پلاتفۆرمی ژنانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان-ژینا؛ هەنگاوێکە بەرەو یەکگرتنی ژنان

ژیان هەورامان- ئەندامی کۆمیتەی پەیوەندییەکانی کۆمەڵگەی ژنان ئازادی رۆژهەڵاتی کوردستان "کژار"

پلاتفۆرمی ژنانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان-ژینا دەربڕینی ئیرادەیەکی هاوبەشی ژنانە بۆ یەکخستن، هاوپەیمانی و ڕێکخستنی خەباتێکی فراوانتر و کاریگەرتر. خەباتێک کە لەسەر بنەمای ئازادیی ژن، دیموکراسی و ئازادی کۆمەڵگا وەستاوە.

 

لە قوناغێکی چارەنوسسازدا کە گەلی کورد و پرۆژەی ئاشتیی دیموکراتیک بەرەو گۆڕانکارییەکی مێژوویی هەنگاو دەنێت و لە هەمان کاتدا سیاسەتی ئێران ڕووبەڕووی قەیرانێکی قووڵی سیاسی، کۆمەڵایەتی و ئابووری بووەتەوە، ڕاگەیاندنی پلاتفۆرمی ژنانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان -ژینا وەک هەنگاوێکی ستراتیژی و وەڵامێکی هۆشیارانە بە پێویستییەکانی ئەم قۆناغە دەردەکەوێت. ئەم پلاتفۆرمە نەک تەنها ڕێکەوتێکی سادە نییە، بەڵکوو بڕیارێکی سیاسیی هۆشیارانەیە کە لە بنەمای مێژووی خەبات و بەرخۆدانی چین و توێژە ستەملێکراوەکاندا ڕیشەی هەیە و ئاراستەی بەهێزکردنی خەبات بۆ ئازادی، دادپەروەری و مافە بنەڕەتییەکان دەگرێتەوە.

 

ژنان لە درێژایی ئەم مێژووی خەباتەدا هەمیشە ڕۆڵێکی بنەڕەتی و پێشەنگیان بینیوە؛ نە تەنها وەک هێزێکی کاری بەرهەمهێنەر، بەڵکوو وەک هێزێکی ڕێبەر و کاریگەر لە ئاراستەکردن و بەڕێوەبردنی بزووتنەوە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکان. لەو چوارچێوەیەدا، پلاتفۆرمی ژنانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان-ژینا دەربڕینی ئیرادەیەکی هاوبەشی ژنانە بۆ یەکخستن، هاوپەیمانی و ڕێکخستنی خەباتێکی فراوانتر و کاریگەرتر؛ خەباتێک کە لەسەر بنەمای ئازادیی ژن، دیموکراسی و ئازادی کۆمەڵگا وەستاوە.

پلاتفۆرمی ژنانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان-ژینا وەڵامی پێویستییەکی مێژوویی و کۆمەڵایەتییە کە لە ئەنجامی ساڵەها تێکۆشان و ئەزموونی بەهێزی بەرخۆدان دروست بووە. ئامانجی ئەم پلاتفۆرمە وەک چوارچێوەیەکی فراوان و سەروو-حیزبی، یەکخستنی هێز و تواناکانی ژنان، بەهێزکردنی پێگەی سیاسی و کۆمەڵایەتییان و بەرفراوانکردنی خەباتی مەدەنی‌یە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی سیستەمی ستەم و هەڵاواردنی سیستەماتیک.

 

شۆڕشی «ژن، ژیان، ئازادی» بە ڕوونی نیشانی دا کە ژنان تەنها قوربانیی ستەم نین، بەڵکوو هێزی سەرەکیی گۆڕان و درووستکەری قۆناغە نوێیەکانن. بۆیە بەشداریی کاریگەری ژنان لە چارەسەرکردنی پرسە سیاسی، نەتەوەیی، کۆمەڵایەتی، ئابووری و ژینگەییەکاندا پێویستییەکی بنەڕەتییە بۆ درووستکردنی داهاتوویەکی دادپەروەر و دیموکراتیک.

 

لەبەر ئەمە، دامەزراندنی پلاتفۆرمێکی فراوان کە هەموو ژنانی حیزبی، چالاکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و ژنانی بەئاگای کۆمەڵگە لەخۆبگرێت، هەنگاوێکی ستراتیژیی و پێویستە بۆ گواستنەوە بۆ قۆناغێکی نوێی ڕێکخستن و خەبات. ئێمە باوەڕمان وایە کە ژنان دەبێت نە تەنها بەشداری لە بڕیارداندا بکەن، بەڵکوو ڕۆڵی سەرەکی لە داڕشتنی سیاسەت و دیاریکردنی ئاراستەی کۆمەڵگەدا بگێڕن.

 

چونکە هەتا کاتێک ژن ئازاد نەبێت، کۆمەڵگە ئازاد نابێت. ژنانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان هێشتا لە ژێر ستەمی سیاسەتی دەسەڵاتدار کۆماری ئیسلامی دان: لە لایەک وەک کورد مافە نەتەوەییەکانیان لێ زەوت کراوە، و لە لایەکی تر وەک ژن لە ژێر یاسا و نەریتە کۆنەپەرستانەکاندا دەچەوسێندرێن. بۆیە تەنها بە یەکێتی، یەکڕیزی و هەڵوێستی هاوبەش دەتوانرێت لە بەرامبەر هەر جۆرە ستەمێک بوەستین. هەڵبەت کە ژنانی کورد دەتوانن ببن بە نموونەیەک بۆ نەتەوەکانی دیکەش. لە م چوارچێوەش دا، بە پەیوەندی گرتن بە هەموو نەتەوەکانی دی لە جۆگرافیای سیاسی ئێرانەوە دەتوانرێ دەرفەتێکی باش بۆ خەباتێکی هاوبەش ساز بکرێت.

 

لە کۆتاییدا، داوا لەهەموو ژنان و هەموو هێزە دیموکراتیک و ئازادیخوازەکان دەکەین کە بە شێوەیەکی هۆشیارانە و بەرپرسانە، بەشداری لەم هەوڵە هاوبەشە بکەن و بە یەکگرتوویی ، خەباتێکی هاوبەش بۆ داهاتوویەکی دیموکراتیک و ئازاد پێک بهێنن. ئێمە  لەو بڕوایەداین کە ژنان بە هەبوون و ناسنامەی ئازادی خۆیان دەتوانن ئازادی و دیموکراسی بۆ سەرانسەری ئێران بە دی بهێنن.