ئاسیا سەباعی ڕێچکەیەکی نوێی لە بواری ژینگەدا دەستپێکردوە
لەناو بارودۆخی سەختی کەشوهەوا و پەرەسەندنی ئاستەنگە ژینگەییەکان، ئاسیا سەباعی بڕیاریدا تاقیکردنەوەیەک ئەنجام بدات کە تا ئەم دواییانە هەڵبژاردنی پیاوان بووە، کە ئەویش دروستکردنی فڕن و وشککەرەوەی خۆرە.
ڕەجا خەیرات
مەغریب- لە شاری تەنجەر لە باکووری مەغریب، ئاسیا سەباعی دەستیکرد بە گەشتەکەی بۆ گەڕان بەدوای وزەی جێگرەوە یان ئەوەی بە وزەی نوێبووەوە ناسراوە، بە دروستکردنی فڕن و وشککەرەوەی خۆر و بەشداریکردنی لە پاراستنی ژینگە و سەرچاوە سروشتییەکان، کە لە ڕێکخراوێکی هاوبەشەوە دەستیپێکرد و ناوی لێنا "زەیا بۆ چارەسەرە خۆریەکان".
بەشداریکردنی لەم هەوڵەدا ئاسان نەبوو، پێویستی بە خۆڕاگری هەبوو، کە ئیرادەی بەهێز و باوەڕێکی پتەوی وزەی نوێبووەوە و چارەسەری داهێنەرانە تاکە ئاماژەن بۆ دامەزراندنی بناغەکانی گەشەپێدانی بەردەوام و دروستکردنی پەیوەندییەکی بەهێز لەگەڵ زەویدا.
''پڕۆژەیەکی پێشەنگ بۆ چارەسەری خۆر''
سەبارەت بەم پڕۆژە پێشەنگە لە پەرەپێدانی چارەسەری وزەی جێگرەوە، ئاسیا سەباعی وتی: ئێمە لە ساڵی ٢٠١٩دا هاوکاری"زەیا بۆ چارەسەرە خۆریەکان''مان دامەزراند، ڕێکخراوێکی نێودەوڵەتیە، کە سەرەتا کۆمەڵێک ژن لە پسپۆڕییە جیاوازەکاندا خولی پەروەردەییان بینی، لە وزەیی نوێبووەوە تا خولی پەروەردەی پیشەیی، دواتر گروپێکی هەڵبژێردراو لە سودمەندان هەڵبژێردران بۆ دامەزراندنی هاوکارییەک بۆ بەرهەمهێنانی فڕن و وشککەرەوەی خۆر، ڕێکخراوەکەش پشتگیریان لێکردین تا سەرەتای ساڵی ٢٠٢٠.
هاوبەشی "زەیا بۆ چارەسەرە خۆریەکان" فڕنی چێشت لێنان بە خۆر بەرهەم دەهێنێت، کە هاوشێوەی فڕنی ئاساییە، بەڵام پشت بە تیشکی خۆردەبەستێت وەک سەرچاوەیەکی وزەی جێگرەوە، هەروەها لە ڕێگەی وشککەرەوەی خۆرەوە سەوزە و میوە و ڕووەکە بۆنخۆش و دەرمانییەکان وشکدەکرێنەوە، هەروەها خۆراک بۆ ماوەیەکی درێژ دەپارێزێت بەبێ ئەوەی پێویستی بە ساردکەرەوە هەبێت.
پەتای کۆڤید-١٩ قۆناغێکی سەختی بۆ ئەم هاوکاریە تازەپێگەیشتووە خستەڕوو، کە هێشتا پێگەی خۆی لە گەیشتن بە ئامانجەکانیدا دەدۆزێتەوە، وتیشی: دوای کۆتایی هاتنی ڕێککەوتنەکە لەگەڵ ڕێکخراوەکە، ئەندامان بەردەوام بوون لە کارکردن لەناو هاوکاریەکەدا پێش ئەوەی پەتای کۆڤید-١٩ پرۆژەکە ڕابگرێت، لەبەرئەوەی ئێمە لە قۆناغە سەرەتاییەکانی دامەزراندنیدا بووین، نەمانتوانی پەرە بە هاوکاریەکان بدەین، بەتایبەتی کە سودمەندان پێویستیان بە بەرزکردنەوەی زانیاری و لێهاتوویی تەکنیکی خۆیان بوو لە بواری وزەی نوێبووەوە، بەڵام دواتر بۆ ئەوەی دەست بە کارەکان بکەینەوە، ئەندامان ناچاربوون ئەو هاوکاریەکە بگوازنەوە لە تەنجەرەوە بۆ ناوچەی گوندنشینی فەحس ئەجرە لە باکووری مەغریب.
