ژنانى هەرمۆتە زەیتونیان کردۆتە پیشەیەک بۆ بژێوى ژیانیان
گوندی هەرمۆتەی سنووری کۆیە بەزەیتون بەناوبانگە، زۆربەى خەڵکەکە بژێویان لەسەر بەرهەمى زەیتونە و ژنانى هەرمۆتە بەهەرەوەزى وەک سەردەمى کۆن وەک نەریتى خۆیان هاوکارى یەک دەکەن وزەیتون ئامادە دەکەن.

شیا کۆیی
کۆیە-گوندى هەرمۆتە دەکەوێتە ڕۆژئاواى شارى کۆیە لەکۆنەوە بەزەیتون بەناوبانگە و خەڵکەکەى جگە لە کارى کشتوکاڵى و مەڕدارى کارى سەرەکیان زەیتونە، لە ساڵانى ١٩٦٠ وە زەیتون دەچێنن، هەرچەندە ئەوکات زەیتون لەکۆیە هێندە نەدەخوار بەڵام بە ١٠٠ تەن بەرهەمیان هەبووە، هەناردەیان کردووەو گەیاندویانەتە بەغداو ناوەڕاستی عێراق و پاشماوەکەى سابونیان لێ درووست کردووە و زەیتى زەیتونیان گرتووە و فرۆشتویانە.
هەموو ئەوکارانەش ژنان دەستى باڵایان هەبووە لە بەرهەمى زەیتون، دوای ئامادەکردنی پاشان دەینێرن بۆ بازاڕ وهەندێکجار مشتەریەکان خۆیان دەچنە گوندەکەیان و بەرهەمى زەیتون دەکڕن، هەرچى تامى بەرهەمى زەیتونى هەرمۆتەى کردبێت دەبارە بۆى دەچێتەوە بەهۆى باشی و کوالیتەیکەى.
ڕێزان مەرقۆس، دانیشتووى گوندى هەرمۆتەیە ساڵانە کارى زەیتون خۆشکردن دەکات، لەبارەى کارەکەیەوە بۆ ئاژانسەکەمان قسەی کردو وتی:هەموو ساڵ کە وەخت گەیشتە ١٥ى ئەیلوول دەستپێدەکەین لەگەڵ خزم و دراوسێکانمان کۆدەبینەوە بۆ چاککردنى زەیتونەکە، لەو کاتەدا زەیتون پێگەیشتووە و ڕەنگى زەرد بووە ئێمەش لێى دەکەینەوە، زەیتونەکە بە شێوەى خۆى کە دەبێت لە سێ لاوە قاشى لێبدەین و لەدەبەى دەکەین و ئاوى تێدەکەین، بەم شێوەیە تا هەموو قۆناغەکانى جێبەجێدەکەین دواى ٤٠ رۆژ ئامادە دەبێت بۆخواردن.
"بەهۆی وشکەساڵی قەبارەی زەیتونەکە گۆراوە"
ڕێزان وتیشى: زەیتونى هەرمۆتە زۆر بەناوبانگە لە باشى جۆرى و ساڵانە بەرهەمى زۆربوو بەڵام بۆ ئەمساڵ زەیتون وەک پێویست نەبوو بەهۆى وشکەساڵى، بۆیە زەیتون زۆر کەمەو قەبارەى زەیتونەکەش گۆڕاوە، دەنکى بچوکە وەک جاران گەورە نییە.
لە گوندى هەرمۆتە هێشتا کارى هەرەوەزى ماوە
ڕێزان مەرقۆس لە کۆتایی قسەکانیدا ئاماژەى بەوەشکرد کە بەخۆى بەتەنیا ئیش ناکات چونکە ئیشەکە وردەیەو زۆرى دەوێت وتی: دراوسێکانمان هەموو دێن هاوکاریم دەکەن و دادەنیشین بەدەم ئیشکردنەوە چا دەخۆین، دۆڵمە ئامادە دەکەین تا درەنگ ئیش دەکەین تا ١٢ى شەو، زۆرسوپاسیان دەکەم کە هاوکاری من دەکەن.
"زەیتون بۆ زۆر نەخۆشی دەرمانە"
باسیمە عیسا کەریم، دراوسێی ڕێزانەو لە ئامادە کردنی زەیتون هاوکاری دەکات وتی: بەبەرد زەیتون دەشکێنین و لەئاوى دەکەین ودوایی ئاوەکەى دەگۆڕین، دواتر لەخوێى دەگرین، زەیتون بۆ زۆر نەخۆشى دەرمانە بەیانیان و لەگەڵ ژەمەکان دەىخۆین، خواردنێکى سروشتى و تەندروستە، ڕێزانخان زۆر زەیتون ئامادە دەکات و ئێمەش دراوێین دێین هاوکارى دەکەین بەهەرەوەزى، هاوکات کاتێکى خۆشیش بەڕێدەکەین.