ناگیهان ئاکارسەل: دەبێت مێژووی ژن بە دەست و پێنووسی ژنان خۆیان بنووسرێتەوە

شیرین حسێن لەبارەی شەهید زیلان "ناگیهان ئاکارسەل"ەوە دەڵێت؛ ناگیهان هەمیشە دەیوت ئێمە دەبێت ئیش لەسەر هێزە شاراوەکانی ژن بکەین و بەو هێزەی ژنان هەیانە دەتوانین شۆڕشێک بەرپا بکەین.

هێڤی سەڵاح

 

سلێمانی_لە رۆژی ٤ی تشرینی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٢دا ناگیهان ئاکارسەل ناسراو بە "هەڤاڵ زیلان" لە شاری سلێمانی لە ناوجەرگەی شاردا بە چەند گولـلەیەک کرایە ئامانج و شەهید کرا، هەڤاڵ زیلان تەنها ڕۆژنامەوان نەبوو بەڵکو توێژەرێکی دیار بوو لە بواری مێژووی ژناندا و یەکێک بوو لە دامەزرێنەرانی ئەکادیمیای ژنۆلوژی و ئەندامی دەستەی نووسەرانی گۆڤاری ژنۆلۆژی کە ساڵانێکی درێژ لە باکوور و باشوور و ڕۆژئاوای کوردستان لە خەباتدا بوو، شەهیدکردنی ناگیهان ئاکارسەل کاردانەوەیەکی جیهانی و ناوخۆیی توندی لێکەوتەوە و ڕێکخراوەکانی ژنان و ڕۆژنامەوانان بە توندی ئەنجامدەرانی تاوانەکەیان شەرمەزار کرد، تا ئێستاش هاوڕێکانی و ناوەندەکانی ژنان و چالاکوانان جەخت لەوە دەکەنەوە کە دەبێت بکەران و داڕێژەرانی ئەم تاوانە بدرێنە دادگا و سزای خۆیان وەرگرن.

 

دەربارەی ژیان و کاری هەڤاڵ زیلان، شیرین حسێن، هاورێ و هاوکاری ناگیهان ئاکارسەل قسەی ۆ ئاژانسەکەمان کرد.

 

چوار ساڵ تێدەپەرێت بەسەر شەهید کردنی ناگیهان ئەکارسەلدا، لەم ماوەیەدا کارکردنی میدیای ئازاد چۆن دەبینیت؟

سەرەتا ئێمە یادی شەهید بوونی دەکەینەوە هەرچەندە ئەو تەنها بە جەستە جێی هێشتووین گەر نا بە روح هەر لەگەڵماندانیە،کارەکانی شەهید ناگیهان بەردەوام لەناو روحی ئێمەدایە و ئەو تەنها ڕۆژنامەنووس نەبوو بەڵکو توێژەرێک بوو بە روح دەچووە ناو کارەکان و بەتایبەت کارەکانی میدییا ئازاد،بۆ ئەوەی دەنگی ژنان بگەیەنێت بە جیهان و بۆ ئەوەی بیسەلمێنێت کە ژنان خاوەنی دەنگ و ڕەنگی خۆیانن،شەهید ناگیهان لەسەر ڕێگە راستەکەی خۆی سور بوو،کە دەبێت ئێمە هەرگیز واز لە کارەکانی خۆمان بەردەوام بین و تا دەگەین بەوەی دەمانەوێت و بە دڵنیایەوە رۆژنامەنووسانی ژنی کورد هیچ پارێزراو نین گەر پاریزراو بوونایە ئەوا ئێستا هەڤاڵ ناگیهان لەگەڵ ئێمەدا دەبوو،ئێمە هەمیشە لەسەر رێباز و فەلسەکەی بەردەوام دەبین و چونکە دەبێت ژن خۆی مێژووی خۆی بنوسێتەوە وەک چۆن هەڤاڵ ناگیهان کاری بۆ ئەوە دەکرد کە ژنان خۆیان بەپێنووسی خۆیان مێژووی خۆیان بنووسنەوە نەک کەسێکی دیکە و بە فکرێکی پیاوانە بینووسێتەوە، مێژوو خۆی زوڵمێکی گەورەیان لە ژن کردووە وچونکە بە پێی باردۆخی سەردەم گۆرانکاریان کردووە تێیدا، چەندین ژنان بێ ماف و بێبەشکراون لە مێژوودا.