''گەڕان بەدوای چارەسەری وزەی جێگرەوە''
ئاسیا سەباعی وتی: بە لەبەرچاوگرتنی ئاستەنگەکانی گۆڕانی کەشوهەوا و کەمی سەرچاوەکانی وزە، پەنابردن بۆ وزەی نوێبووەوە، بەتایبەتی وزەی خۆر، بووەتە پرسێکی بەرچاو بۆ مەغریب و وڵاتانی دیکە کە دەستیان بە سەرچاوەکانی وزە نەگەیشتووە، ئەم پڕۆژانە دۆستی ژینگەن و کاریگەرییان لەسەر تێچوون هەیە و هیچ کاریگەرییەکی نەرێنی لەسەر ژینگە نییە، بەمەش چارەسەری بەردەوام مسۆگەر دەکرێت.
سەبارەت بە گواستنەوەی کارەکانی هاوکاری بۆ ناوچەی گوندنشینی فەحس ئەجرە، ڕوونیکردەوە، کە ئەمەش بەهۆی ئاسانکاری ئەنجامدانی تاقیکردنەوەکانەوە بووە، لە ناوچەیەکی گوندنشیندا، تاقیکردنەوەی وشککەرەوە و فڕنەکان پێش بەبازاڕکردنیان ئاسانترە، جگە لەوەش ئاسانتر سەرچاوەی ئەو بەرهەمانە دەدۆزرێتەوە کە چالاکییەکانی هاوکاریەکە لەسەری دامەزراوە، وەکو گیای دەرمانی و سەوزە، جگە لە چێشت لێنان بە خۆر، بەو پێیەی هەردوو وشککەرەوە و فڕنەکە بە بەکارهێنانی تیشکی خۆر کاردەکەن.
هاوکاری "زەیا بۆ چارەسەرە خۆریەکان" پڕۆژەیەکی پێشەنگە لە ناوچەی باکوور، لە ساڵی ٢٠٢١دا خەڵاتی "لالە هاوکاری"ی بەدەستهێنا بۆ باشترین بیرۆکەی پڕۆژە لە ناوچەی تەنجەر-تەتوان، ئەم خەڵاتە کە لەلایەن وەزارەتی گەشەپێدانی کۆمەڵایەتی و خێزان و هاوپشتی ڕێکخراوە و دان بە ژنانی خاوەنکاردا دەنێت، هەروەها ئەم هاوکارییە خەڵاتی باشترینی ژنانی مەغریبی بۆ باشترین پڕۆژە لە ناوچەی تەنجەر-تەتوان بەدەستهێنا، هەموو ئەم دەستکەوتانە وەک هاندەرێکی بەهێز بوون بۆ پڕۆژەکە، بۆ بەدواداچوونی ئامانجەکانی، دروستکردنی فڕن و وشککەرەوەی چێشت لێنان و وشککەرەوەی کوالیتی بەرز کە بە سەرچاوەی وزەی نوێبووەوەی سروشتی کاردەکەن بە شێوەیەکی خێرا کە لە چوارچێوەی کاتیی مرۆڤدا بە تەواونەکراو دادەنرێت.
''ئاڵەنگاری و سەختییەکان''
ئاسیا سەباعی ڕایگەیاند: ئاڵەنگارییەکان بێئەندازە بوون، ئەمەش وایکرد زۆرێک لە ژنان دەستبەرداری پڕۆژەکە بن، جگە لەو هەوڵ و کاتە بەرچاوەی کە پێویستە بۆ دروستکردنی فڕن و وشککەرەوەکان، پرۆسەکە زۆر گرانە و پێویستی بە تێچووی بەرچاوە، پرۆسەی بەرهەمهێنان پێویستی بە چەندین لێهاتوویی و شارەزای هەیە، زۆربەی بەشداربووان تەنها خولی پەروەردەی تیۆری بناغەییان وەرگرتووە و لێهاتوویی پراکتیکی زۆریان نەبووە.
