بێبایەخکردنی مێژوو لە ناوەندە ئەکادیمییەکاندا: زەنگێکی مەترسیدار بۆ پاکتاوکردنی پیرۆزییەکانی نیشتمان

مژدە عەلی- نووسەرو مامۆستا

 بێگومان زانستی مێژوو لە بنەڕەتدا تەنها ڕیزکردنی وشکی بەروارەکان، تۆمارکردنی ناوی پادشاکان یان گێڕانەوەی بەسەرهاتە دێرینەکان ناگرێتەوە  بەڵکو بڕبڕەی پشتی هۆشیاریی کۆمەڵایەتی، سیاسی و شارستانیی هەر نەتەوەیەک دیاری دەکات. ڕابردوو وەک چرایەکە بۆ ڕۆشنکردنەوەی ئایندە و ڕێگریکردن لە دووبارەبوونەوەی هەڵە کوشندەکان؛ هەربۆیە مێژوو سەرچاوەی سەرەکیی داڕشتنی یادەوەریی بەکۆمەڵ و هەڵگرتنێتی لە پاشخانی گەوهەری هەر نەتەوەیەک.

 

هەڵبەتە لە کۆمەڵگە زیندووەکاندا، ناوەندە ئەکادیمییەکان، زانکۆکان و کەرتی پەروەردە بە سەنگەری یەکەمی پاراستن، شیکردنەوەی ڕەخنەیی و گەشەپێدانی ئەم هۆشیارییە مێژوویییە دادەنرێن. بەڵام لە سەردەمی نوێدا، دەستڕێژییەکی ڕێکخراو و بێدەنگ بۆ سەر ئەم زانستە سەریهەڵداوە. بێبایەخکردنی مێژوو و پەراوێزخستنی لە دەزگا زانستی و پەروەردەیییەکاندا، ڕێکەوتێکی مەعریفیی ئاسایی نابینرێت  و  ئاکامی بەریەککەوتنی نێوان شکستی حوکمڕانی لە کەرتی پەروەردەدا و داگیرکاریی فکریی سیستەمی سەرمایەداریی نوێیە، کە سەرەنجام زەنگێکی مەترسیدار بۆ سڕینەوەی هۆشیاریی نەتەوەیی و پاکتاوکردنی بەها و پیرۆزییەکانی نیشتمانی دایک لێدەدات.


کەرتی پەروەردە و خوێندنی باڵا ئاوێنەی تەواوی دیدگا و ستراتیژییەتی سیستەمی حوکمڕانییە بەرامبەر ئایندەی کۆمەڵگە. کاتێک حوکمڕانی تووشی ناکارامەیی، گەندەڵی و نەبوونی پڕۆژەیەکی نیشتمانیی روون دەبێتەوە، کەرتی پەروەردە یەکەم بوارە کە باجە قورسەکە دەدات. لە بری ئەوەی پەروەردە بێتە بنەمای بونیادنانی نەتەوە دەکرێتە قوربانیی بەرژەوەندییە تەسکەکان و حزبیبوون.


ئەم شکستە سیاسییە بە شێوەیەکی کرداری ڕەنگیداوەتەوە لەسەر بەهاکانی فێرکاری  و لە ناوەڕۆک بەتاڵکردنەوەی میتۆدەکانی خوێندن.
- خوێندنی مێژوو لە ڕشتەیەکی شیکاریی زانستی و مانابەخشەوە گۆڕدراوە بۆ دەقێکی تەلقینیی وشک کە لەسەر حافزەکردن و لەبەربڕینی ڕووداوەکان وەستاوە. ئەم شێوازە نەریتییەی خوێندن، بێزاری و دابڕانێکی قووڵی لای خوێندکاران دروستکردووە، بە جۆرێک کە مێژوو وەک بابەتێکی لاوەکی و بێزارکەر ببینن.