 

بۆچی ناگیهان ئەکارسەل دەیویست مێژووی ژن بە دەست و پێنووسی ژنان خۆیان بنوسرێتەوە؟

هەڤاڵ ناگیهان خەونی ژنی کوردی بەدیهێنا کە ناوەندێکی ئەکادیمی و کولتووری کە ناوەندی ئەرشیف و پەرتووکی ژنی کورد لە سلێمانی کرایەوە، کە ئەمە بووەتە ماڵی ژنی کورد تا ئیستا لە چالاکیو ئیشەکانی بەردەوامە و لە ماوەی ئەم چوار ساڵەدا ٤٠٠ پەرتوک بە زاراوەی ژنی کورد وەرگێردراوە بۆ سەر زمانی کوردی، ناوەندەکە  کۆمەڵێکی ژنی چالاکی تێدایە کە هەموومان بۆ ئەوە کار دەکەین کە ئاواتەکەی هەڤاڵ ناگیهان بهێنینە دی و ناوەندەنە ببێنە ناوەندیكی ئەکادیمی.

 

ئازادی ژن لە فیکری هەڤاڵ  ناگیهاندا چۆن بوو؟

ئازادی ژن لە دیدگای هەڤاڵی روح زیندوو هەر ئەوە نەبوو کە ژن لە شوێنە فەرمی وسیاسییەکاندا کار بکەن، بەڵکو دەیویست ژن خاوەنی ئازادی بیری سیاسی مرۆیی  بێت و دەیویست ژن بریاردەر بێت و دەیویست ژنان خاوەنی فکرێکی ئازاد بن،دەتوانم بڵێم فەلسەفەی ناگیهان بەو شیوەیە بوو کە دەیوت ژنان خاوەنی فکری ئازاد بێت بۆ ئەوەی بتوانێت لە ناوەندەکانی بریاردا خاوەن بریار و قسەی خۆی بێت، ئازادی بیر ئەوەیە تۆ بزانی لە کوێیە و لە چ کولتورێکەوە هاتووی، کاتێک کە کوردیت و ژنبوونت زۆر گرنگە بزانیت مافەکانی خۆت چیە و چۆن بۆی تێدەکۆشیت، ئازادی ژن تەنها لە چوارچێوەیەکدا نییە.

 

