لە ناوبانگ زڕاندنەوە بۆ هەڕەشە... ئەزموونی ژنانی كاندیدی مەغریب چی لەبارەی توندوتیژی سیاسی و دیجیتاڵەوە دەخاتە ڕوو؟

کاتێک ژنان دەچنە ناو کێبڕکێی سیاسییەوە، تەنگەژەکە هەمیشە تەنها لە کێبڕکێی لەسەر بەرنامە، هەڵوێست و سیاسەتەکاندا کۆبۆبنابێتەوە، بەڵکو لە زۆر حاڵەتدا ناکۆکییەکە دەگوازرێتەوە بۆ بەئامانجگرتنی ژنەکە لە کەسایەتی، ژیانی تایبەت و ناوبانگی خۆیدا.

حەنان حارت

 

مەغریب ـ لەو هەفتانەی پێش هەڵبژاردنە پەرلەمانییەکانی مەغریب کە بڕیار بوو لە ٢٣ی ئەیلوولی ئێستا بەڕێوەبچن، کاندید و سەرکردە سیاسییەکان باسیان لەوە کرد، کە ڕووبەڕووی کەمپەینی ناوبانگ زڕاندن، هاندان یان بێڕێزیکردن بوونەتەوە لە ڕێگەی پلاتفۆرمەکانی  تۆڕی کۆمەڵایەتییەوە، لە کاتێکدا ڕێکخراوی ژنانی و دادۆەروەرییەکان پێیان وایە هەندێک لەم ڕەفتارانە سنووری ڕەخنەی سیاسی تێدەپەڕێنن بۆ شێوازگەلێک لە توندوتیژی سیاسی و دیجیتاڵی دژی ژنان.

 

بەئامانجگرتنەکە پێش کەمپەینیەکە دەستیپێکرد

لە حاڵەتی نەجوا کەکوس، کاندیدی حزبی ڕەسەنایوتی و سەردەمی (الأصالة والمعاصرة) لە بازنەی ئەنفا لە داربەیزا، ئەو بەئامانجگرتنەی کە باسی کرد لەگەڵ دەستپێکردنی کەمپەینی هەڵبژاردندا دەستی پێنەکرد، بەڵکو لە بڵاوکراوەیەکدا لە پەڕەکەی خۆی لە فەیسبووک پێش دەستپێکردنی کەمپەینەکە بوو، ڕایگەیاند، کە ڕووبەڕووی "کەمپەینێکی دڕندانە بووەتەوە کە یاسا و ڕەوشت بە هەند وەرناگرێت".

 

وتیشی” پەڕەکانی ڕووبەڕووی دەیان هەزار ڕاپۆرت و هەوڵی سنوردارکردن بووەتەوە، هەروەها شێواندنی یەکێک لە لێدوانەکانی و دەستپێکردنی شەپۆلێکی بەرفراوانی ناشرینکردن و هێرشبردن بوونەتەوە.

 

نەجوا کەکوس ئەوەی ڕووبەڕووی دەبێتەوە بەستەوە بەوەی بە گۆڕانکاری لە سروشتی ململانێی سیاسی دەزانێت، وتی: لای هەندێک لە کەسەکان دژایەتییدیگر تەنها لەسەر بیرۆکە، پڕۆژە و ئایدۆلۆژیاکان نەمابووەوە، بەڵکو هەموو ئامرازەکان لەو ڕێگەیەدا بوونە ڕێگەپێدراو، لەوانەش بەئامانجگرتنی کەسەکان، ڕێڕەو، خێزان و ناوبانگیان.

 

پێشی وا بوو کاتێک بابەتەکە پەیوەندی بە ژنێکی گەنجەوە هەبێت، دۆخەکە توندتر دەبێت، وتی: ئەو ژنانەی دەچنە ناو بوارە سیاسییەکەوە لەوانەیە خۆیان لەبەردەم توانا دارایی و دیجیتاڵییەکاندا ببیننەوە، بە ئاماژەدان بەو شتانەی کە بە کەمپەین و ماڵپەڕەکانی پارەدار پێناسەی کردووە کە کۆدەکرێنەوە.