هەروەها ئاماژەی بەوەشکرد، بە پەیوەندیکردن لەگەڵ کۆمەڵە و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان کە ئەزموونی بەرفراوانیان لەو بوارەدا هەیە، توانیمان بەسەر سەختییەکاندا زاڵبین و نموونەیەکی نوێی وشککەرەوەی خۆر پەرەپێبدەین دوای ئەوەی نموونەی کۆنی وشککەرەوەمان واز لێهێنا، کە چەندین کەموکوڕی تەکنیکی هەبوو.
وتیشی: ئەم وشککەرەوەیە لە هەندێک وڵاتی ئەفریقا وەرگیراوە و ئەنجامێکی باشی بەدەستهێناوە، لە ئێستادا زیاتر پەرەی پێدەدەین بۆ ئەوەی بتوانێت بۆ ماوەی ٢٤ کاتژمێر لە ڕۆژێکدا کاربکات، وزەی خۆر بۆ ماوەیەکی درێژخایەن هەڵدەگرێت، بە تایبەتی بۆ هەندێک بەرهەم کە پێویستیان بە ماوەیەکی درێژخایەنە بۆ وشکبوونەوە، وەک میوەی لیمۆ، بەهۆی زۆری ڕێژەی ئاوتێیدا.
لەنێو ئەو ئاڵەنگاریانەی تر کە لە پرۆژەکەدا ڕووبەڕووی بووەوە، ئاسیا سەباعی باسی لە سەختی ڕاکێشانی تەکنیکارانی پسپۆڕ لە دروستکردنی وشککەرەوە و فڕن و دڵنیابوون لە بەردەوامی دامەزراندنیان کرد، بەو پێیەی زۆربەی تەکنیکیەکان بەهۆی ئەو ئالەنگاریانەی کە ڕووبەڕوویان دەبێتەوە بە جێدەهێڵن.
''نەبوونی زانیاری لەسەر سەرچاوەی وزەی جێگرەوەدا''
یەکێک لە پرسەکانی بەردەم هاوکاریەکە، نەبوونی هۆشیارییە لە گرنگی ئەم وشککەرەوەی خۆر و چۆنیەتی کارپێکردنیان، زۆربەی هاوڵاتیان تاڕادەیەکی زۆر بێ ئاگان لە وزەی نوێبووەوە و گرنگییەکەی وەک جێگرەوەیەک بۆ کارەبا، ئەمەش وایکردووە ئەو هاوکاریە کە لەم بوارەدا کاردەکات هەست بە گۆشەگیری کاربکات.
ئاسیا سەباعی داوای هۆشیاری هاوڵاتیانی کرد سەبارەت بە گرنگی وزەی نوێبووەوە، جەختی لە گرنگی وزەی نوێبووەوە کرد، وتی: زۆربەی هاوڵاتیانی ناوچە گوندنشینەکان لەبارەی وشککەرەوەی خۆرەوە نازانن، پێویستە سەردانی مەیدانی بکەن بۆ ئەوەی زانیاریان هەبێت دەربارەی وشککەرەوەی خۆر و چۆنیەتی بڕین و وشککردنەوەی ڕووەک و گیای دەرمانی بە بەکارهێنانیان، هەروەها کاتی وشککردنەوە لە ناوچەیەکەوە بۆ ناوچەیەکی تر بەپێی بارودۆخی کەشوهەوا دەگۆڕێت، بۆ نموونە لە مەغریب کە پلەکانی گەرما بەرزە، ئەوەندە کات ناخایەنێت کە لە باکوور دەیەوێت.
ئاماژەی بەوەشکردووە، زۆربەی هاوڵاتیان گلەیی لەو کاتە دەکەن کە پێویستە بۆ چێشت لێنان بە وزەی خۆر، لەبیریان دەچێت کە چێشت لێنان لەبەر خۆر زیاتری دەوێت و بەپێی ناوچەکە و پلەی گەرمی و وەرزەکە دەگۆڕێت، بۆ نموونە کاتی چێشت لێنان لە زستاندا جیاوازە بە بەراورد بە هاوین.
