مانگرتنی زیندانیان، وەستانەوە لە دژی زوڵم و ستەم

زیاتر لە ساڵێکە بەنزیکەی ١٠٠ چالاکوان، ڕۆژنامەنووس و مامۆستا لە زیندانەکانی پەدەکەدا دەستگیرکراون بێ هەبوونی بەڵگەی یاسایی، هەندێکیان بە نهێنی دادگایی دەکرێن و سزا دەدرێن، زیاتر لە ٨٢ زیندانیش مانیان لە خواردن گرت و پەیامی زوڵم و ستەمی حکومڕانی کوردییان بۆ دەرەوەی زیندانەکان نارد.

 

تەوار پێنجوێنی

سلێمانی- مانگرتن، یەکێکە لەو چالاکیانەی کە کەسێک یان گروپێک لە دژی دەسەڵاتێکی سیاسی، حکومەتێک یان گروپ و پێکهاتەیەکی کۆمەڵگا ئەنجامی دەدات، چونکە پێی وایە پێشێلکاریی بەرامبەر مافە سیاسی، ناسنامەیی، کلتوری، جێندەرییەکان، یان هەر مافێکی دیکەی کراوە.

 

لە جیهاندا سێ جۆری سەرەکی مانگرتن هەیە، کە بریتین لە مانگرتنی کار، مانگرتن لە خواردن و مانگرتنی مردن، مێژووەکەشی بۆ هەزاران ساڵ پێش ئێستا دەگەڕێتەوە، یەکەم مانگری سیاسیش ناوی "نەرڤا" بوو لە سەردەمی ئیمپراتۆرییەتی ڕۆما و لە فەرمانڕەوایی ئیمپڕاتۆر تیبەرۆسدا مانی لەخواردن گرت، بە ئامانجی شەرمەزارکردنی سزای کوشتنەکان لە ئیمپراتۆرییەتەکەدا.

 

شێوازی پێکهێنان و ئاستی فیداکاری و کاریگەری تەندروستی و قورسایی سیاسی مانگرتنەکان جیاوازن، بە درێژایی مێژوو هەزاران زیندانی لە جیهاندا مانیان لە خواردن گرتووە، لەوانە مانگرتنی زیندانیانی ژن بۆ مافی سیاسەت و هەڵبژاردن لە زیندانەکانی ئینگلتەرا، ئانارشیستەکان لە ئەمریکا، میلیتانەکان لە ئیرلەندا، چەپەکان لە تورکیا، ئۆپۆزسیۆنەکان لە ڕوسیا و چالاکگەران لە ئێران.

کوردستان خاوەن مێژوویەکی پرشنگداری مانگرتنی زیندانیانە

کوردستانیش بەدەر نییە لە بەرخۆدانی زیندانیان و مانگرتنیان لەپێناو بەدەستهێنانی ماف و دۆزە ڕەواکەیان، لە باکوری کوردستان و بۆ پاراستنی دۆزی سیاسی کوردستان لە ساڵی ١٩٨٢دا و لە بەرامبەر سیستەمی ئەشکەنجەی تورکیا لە زیندانی ئامەد دەستیان بە مانگرتن لە خواردن تا مردن کرد، لە ئەنجامی ئەم مانگرتنەدا چوار لە شۆڕشگێرانی کورد بە ناوەکانی کەمال پیر، مەمەد خەیری دورموش، عەلی چیچەک و ئاکیف یڵماز دوای زیاتر لە ٧٠ رۆژ بەرخۆدان گیانیان لەدەست دا، ئەمە سەرەتایەک بوو بۆ بەرخۆدانی کوردانی باکوری کوردستان لە زیندانەکانی تورکیادا و تا ئێستاش ئەو بەرخۆدانییە لە دەست زۆڵم و ستەم بەردەوامە.

 

مێژووی مانگرتن لە باشوری کوردستان نوێیە، بە نزیکەیی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ١٩٩١ و مانگرتنی چالاکوانان لە بەردەم نوێنەرایەتیی ئەوکاتی نەتەوە یەکگرتووەکان دژ بە گەڕانەوەی ڕژێمی بەعس بۆ باشوری کوردستان.

ئەگەر باس لە ئێستاش بکەین، زیندووترین نمونەی بەرخۆدانیی بۆ مافە ڕەواکان و تێکۆشان لەپێناو ئازادیدا زیندانیانی بادینانن لە زیندانەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان-پەدەکەدا.