 

هەروەها باسی لە شێواندنی لێدوانەکان و بەکارهێنانی تەکنەلۆژیا و زیرەکی دەستکرد کرد بۆ دروستکردنی ئەوەی بە "ڕای گشتی دروستکراو" ناوی برد، پێی وا بوو بابەتەکە تەنها پەیوەندی بە کێبڕکێی هەڵبژاردنەوە نییە، بەڵکو بە مافی هاوڵاتییەوە هەیە لە دروستکردنی ڕای خۆی لەسەر بنەمای ڕاستی و بەڵگەکان.

 

فیدراسیۆنی هاوپەیمانی مافەکانی ژنان هاوسۆزی خۆیان لەگەڵیدا دەربڕی و پێیان وا بوو ئەو کەمپەینە ئامانجی بوو، ژیانی تایبەت، دەرکەوتن، شێوازی دەربڕین و سروشتیبوونی بەکارهێناوە بۆ لێدان لە وێنە، پێگە و شەرعییەتی سیاسییەکەی، بەڵام ئەم ڕووداوانە، وەک چۆن نەجوا کەکوس و لایەنە هاوسۆزەکان خستیانەڕوو، پرسیارێک دەوروژێنن کە لە خودی حاڵەتەکە تێدەپەڕێت: ڕەخنەی سیاسی ڕەوا لە کوێ کۆتایی دێت، و بەئامانجگرتنی ژنەکە لەبەر ئەوەی ژنە لە کوێ دەست پێدەکات؟

 

نەبیلە مونیب... کەمپەینەکە سنووری جیاوازی سیاسی تێپەڕاند

لە چوارچێوەیەکی هەڵبژاردنی هاوشێوەدا، ناوی نەبیلە مونیب، کاندیدی هاوپەیمانی چەپ لە بازنەی ئەنفا لە داربەیزا دەرکەوت، لە ١٤ی ئەیلوولدا، هاوپەیمانی چەپ هاوسۆزی خۆی لەگەڵیدا ڕاگەیاند لەسەر بنەمای ئەوەی بە "کەمپەینی ناوبانگ زڕاندن و هاندان" ناوی برد کە لە ڕێگەی تۆڕە دیجیتاڵییەکانەوە دەیكاتە ئامانج.

 

هاوپەیمانییەکە ڕوونیکردەوە، کە کەمپەینەکە سنووری جیاوازی سیاسی تێپەڕاندووە، کەسایەتی نەبیلە مونیب، کەرامەت و ژیانی تایبەتی کردووەتە ئامانج، بەو پێیەی هەندێک لەو وتارە بازرگانییەی دژی بڵاودەبێتەوە ڕەهەندێکی هەیە کە پەیوەندی بە ڕوگەزیەوە هەیە.

 

ئامنە ما عینین... پەنابردن بۆ دادگا

سەبارەت بە ئامنە ما عینین، کاندیدی حزبی داد و گەشەپێدان (العدالة والتنمية) لە بازنەی عەین شق لە داربەیزا،  ڕایگەیاند، کە دەچێتە دادگا سەبارەت بەو شتەی پێی وا بوو کەمپەیم ناوبانگی زڕاندن و بێڕێزیکردنە کە دەیکاتە ئامانج.

 

باسی لە ناوەڕۆکەکان کرد، کە بریتی بوون لە قسەی ناشرین، تۆمەتبارکردن و دەستدرێژی کردنەسەر کەرامەتی، هەروەها ئاماژەی بە بەکارهێنانی زیرەکی دەستکرد کرد لە هەندێک دەق یان وێنەی بڵاوکراوەدا دژی ئەو.

