"گۆشەگیری لە ئیمڕاڵی بەردەوامبوونی ناکۆکییە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست"
سەرپەرشتیاری گروپی منداڵانی سەنتەری ڕۆشنبیری و هونەری مەنبج و گوندەکانی، ئەلیسار بەرکەل، ئاماژەی بەوەدا، ئامانجی دەوڵەتانی سەرمایەداری و هەژموونگەرا بەردەوامیدانە بە ململانێکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بۆ ئەوەی نەخشەیەکی نوێ لە هەرێمەکە بکێشن.
سیلڤا ئەلئیبراهیم
مەنبج- ژنانی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا لە شاری مەنبج ئاماژەیان بەوەدا کە دەوڵەتانی سەرمایەداری کار بۆ بەردەوامیدان بە ناکۆکییەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکەن بۆ ئەوەی نەخشەیەکی نوێ لە ناوچەکە بۆ بەرژەوەندی خۆیان بکێشن، بۆیە گۆشەگیریی تووندی سەر ڕێبەری گەلی کورد بەردەوام پێدەدەن.
سەرپەرشتیاری گروپی منداڵانی سەنتەری ڕۆشنبیری و هونەری مەنبج و گوندەکانی، ئەلیسار بەرکەل، بۆ نوژنها دوا سەبارەت بە گۆشەگیری سەر ڕێبەری گەلی کورد، عەبدوڵا ئۆجالان وتی: ئێمە هەموومان دژی گۆشەگیریی سەر ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالانین، وەک ژنان ئەو گۆشەگیرییە بە توندی شەرمەزار دەکەین، چەندین ژن بۆ ئازادکردنی ڕێبەر ئۆجالان چالاکییان کردووە و دەستیان بە مانگرتن لە خواردن کردووە، چونکە ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان دەرگای لەبەردەم داخوازی ئازادی ژن و تێکۆشان لەو پێناوەدا کردەوە.
ئامانجی دەوڵەتانی سەرمایەداری بەردەوامیدانی ناکۆکییەکانە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست
ئەلیسار ئاماژەی بە ئامانجی دەوڵەتانی سەرمایەداری دا کە ناکۆکییەکان بەردوام دەکەن لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و وتی: ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان هەوڵدەدات لە ڕێگەی پرۆژەی نەتەوەیی دیموکراتیکەوە کۆتایی بە کێشەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بهێنێت، کە پێکهاتە و بیروباوەڕ و کلتورە جۆراوجۆرەکان یەکبخات و ئەمەش لە بەرژەوەندی زلهێزەکاندا نییە، لە ماوەی ١٠ ساڵی ڕابردوودا ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە قۆناغێکی هەستیاردا تێپەڕی، زلهێزەکان گۆشەگیرییەکی قورسیان خستەسەر ڕێبەری گەلی کورد، تا فکر و بیرۆکەکانی نەگاتە گەل و ببێتە نمونە بۆ جیهان.
هەروەها لەبارەی پرۆژەی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالانەوە دەڵێت: شۆڕشی ڕێبەر ئۆجالان بۆ دۆزی گەلی کورد بوو، بەڵام ڕێگای خۆی گۆڕی بۆ ئەوەی هەموو پێکهاتەکان بگرێتەوە چونکە پێی وایە تا هەموو پێکهاتەکان ئازاد نەبن ئازادیی کورد بەدی ناهێنرێت، بیرۆکەکەی دەستکەوتی بۆ خەڵکی ناوچەکە بە تایبەتی لە باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا بەدەستهێنا، ڕێبەری گەلی کورد لەکاتێکدا لە تێکۆشانی ئازادیی گەلی کورددا پرسی چۆنیەتی زاڵبوون بەسەر ئاڵۆزییە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بە بەشێکی گرنگی تێکۆشانەکەی شیدەکردەوە، پەیوەندی ڕاستەوخۆی لەنێوان دیموکراسی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و کوردا بینی.
"ئیرادەی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان بڵندە و ناتوانرێت بشکێنرێت"
مونا زەکەریا، ئەندامی یەکێتی ڕۆشنبیران و هاوسەرۆکی یەکێتی گوندەکانی مەنبج باسی لەوەکرد، گۆشەگیرکردنی بیرمەند و ڕێبەری عەبدوڵا ئۆجالان بووەتە هۆی بەرفراوانی بیرۆکەکانی و کارکردن لەسەر بڵاوکردنەوەی پرۆژەی نەتەوەیی دیموکراتیک لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، وتیشی: "ئیرادەی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان بڵندە و ناتوانرێت بشکێنرێت".
مونا ئاماژەی بەوەشدا، "بۆ هەڵگرتنی گۆشەگیریی سەر ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان، پێویستە هەموو پێکهاتەکان لەگەڵ ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ کاربکەن، چونکە نوێنەرایەتی هەموو گەل و پێکهاتەکان دەکەن".
ت.پ