پارچەی کوردستان ڕووبەڕووی داگیرکاری دەبێتەوە بەپێی پارچەکەی جیاوازی هەیە، بەڵام دەبێت پاڵپشتی یەکتر و یەکڕیز بین و ڕێککەوتنمان هەبێت تا بتوانین بە یەکگرتنی پارچەکان بگەین و ڕووبەڕووی داگیرکارییەکان ببینەوە، باشوری کوردستان لەگەڵ ئەوەی خاوەن دیفاکتۆیەکە و سەربەخۆیە بەڵام بۆ جێبەجێکردنی دەستوری عێراق و دەسەڵاتدارانیش نەیانتوانیوە دان بەوەدا بنێن کە هەرێمێکە و خاوەنی بڕیاری خۆیەتی، بۆیە ئەمە مەترسییە بۆ سەر هەرێم، نمونەی ئەوەش تەعریب کردنی ئەم چەند ساڵەی دواییە کە لە پێشتردا بەم شێوەیە بەڕێوەنەبراوە، هەروەها ناکۆکی سیاسی و قەیرانەکانی ناوخۆش مەترسییەکن لەسەر کیانی هەرێم.

 

داگیرکارییەکانی تورکیا پێشێلی یاسا نێودەوڵەتییەکانە

دەربارەی هاوسنوری لەگەڵ وڵاتانی ئێران و تورکیا ئەو ئەندامەی ئەنجومەن ئاماژەی بەوەدا، بەو پێیەی لە یاسای نێودەوڵەتیدا هاتووە دەتوانرێت لەگەڵ وڵاتانی دراوسێدا مامەڵە بکرێت، هەرێمی کوردستان جگە لە عێراق لە بواری ئابوریدا پەیوەندی لەگەڵ ئێران و تورکیادا هەیە، بەڵام ئەوەی جێی داخە ئەو دەوڵەتانە لەگەڵ گەلی کورددا دوژمنکارانە مامەڵە دەکەن، یەکێک لەو دەوڵەتانە تورکیایە، جگە لەوەی دان بە نەتەوەی کورد لە وڵاتەکەیدا نانێت، هانی دەوڵەتانی دیکەش دەدات بە بیانوی لەناو بردنی هێزێکی کوردی داگیرکاری لە باشوری کوردستاندا دەکات، ئەم داگیرکارییەش بە بەرچاوی جیهان و یاسا نێودەوڵەتییەکانەوە دەکرێت کە ڕێگری لە هێرش بۆسەر دەوڵەتانی دراوسێ دەکات.

 

نیشتمان کەمال ئەوەی خستەڕوو کە دەوڵەتی عێراق نەیتوانیوە سەروەری خاکەکەی بپارێزیت و ڕێگری بکات لە هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا، هەرێـمی کوردستانیش بە تەنها ئەو هێزەی نییە کە ڕووبەڕووی لەشکری تورکیا ببێتەوە کە ئەندامی ناتۆیە، بەڵام دەتوانین وەکو کورد ڕێککەوتنی ناوخۆی بکەین و زیان بە بەرژەوەندییەکانی گەلی کورد و دەستکەوتەکانی نەدەین، لە چوارچێوەی هێزەکانماندا یەکتر بپارێزین و هیچ هێزێکی کوردی کە خەبات بۆ دۆزی کورد دەکات بە تیرۆریست بەناو نەکەین.

 

یەکڕیزیمان چەکێکە دژ بە داگیرکارییەکان

نیشتمان وتیشی: وەک هەرێمی کوردستان دەبێت ئەرک و بەرپرسیارێتی لەسەر شانیەتی جێبەجێی بکات و بە ڕێککەوتن لەگەڵ پارتە سیاسیەکانی چوار پارچەی کوردستان، کوردستان بپارێزین، چونکە ڕێککەوتنی هێزە کوردییەکان و یەکڕیزی پارتە سیاسییەکان چەکێکە بۆ ڕووبەڕوو بوونەوەی داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورکیا.

 

ت.پ