 

لە بڵاوکراوەیەکدا، لە ماڵپەڕی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک ڕایگەیاند، کە لە درێژایی ڕێڕەوی سیاسی و خەباتگێڕانەیدا سور بووە لەسەر نەچوون بۆ دادگا لە ڕووبەڕووبوونەوەی نەیارەکانیدا، سەرەڕای داوای نزیکان و هاوسۆزان لەگەڵیدا بۆ گرتنەبەری ئەم هەنگاوە دژی ژمارەیەک ناونیشان و پەڕە.

 

ڕوونیکردەوە، کە دەستیکردووە بە بەڵگەنامەکردنی ئەم ڕووداوانە وەک ئامادەکارییەک بۆ گرتنەبەری ڕێکارە یاساییەکان، کە ئەمەش ڕێڕەوی دادوەری دەکاتە بەشێک لە پێکهاتەکانی حاڵەتەکە، لە کاتێکدا دیاریکردنی بەرپرسیارێتییەکان و ئەو ڕووداوانەی دەبنە جێگەی سەلماندن دەمێنێتەوە بۆ دەسەڵاتە تایبەتمەندەکان.

 

لە دۆخی تاکەکەسییەوە بۆ چاودێریکردنی بەرفراوانتر

نیشانەکان تەنها لەم سێ حاڵەتەدا کۆبۆوە ناکەن، چونکە لە تەمووز و سەرەتای ئابی ڕابردوودا، ڕوانگەی نیشتمانی بۆ پاراستن لە توندوتیژی دیجیتاڵی ڕایگەیاند، کە پاشکەوتنی بەئامانجگرتنی کاندیدەکانی هەڵبژاردنی چاودێری کردووە، کە قسەی ناشرین، تۆمەتبارکدن، ناوبانگ زڕاندن، دەستدرێژی کردنەسەر ژیانی تایبەت و کەرامەت، هەروەها بڵاوکردنەوەی بانگەشە و ناوەڕۆکی زیانبەخشی لەخۆ گرتووە.

 

لە هەمان چوارچێوەدا، بزووتنەوەی دیموکراتی هاوسەنگی (ديمقراطية المناصفة) باسی لە گەشەسەندنی ئەوە کرد، کە بە ناوبانگ زڕاندن، بچووککردنەوە، فشار، هەراسانکردن و توندوتیژی دیجیتاڵی ئاراستەکراو بۆ سەر ژنانی کاندید و سەرکردە سیاسییەکان ناوی برد، داوای کرد ژنان لە ناوبانگ زڕاندن، هەراسانکردن، هەڕەشە، ڕووتاندنەوە و توندوتیژی دیجیتاڵی بپارێزرێن.

 

هەروەها کۆمەڵەی دیموکراتی ژنانی مەغریب لە بەدواداچوونی چوارچێوەی هەڵبژاردندا ڕایگەیاند، کە بەشداری سیاسی ژنان هێشتا ڕووبەڕووی کەمکوڕی دەبێتەوە کە پەیوەستە بە کاندیدکردن، بەهێزکردنی سیاسی و پشتگیری حزبی، لەناو سەرنجەکانیدا ئاماژەی بە توندوتیژی سیاسی و لاوازی ئامادەبوونی ژنان کرد لەسەر سەری هەندێک لە لیستی ناوخۆییەکان.

 

توندوتیژی لە ڕۆژی کەمپەینەوە دەستپێناکات

مونا شماخ، سەرۆکی کۆمەڵەی ئەنوار، ئەو توندوتیژییەی ژنان لە بواری سیاسیدا ڕووبەڕووی دەبنەوە مەرج نییە لەگەڵ دەستپێکردنی کەمپەینی هەڵبژاردندا دەست پێبکات.