 

بەپێی ئامارێکی ڕێکخراوی سی پی تی نێودەوڵەتیی، لە ١٨ی ئابی ٢٠٢٠ەوە تاوەکو کانوونی دووەمی ئەمساڵ، ٧٦ چالاکوان و ڕۆژنامەنووس لە بادینان لەلایەن پەدەکەوە دەستگیرکراون، لەگەڵ ئەوەشدا لە دادگای نهێنیدا سزای زیندانی ٦-٨ ساڵ بەسەر چەند چالاکوانێکدا سەپێنراوە، لە مانگی ئابیشدا چوار کەس کە سیانیان خوار ١٨ ساڵن لە شیلادزێ دەستگیرکراون و کادرێکی یەکێتی نیشتمانی کوردستانیشی تێدایە.

لەناو دەستگیرکراوەکاندا ژنان هەن

لەگەڵ ئەوانەشدا لە ٥ی ئاب و ساڵیادی جینۆسایدی شەنگالدا، سێ ئەندامی ڕێکخراوی ژنانی ئازادی کوردستان لە بازگەی کەڵەک لە شاری هەولێر دەستگیرکران، دواتر دوو لە ژنەکان ئازادکران و تا ئێستا یەکێک لەو ژنانە بە ناوی "جوانا باقی" لە زینداندایە و هیچ زانیارییەک لە بارەیەوە نازانرێت.

 

ئامارێکی فەرمی لەبارەی ژمارەی زیندانیانی بادینان لەبەردەستدا نییە، بەڵام پێشبینی دەکرێت زیاتر لە ١٠٠ رۆژنامەنوس، چالاکوان، پێشمەرگەی دێرین، مامۆستا، دکتۆر، ئەندازیار و مامۆستای زانکۆ لەلایەن پەدەکەوە بە تۆمەتی سیخوڕ، تیرۆریست و هەوڵدان بۆ تێکدانی ئاسایشی هەرێمی کوردستان دەستگیرکراون و دادگایی دەکرێن.

 

لە ٦ی ئەیلولی ئەمساڵدا ٨٢ زیندانی بادینان کە ٧٧ کەسیان زیاتر لە ساڵێکە بێ دادگایی لە زیندانی ئاسایشی گشتی ھەولێر و چاکسازیی گەورانن، مانگرتنیان لە خواردن ڕاگەیاند و زیاتر لە ٢٥ ڕۆژ بەردەوام بوو، لە ڕێگەی پەیوەندیان لەگەڵ خێزانەکانیان ئاماژەیان بەوەدا کە هەندێکیان تەندروستیان باش نییە، یەکێک لەوانەش ئەیاز کەرەمی ڕۆژنامەنووسە، کە باری تەندروستی تێکچووە و لە ھۆش خۆی چووە، تیمی تەندروستیش بەھانایەوە ناچن.

"دەنگی ئازادیخواز لەناو سیستمی حکومڕانی کوردیدا کپ دەکرێت"

تارا حسێن، جێگری هاوسەرۆکی تەڤگەری ئازادی کۆمەڵگەی کوردستان، لەبارەی تێکۆشانی گەلی کوردەوە ئاماژەی بەوەدا کە کورد گەلێکە هەمیشە لەپێناو خاک، نیشتمان، نەتەوە و ئازادی تێکۆشاوە و مێژووی چوار پارچەی کوردستانیش پڕە لە بەرخۆدانی و بەگژداچوونەوەی ستەم و داگیرکاری.

 

هەروەها وتیشی: "ئێمە لە باشوری کوردستان دەژین، لەم پارچەیەی کوردستان ماڵ بە ماڵ و هاوڵاتیان هەموو قوربانی گەورەیان لەپێناو ئازادی و ڕزگاربوون لە دەستی ڕژێمی بەعسی پێشوو و هەبوونی ناسنامەیان داوە، بەڵام بە داخەوە کە دوای ٣٠ ساڵ سیستمی حکومڕانی کوردی و لەژێر دەستی پەدەکە بەهەموو شێوەیەک دەنگی ئازادیخواز کپ دەکرێن و چالاکوان و ڕۆژنامەنووسان زیندان دەکرێن و سیستمی دیکتاتۆری بەڕێوە دەچێت".