بۆچی وڵاتانی زلهێز لە ژنی هۆشیار و خاوەن بیری ئازاد دەترسن؟

کاتێک هەڤاڵ ناگیهان لە ماڵی خۆیەوە دەیوسیت بچێتە ناوەندی ژنۆلۆژی و لەوێ دەستبکات بە کارەکانی لە قەرەباڵەغترین شوێنی شاردا شەهیدکرا، ئەو بریارەی کە بۆ شەهیدکردنی درا لەلایەن ترسنۆکترین کەسەوە دەرچووە، لە هەر جێگەیەوە دەرچوبێت هەرچەندە ئێمە دەزانین لە لایەن کێو لە کوێوە دەرچووە، ئەوان لە هیزی ژن دەترسن چونکە ژنان خاوەنی هیزی تایبەت بە خۆیانن و ژنان دەیانەوێت دونیا ژیان بە ئارامی بەرێوەبچێت، بەڵام ئەوان لە بیری ئازاد و ژن بوون دەترسن، ئەوانەی ئەم تاوانەیان ئەنجامدا زۆر ترسنۆکن چونکە باشترین و ئارامترین ژنیان شەهید کرد،هەڤاڵ ناگیهان ئەوە نەبوو تەنها کار بکات بۆ ژنۆلۆژی و ناوەندێک کار بۆ ژن بکات ئەو بەراستی کاری بۆ مرۆڤ بوون دەکردو بەراستی کارکردن بۆ ئەوە کارێکی زۆر سەخت بوو، هەموو کەس ناتوانیت مرۆڤ بێت، هەڤاڵ ناگیهان ژنێکی لەسەرخۆ بوو کاتێک لەگەڵیدا دادەنیشتین هەستمان بەوە دەکرد بە پر بوو لە هوونەر و کولتوور و هێمنی،بەردەوام باسمان لەوە دەکرد چۆن ناوەندێک بکەینەوە و ژنان ئازادانە کار بکەن و سەردانی بکەن، هەموو جارێک دەیوت ژنان زۆر ئازا و بەتوانان و دەبێت ئەو هێز و بەهرانە بدۆزرێتەوە کە لە ناخی ژناندا هەن و کاریان لەسەر بکرێت، ناگیهان  سەربەخۆیانە تەنها بۆ ژن کاری دەکرد و هەموو جارێک دەیوت  ئێمە دەبێت ئیش لەسەر هێزە شاراوەکانی ژن بکەین و بەو هێزەی ژنان هەیانە دەتوانین شۆرشێک بەرپا بکەین.

 

هەڤاڵ ناگیهان دەیویست چۆن مێژووی ژنان بە راست و دروستی بنووسرێتەوە ؟

هەڤاڵ ناگیهان زۆرینەی کارەکانی لەسەر زانستی زارەکی بوو چونکە ئەو کاتە ژنان کەمتر خوێنەوار بوون، هەڤاڵ ناگیهان بەردەوام کاری لەسەر ئەوەدەکرد کە ئەونووسینانەی زارەکی بوون و لە سینە بۆ سینە بووە بکرێتە پەرتوکێک بۆ ئەوەی پارێزراو بێت، زۆر بە هێمنانە و بە جدی کاری دەکرد کاتێک بابەتێکی تۆمار دەکرد چەندین چار باسی دەکردەوە و کاری لەسەر دەکرد، دەگەڕا بۆ ئەوەی چۆن دەنگە نووستووەکان بکاتەوە دەنگ و دووبارە زییندوویان بکاتەوە.

 

چۆن لە چوارەمین ساڵیادیدا پەیمان نوێ بکەینەوە بۆ هەڤاڵ ناگیهان؟

بێگومان ئیمە لەم ڕۆژەدا ناگرین و  شیوەن ناگێرین، چونکە ئەو تەنها بە جەستە لێرە نییە، فەلسەو روحی ئەو لە نێو ئێمەدایە ئێمە ئەو لەم رۆژەدا یادی دەکەینەوە و دەڵێین خۆت لەگەڵمان نیت بەڵام روحت لەگەڵ هەموو ژنێکی کوردایە، ئێمەی ژنان شوێن پێی هەڤاڵ ناگیهان بەرنادەین و ڕێگەکەی بە ڕێگەیەکی پیرۆز دەزانین و کۆڵی لێنادەین،هیوادارم ئەم رۆژە ببێتە رۆژی کردنەوەی چەندین ناوەندی دیکەی ئەرشیفکردن و پەرتووکی ژنان وەک چۆن لە سلێمانی هەمانە، لە کۆتاییدا بە هەڤاڵ ناگیهان دەڵێم زۆر زوو ڕۆشتی و تا مابین  رێگە و خەباتی تۆ بەرنادەین ،هیوادارم رۆژێک لەگەڵ بناماڵەکەی دانیشین و باسی مناڵی هەڤاڵ ناگیهان بکەین، دەبێت ژنان فکر و خۆیان ئازاد بکەن و بتوانین ژن بوونمان بسەلمێنین لە ناوەندەکانی بڕیاردا بە ئەقڵیەتێکی ژنانەوە و ئازاو ئازاد بن و  مرۆڤ بن و ژن بن بۆ ئەوەی هەڤاڵ ناگیهان شانازیمان پێوە بکات.