 

مونا شماخ بۆ ئاژانسەکەمان ئاماژەی بەوەشکرد، کە ژنان هەمیشە لەو مەرجانەدا نەچوونە ناو کێبڕکێی هەڵبژاردنەوە کە پیاوان دەچنە ناوەوە، توندوتیژی دەکرێت پێش کەمپینەکە دەركەوێت لە ڕێگەی ناوبانگ زڕاندن، هەراسانکردن یان هەڕەشەوە، پاشان لە ماوەی کێبڕکێكەدا شێوازی تریش دەگرێتەبەر، بەڵام سنوورێک لە نێوان جیاوازی سیاسی ڕەوا و بەئامانجگرتنی ژنەکە لە کەسایەتی خۆیدا دادەنێت.

 

ڕەخنەی لە جیاکاری ڕەگەزی گرت تەنانەت لە شێوازی ڕەخنەگرتنیشدا وتی: مافی ئێمەیە کە جیاواز بین لەگەڵ بەرنامەی ژنێکدا، هەروەک چۆن مافی ئێمەیە جیاواز بین لەگەڵ بەرنامەی پیاوێکدا، گفتوگۆ لەسەر بیرۆکە و هەڵوێستەکان بکەین، بەڵام مافی ئێمە نییە کە دەستدرێژی بکەینەسەر پارێزراوی کەسایەتی ژنێک، شێوازەکەی، ناوبانگی، یان خێزانەکەی.

 

ڕوونیکردەوە، کە کێشەکە کاتێک دەست پێدەکات کە گفتوگۆکە لە بەرنامە و هەڵوێستەکانەوە دەگوازرێتەوە بۆ خودی ژنەکە، بۆ جلوبەرگ، دەرکەوتن، شێواز، ناوبانگ و خێزانەکەی، کاتێک ڕەخنەکان ئاماژەی ڕەگەزی یان بێڕێزی لە بوارە گشتی و دیجیتاڵییەکاندا لەخۆ دەگرن.

 

جەختی لەوە کردەوە، توندوتیژی مەرج نییە ببێتە هۆی کشانەوەی ڕاستەوخۆی ژنەکە لە کێبڕکێ، بەڵام دەکرێت ناچاری بکات بیر لە پاشەکشە بکاتەوە یان توانا سنووردار بکات بۆ دەربڕینی ئازادانە و سەربەخۆیانە، هەروەها دەکرێت پەیامێک بۆ ژنانی تریش بنێرێت کە چاودێری ئەزموونکردنەکە دەکەن و بیری لێدەکەنەوە کە بچنە ناو بوارە سیاسییەکەوە.

 

پێی وایە کێشەکە تەنها پەیوەندی بەو شتەوە نییە کە بەسەر ئەو ژنەدا دێت کە دەبنە ئامانج، بەڵکو بەو کاریگەرییەشەوەیە کە دەکرێت لەسەر ئەو ژنانە دروستبێت کە بیر لە تێپەڕاندنی بواری سیاسی لە داهاتوودا دەکەنەوە.

 

لە حوزەیرانی ڕابردوودا، کۆمەڵەی ئەنوار، بە هاوبەشی لەگەڵ هاوپەیمانییەکی دادپەروەری نیشتمانی، میکانیزمێکی بۆ چاودێریکردن و ڕاگەیاندنی ئەو توندوتیژییە دەستپێکرد کە ژنانی تێکەڵاو بە ژیانی گشتی دەکاتە ئامانج، لەوانەش هەڵبژێردراوان، کاندیدەکان، ڕۆژنامەنووسان، ئەو ژنانەی بەئامانج دراون بەهۆی بەشدارییان لە بواری گشتی یان دیجیتاڵیدا.

 

مونا شماخ ڕوونیکردەوە، کە میکانیزمەکە قۆناغەکانی پێش هەڵبژاردن، لە کاتی ئەنجامدان و دوای ئەوەش بەدواداچوون بۆ دەکات، لەسەر ئەوەی زانیارییەکان لە ڕاپۆرتێکی داهاتوودا کۆبکاتەوە کە شێوازە دوبارەبووەکان چاودێری دەکات و ڕێنمایی پێشکەش دەکات.