 -داڕمانی ژێرخانی زانستی: فەرامۆشکردنی زانکۆ حکومییەکان، نەبوونی ناوەندی تۆکمەی ئەرشیفسازیی نیشتمانی، دابیننەکردنی بودجە بۆ توێژینەوەی مەیدانی و شوێنەواری، وایکردووە ئەکادیمیای نیشتمانی نەتوانێت گێڕانەوەیەکی زانستیی سەردەمیانە بۆ ڕابردووی خاک و گەلەکەی بنووسێتەوە.


-هەژموونی سەرمایەداری؛ گۆڕینی زانست بۆ کاڵا و داڕمانی بەها مرۆییەکان: لە لایەکی ترەوە، سەپاندنی لۆژیکی سەرمایەداریی نوێ بەسەر سیستەمی پەروەردە و خوێندنی باڵادا، مەکینەیەکی وێرانکەری بەرامبەر زانستە مرۆییەکان بەگەڕخستووە. سەرمایەداری بەهای هەموو دیاردەیەک لە نێویاندا زانست و مەعریف لە سەر بنەمای  قازانجی خێرای دارایی و  پێداویستییەکانی بازاڕی کار دەپێوێت.


لەم چوارچێوەیەی بازاڕگەڕاییدا وەها دۆخێک دێتە ئاراوە کە  دەبێتە هۆی بەتایبەتکردنی پەروەردە  چونکەکاتێک دەسەڵاتی سیاسی لە پشتیوانیکردنی قوتابخانە و زانکۆ حکومییەکان پاشەکشێ دەکات، دامەزراوە تایبەتەکان شوێنەکەیان دەگرنەوە. لەم ناوەندانەدا خوێندن دەبێتە کاڵا و خوێندکار دەبێتە کڕیار. زانکۆ تایبەتەکان تەنها ئەو ڕشتانە دەکەنەوە کە سوودی خێرای ئابوورییان هەبێت، لەکاتێکدا بەشی مێژوو و زانستە مرۆییەکان کە بازاڕێکی ڕاستەوخۆی داراییان نییە،  بەڵام پاریزەری هەبوون و ناسنامەو رەسەنیەتی ئەو کمەڵگەو گەلە دەپاریزن  کە بەتەواوی پەراوێز خراوە.


هەروەها پێوەر کردنی زانست بە بازاڕی کار: سەرمایەداری وا لە نەوەی نوێ دەکات تەنها بڕوانامە وەک کلیلێک بۆ دەستکەوتنی مووچە و کار ببینێت. کاتێک بەشی مێژوو لە هاوکێشەی بازاڕدا وەک ڕشتەیەکی بێبازاڕ  ناوزەد دەکرێت، مێشکە گەشەکان و توانا مرۆییەکان لێی دوور دەکەونەوە.


خاڵێکی تر دژایەتیکردنی بیرکردنەوەی ڕەخنەییە: خوێندنی ڕاستەقینەی مێژوو هۆشیاریی سیاسی، کۆمەڵایەتی و مێژوویی دروست دەکات، کە ئەمەش وا لە تاک دەکات پرسیار لە نادادی، ستەمکاری و پەیوەندییەکانی دەسەڵات بکات. سەرمایەداری پێویستی بە تاکی مەسرەفگەرا و گوێڕایەڵ هەیە، نەوەک  تاکی ڕەخنەگر؛ لەبەرئەوە سستکردنی خوێندنی مێژوو ئامرازێکە بۆ پاشەکشێپێدانی هۆشیاریی کۆمەڵگە.


کەواتە دەگەینە خالی سڕینەوەی یادەوەری بە کۆمەڵ و داڕمانی ناسنامەی نیشتمانی،کە خوێندنی مێژوو لە زانکۆکاندا بێبایەخ دەکرێت و لە کەرتی پەروەردەشدا بەرەو فەوتان دەچێت، کاریگەرییە زیانبەخشەکانی لە ئاستی تیۆری تێپەڕ دەبن و دەگەنە هەناوی ناسنامەی کۆمەڵایەتی. 