 

بەهۆی ناڕەزایەتی لە سیستمی حکومڕانی، نەبوونی خزمەتگوزاری لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستان و گەندەڵییەوە، هاوکاریکردنی دەوڵەتانی داگیرکاری کوردستان لەلایەن پەدەکەوە و ڕێگەدان بە دەوڵەتی تورکیا کە زیاتر لە ٣٠ بنکە و بارەگای سەربازی لە هەرێمی کوردستان بنیادبنێت، چالاکوان، مامۆستا، ڕۆژنامەنووس و چەندین هاوڵاتی خۆپیشاندان و ناڕەزایەتیان دەربڕی و دواتر لەلایەن ئاسایشی پەدەکەوە دەستگیردەکرا.

 

بە ناوی یاساوە فەرمانی بنەماڵە جێبەجێ دەکرێت

تارا هەندێک لەو کەسانە بەبیردەهێنێتەوە و دەڵێت: مامۆستا بەدەل بەرواری، ڕۆژنامەنووسان شێروان شێروانی و ئەیاز کەرەم، قارەمان شوکری وەک گەنجێکی قوربانیدەر و باوکی کە تیرۆری دەستی ئەم دەسەڵاتە بووە، جارێکی دیکە حوکم دەدرێن و لە دادگاکانەوە بێ هەبوونی بەڵگەی یاسایی سزادەدرێن، گەلیش بێ باوەڕە لە بوونی یاسا کە دەسەڵات بەناوی داد و دادوەرییەوە هەموو حوکمێکی بنەماڵەیی جێبەجێدەکات.

 

تارا حسێن، باس لە مانگرتنی زیندانیانی بادینان دەکات و دەڵێت: "لەناو چوار دیوار ٨٢ کەس بەرخۆدانی دەکەن و دەیان ڕۆژە مانیان لە خواردن گرتووە، گرنگە ئێمە لە واتای بەرخۆدانی ئەوان تێبگەین، کە پەیام دەدەن بە دونیای دەرەوە کە بە پێشێلکاری یاسایی سزادراون، پەیامی دیکەیان ئەوەیە کە ئێمە بە گیانی خۆمان باج دەدەین تا ناڕەزایەتی گەل نیشان بدەین، ئێمە ئەو زیندانیانە بەجێناهێڵین، چونکە ئەوان فیداکارانی کۆمەڵگەن و پێویستە گەل ئەمە بە گرنگ ببینێت، پێویستیشە ئەو پارتە سیاسیانەی کە هەڵگری پەیامی ئاشتی و دیموکراسین ببینە پشار بۆسەر پەدەکە تا شکۆ بۆ دادگا و یاسا بگەڕێنینەوە و پارتەکان بێدەنگ نەبن".

 

پشتیوانی لە زیندانیانی بادینان کۆتاییهێنانە بە ستەم و نادادی

دوای دەستگیرکردن و سزادانی پێنج لە زیندانیانی بادینان کە شێروان شێروانی و هاوڕێیانی بوون بە ٦ ساڵ زیندانی و سزادانی تەواوی دەستگیرکراوەکان، نارەزایەتی هاوڵاتیانی لێکەوتەوە و بە چالاکی جۆراوجۆر ئیدانەی ئەو سزایەیان کرد، بڕیاریشە سبەی، ٤ی تشرینی یەکەم، لە شار و شارۆچکەکانی هەرێمی کوردستان لەبەردەم دادگا بۆ هاودەنگی زیندانیانی بادینان گردبوونەوە بەڕێوەبچێت.

 

تارا حسێن، جێگری هاوسەرۆکی تەڤگەری ئازادی ئاماژەی بەوەدا کە وەک ژنێک و تەڤگەری ئازادیش تاسەر پشتیوانی زیندانیانی بادینان و داواکارییە ڕەواکانیان دەبن و ئامادەن ڕووبەڕووی دەسەڵات ببنەوە تا ئەو زیندانیانە ئازاد ببن، بانگەوازیشی لە هاوڵاتیان کرد کە بەشداری چالاکییەکان ببن و شەقامەکان بهەژێنن دژ بە ستەم و نادادی، وتیشی: ئەو زولمە لە ٨٠ یاخود هەزار کەس نەکراوە لە زیندانەکاندا، بەڵکو بەرامبەر تاک بە تاکی هەرێمی کوردستان و ئەگەر قبوڵی بکەین دەکرێت دواتر ڕووبەڕووی هەموومان ببێتەوە.

 

ت.پ