 

جەختیشی لەوە کردەوە، کە تێپەڕبوونی ماوەیەکی کورت بەسەر دەستپێکردنی میکانیزمەکەدا تا ئێستا ڕێگە نادات ئەنجامی کۆتایی پێشکەش بکرێت یان زانیارییەکان بەسەر هەموو مەغریبدا گشتگیر بكرێت، بەتایبەت کە چاودێریکردنەکە پشت بەو حاڵەتانە دەبەستێت کە میکانیزمەکە توانیویەتی دەستیان پێبگات و بەڵگەنامەیان بکات، زانیارییە سەرەتاییەکان ڕەفتاری دووبارەبووەکانیان نیشانداوە، لەوانەش ترسان و هەڕەشە، بەڵام دیاریکردنی قەبارەی دیاردەکە لە ئاستی نیشتمانیدا پێویستی بە چاودێری و بەڵگەنامەکردنی زیاتر هەیە.

 

ئایا خۆکاندیدکردن دەبێتە تێچووی کەسی؟

ئەو دۆخانەی لەم ماوەیەدا دەرکەوتن دژایەتییەکی سەرنجڕاکێش دەخەنە ڕوو کە شایەنی وەستان لەسەرییەتی، چونکە لەو کاتەدا کە هەڵبژاردنەکان هەزاران خۆکاندیدکردنی ژنان تۆمار کرد و ڕێکخستنی هەڵبژاردنی لەخۆ گرت کە ئامانجیان بەهێزکردنی ئامادەبوونی ژنان بوو، هەندێک کاندید خۆیان لەبەردەم جەنگێکی تردا بینییەوە کە لە بوارە دیجیتاڵی و گشتییەکەدا بەڕێوەدەچێت لەسەر وێنە، ناوبانگ و ژیانی تایبەتیان.

 

ئەمەش پرسیارێک دەوروژێنێت کە لەم هەڵبژاردنانە خۆیان تێدەپەڕێنێت: ئایا بەردەستکردنی خۆکاندیدکردن لەبەردەم ژناندا بەسە بۆ مسۆگەرکردنی بەشدارییەکی سیاسی یەکسان، یان یەکسانی پێویستی بەوەیە کە ژینگەیەکیش دابینبکرێت کە ژنەکە بتوانێت تێیدا بەرگری لە بەرنامە و هەڵوێستەکانی بکات بێ ئەوەی رەگەز یان ژیانی تایبەتی ببێتە ئامرازێک بۆ بەئامانجگرتن؟

 

سێ حاڵەتە پێشووەکەی کاندیدەکان وەڵامێکی یەکقۆناغی بۆ ئەم پرسیارە دانانێن، هەروەها ناتوانرێت لە ڕێگەی ئەوانەوە بە تەنها قەبارەی دیاردەکە لە ئاستی نیشتمانیدا بپێورێت.

 

بەڵام هەر یەکێکیان بە شێوازی خۆی، ئەزموونی ژنان دەخاتە ڕوو کە چوونەتە ناو کێبڕکێی هەڵبژاردنەوە و خۆیان بینەوە ناچارن مامەڵە لەگەڵ ناوەڕۆک و هەڵمەتەکاندا بکەن، لەپاڵ کێبڕکێ سیاسییەکەدا، کە ڕایانگەیاند لە ئاستی کەسیدا کردوونیەتە ئامانج.

 

ئەو پرسیارەی کە ئەم ئەزموونانە دەوروژێنن گەورەتر دەمێنێتەوە لە خودی هەڵبژاردنەکان: چۆن کێبڕکێی سیاسی دەکرێت کراوە بێت لەبەردەم ژناندا، ئەگەر گواستنەوە لە ڕەخنەگرتنی بیرۆکە و هەڵوێستەکانیانەوە بۆ بەئامانجگرتنی کەسایەتی، ناوبانگ و ژیانی تایبەتیان هێشتا لە ناو بوارە گشتی و دیجیتاڵییەکەدا ئەگەرێکی کراوە بێت؟.