مەترسیدارترین دەرئەنجامی ئەم پرۆسەیە بریتییە لە پاکتاوکردنی پیرۆزییەکانی نیشتمانی دایک : 
- سڕینەوەی یادەوەریی بەکۆمەڵ / یادەوەریی بەکۆمەڵ ئەو زنجیرە زەمیەنە، قوربانیدان و دەستکەوتە تاریخیستانەیە کە گەلێک بەیەکەوە دەبەستێتەوە. کاتێک زانکۆکان لە توێژەری مێژوویی بەتاڵ دەکرێنەوە، نەوەی نوێ پەیوەندیی ڕۆحی و فکریی لەگەڵ ڕابردووی خۆیدا دەپچڕێت.


 -قەیرانی ئینتما و نامۆبوون/ نەوەیەک کە مێژووی ڕەسەنی خۆی نەناسێت و ئاگاداری کەلەپوور و شارستێنییەتەکەی نەبێت، تووشی نامۆبوون دەبێت لە دۆخێکی وەهادا، نیشتمانی دایک لە چەمکێکی پیرۆزی بونیادنەرەوە دەبێتە تەنها ناوچەیەکی جوگرافی بۆ دابینکردنی بژێوی، کاتێک بژێویش نەکەوێتە دەست، ئینتـمای نیشتمانی بەتەواوی هەڵدەوەشێتەوە.


 -دۆڕاندنی جەنگی گێڕانەوەکان/ بێگومان لە جیهانی ئەمڕۆدا، جەنگی ڕاستەقینە لەسەر دەستبەسەرداگرتنی گێڕانەوە مێژووییەکانە. کاتێک ناوەندە زانستییەکانی ئێمە توێژەری خاوەن توانست پەروەردە نەکەن تا بە بەڵگەی زانستی بەرگری لە حەقیقەتە مێژووییەکان بکەن، دەوروبەر و هێزە دەرەکییەکان بەئاسانی مێژووی نیشتمانی دایک بەپێی بەرژەوەندییەکانی خۆیان دووبارە دەنووسنەوە و شەرعیەت لە مافە مێژووییەکانی ئەو گەلە دەسێننەوە.


 لە کۆتایدا بە کورتی  دەمەویت ئەوە بهێنمە نوسین کە بەرپرسیارێتییەکی  ئەخلاقی و دیرۆکیمان لەسەر شانە 
تا ئەودۆخە رێ پێبگرین لە بێئەرزشکردنی مێژوو و فکر کە نوستالیژیای گشت زسنستەکانە و بە زانابوون ئەو دۆخە  دروست کراوە.


  هەربۆیە بێبایەخکردنی زانستی مێژوو لە ناوەندە ئەکادیمییەکاندا، پرۆسەیەکی هێواش بەڵام وێرانکەرە بۆ داڕزاندنی کۆڵەکەکانی ناسنامەی نیشتمانی. ڕێگریکردن لە پاکتاوکردنی پیرۆزییەکانی نیشتمانی دایک، تەنها بە دروشمبارانکردنی میدیاکان ناکرێت، بەڵکو  پێویستی بە  چاکسازیی ڕیشەییە لە کەرتی پەروەردە، گەڕاندنەوەی شکۆ بۆ زانستە مرۆییەکان و ئازادکردنی ئەکادیمیا لە چەپۆکی سودگەریی سەرمایەداری دەست پێ دەکات.


 کەواتە ناسنامەی هەر نەتەوەیەک لەو شوێنەوە دەست پێ دەکات کە مێژووی خۆی تێدا دەناسێت؛ پاراستنی زانستی مێژوو لە زانکۆکان، زامنی سەرەکیی مانەوەی ڕەسانایەتی، هۆشیاری و ئایندی ڕووناکی نیشتمانی دایکە.