چالاکییەکانی هاوکاریەکە تیشک دەخاتە سەر دروستکردنی وشککەرەوەی خۆر و فڕن کە وزەی خۆر بەکاردەهێنن بۆ لێنانی خۆراک و دواتر بەبازاڕکردنی بەرهەمی تەواو، ئەمەش ئاسان نییە، چونکە هێشتا چێشت لێنان و وشککردنەوەی گیاییەکان تاڕادەیەک لەنێو هاوڵاتیانی مەغریبدا نادیارە، کە پێیان باشە ئامێری کارەبایی یان فڕنی غازی بوتان بەکاربهێنن.
ئاماژەی بەوەشکرد، پێویستە هەڵمەتەکانی هۆشیاری چۆنیەتی بەکارهێنانی ئەم ئامێرە خۆرانە بگرێتەوە، هەروەها شێوازی دروستی بڕینی سەوزە و میوە کە مەبەست لێی وشککردنەوەن، بۆ دڵنیابوون لە ئەنجامی خوازراو، ئەمەش بە تایبەتی بۆ گیا دەرمانییە زۆر هەستیارەکان گرنگە، کە پێویستیان بە بڕینی ورد هەیە پێش ئەوەی بە وشککەرەوەکاندا تێپەڕن.
''نەبوونی مەشق و خولی پەروەردە لە بوارەکەدا''
ئاسیا سەباعی داوای هۆشیارکردنەوەی هاوڵاتیانی کرد سەبارەت بە پێویستی پاراستنی سامانە سروشتییەکان وەک زەنجەفیل کە بەهۆی دروێنەکردنی بێ جیاوازی پێش پێگەیشتنی لە ناوچەکانی باکوور نامێنێت، ئەمەش بووەتە هۆی کەمبوونەوەی ئەم سەرچاوە سروشتییە گرنگە.
تیشکی خستە سەر گرنگی بەرنامەیەک کە لەلایەن هاوکاریەکەوە پەسەندکراوە، بە پاڵپشتی ڕێکخراوێکی فەرەنسی، بۆ دروستکردنی وشککەرەوەی خۆر و دابەشکردنی بەسەر هاوکاریەکانی ژنان لە ناوچەی تەنجەر-تەتوان "١٠ هاوکارییە"کە کاردەکەن لە بەرهەمهێنانی گیا دەرمانی و بۆنخۆش، هەروەها وشککردنەوەی هەنجیر و بەرهەمهێنانی کوسکۆس.
دووپاتی لە گرنگی چێشتلێنان بە خۆر کردەوە، جگە لە بەکارهێنانی سەرچاوەی وزەی جێگرەوە، زۆر پراکتیکییە بۆ ئەو کەسانەی کە چەند ڕۆژێک بە سروشتدا دەگەڕێن، بەبێ ئەوەی پێویستیان بە بەکارهێنانی فڕنی غاز یان کارەبایی هەبێت.
ئاماژەی بە سستی خولەکان و نەبوونی زانیاری تەواو لەم بوارەدا کرد، بەتایبەتی سەبارەت بە لایەنە تەکنیکی و کارپێکراوەکان، لە کاتێکدا زۆرێک لەو ژنانەی کە سەرکردایەتی ئەم جۆرە پڕۆژانە دەکەن خاوەنی تێگەیشتنێکی تیۆریین، لەوانەش خوێندکاران و توێژەرانی پسپۆڕ لە وزەی نوێبووەوە، هەروەها ئەوان ئەزموونی تەکنیکییان نییە و هەربۆیە پێویستیان بە خولێ بەپەلە هەیە لەم بوارەدا.
ئاسیا سەباعی لە کۆتایدا داوای بەهێزکردنی تواناکانی ژنانی کرد کە سەرکردایەتی ئەم پڕۆژە ژینگەدۆستانە دەکەن و پشت بە سەرچاوەی وزەی جێگرەوە دەبەستن، جەختی لە گرنگی هاندانی ئەوان کردەوە بۆ چوونە ناو ئەم بوارانە کە لە مێژە پیاوان زاڵن بەسەریاندا، بە بەرزکردنەوەی توانا تەکنیکییەکانیان و بەکارهێنانی شارەزایی وڵاتانی پێشەنگ لەم کەرتەدا.