ئەندازیارێکی خانەنشین ڕیسایکلین دەکاتە ئامانجی کارکردنی
گوڵاڵە عەبدوڵا، ژنێک لە پارچە قوماشێکی فڕێدراوەوە بۆ خەونێکی گەورە، ئەندازیارێکی خانەنشین کە ژورێکی ماڵەکەی کردووەتە کارگەی ڕیسایکلکردن، تا بە ئامانجەکەی بگات.
هێلین ئەحمەد
سلێمانی_ لە ژورێکی بچووکی ناو ماڵەکەیدا، شوێنێک کە ڕەنگە بۆ زۆر کەس تەنها ژووری ئاسایی بێت، چیرۆکێکی جیاواز لەدایک دەبێت، لێرە پارچە قوماشی فڕێدراو دووبارە ژیان وەردەگرێت و دەبێتە فەڕش، دیکۆری ناوماڵ و بەرهەمی دەستکرد، پشت ئەم بیرۆکەیە ژنێک وەستاوە کە پاش خانەنشینبوون بە شوێن پشوو ئارامیدا نەچوو، بەڵکو ژورێکی ماڵەکەی کردە کارگە و خەونێکی نوێی بۆ ژنان و بۆ ژینگە دەستپێکرد.
ژنێک لە ژوورێکی بچووکەوە کاری کارگەیەک دەکات
گوڵاڵە عەبدوڵا محەمەد، ئەندازیارێکی خانەنشین، لەگەڵ پێنج ژنی ناو خێزانەکەی هەموو ڕۆژێک پارچە قوماشەکان کۆدەکەنەوە؛ ئەو پارچەیانەی لە دوای خەیاتی جلەکان زۆرجار دەخرێنە ناو زبڵدان، بەڵام لە دەستی ئەواندا، ئەو پاشماوانە دەگۆڕدرێن بۆ بەرهەمگەلێکی نوێ کە هەم جوانن و هەم سوودی ئابووریان هەیە، گوڵاڵە وتی: هەموو شتێک لە بیرۆکەیەکی سادەوە دەستیپێکرد، هەمیشە کاتێک دەمدیت خەیاتەکان چەندین کیلۆ پارچە قوماش فڕێدەدەن، لە خۆم دەپرسیم بۆچی ئەمانە دەبنە زبڵ، کاتێک دەتوانن ببنە شتێکی بەسوود؟ لەو پرسیارەوە هەموو شتێک دەستیپێکرد، ئەگەر هەر خێزانێک بتوانێت بەشێک لە پاشماوەکانی دووبارە بەکاربهێنێت، هەم ژینگە پارێزراوتر دەبێت و هەم دەروازەیەکی نوێ بۆ داهات دروست دەبێت.
لە کاتێکدا جیهان بەدوای چارەسەری پاشماوە و پاراستنی ژینگەدا دەگەڕێت، چیرۆکی گوڵاڵە عەبدوڵا نیشان دەدات گۆڕان لە کارگە گەورەکانەوە دەستپێناکات، زۆرجار لە ژورێکی بچووکی ناو ماڵ و لە دەستی ژنێک دەستپێدەکات کە باوەڕی بە خەونەکەی هەیە، ئەگەڕ پڕۆژەی گوڵاڵە سەرکەوتوبێت، لە هەمان کاتدا هەم کێشەی پاشماوە چارەسەر دەکات و هەم دەرفەتی کاری نوێ بۆ ژنان دروست دەکات.
" لالاس بە ئامانجی ڕیسایکلکردنی قوماشی زیادە دروستبووم هەر بەردەوام دەبێت"
گوڵاڵە عەبدوڵا محەمەد، ئەندازیار ئاماژەی بەوەکرد، لە پاش خانەنشینبوونی وەک خولیایەک دەست بە کاری دروستکردنی فەڕش دەکات، لە ماڵەکەی خۆیدا لەگەڵ پێنج ژنی دیکەی ناو خێزانەکەی، پێکەوە بەدوای خەونو خولیای خۆیاندا دەچن، کاری فەڕش چنین بە قوماش دەکەنە بزنسێکی بچووک لە ماڵەکەیاندا، وتی: زیاتر لە سێ ساڵە بیرۆکەی دروستکردنی فەڕش، هەیە، پاش خانەنشینبوونم لە ماڵەوە بێکار دانەنیشتم، لەگەڵ چەندین هاوکاری دیکەم کاری ڕیسایکلینمان بۆ پارچە قوماشی زیادە دەکرد و چەندین دیزاینی فەڕش و کومبارمان بۆ دیکۆری ماڵان دروستکرد، لە ژێرزەمینی ناو ماڵەکەمدا لەگەڵ هاوکارەکانم پێکەوە کەلوپەلە پێویستەییەکان کۆدەکەینەوە و فەڕش و کارە دەستییەکانامن دەکەین، پاشان ئەم پێشەنگایەمان کردەوە، بە هۆی ئەم پێشانگایەوە، کارگەی کولتووری جگەرەکە، لە شاری سلێمانی، بەڵێنی ئۆفیسێکی بچووکی پێداین، تا بتوانین ڕۆژانە سەردانی کارگە بکەین و کاری خۆمانی تێدا بەردەوام بکەین.
باسی لەوەشکرد، بۆ کردنەوەی پێشانگایەک چەندین هەوڵیان داوە، بەڵام چەندین لایەن کارەکەیانی پشتگوێ دەخست، بەڵام لە کۆتاییدا لە کارگەی کولتووری جگەرەکە ئەم پێشانگایەیان کردەوە، وتیشی: کارەکانم پشانی چەندین کەس دەدا، تا بتوانم پێشانگایەک بکەمەوە یان کارەکەم گەورە بکەم، بەڵام هاوکاریان نەدەکردم، لە کۆتاییدا پەیوەندیم بە کارگەی کولتووری جگەرەکەوە کرد و هاوکاریان کردین، کارە چنینەکانم هێنایە ئێرە تەنها کاری فەڕشچنینی تێدا نییە، بەڵکو کاری ڕایزن و کاری چنینی پولەکەشی تێدایە، من تەنها بە قوماش فەڕش دروست ناکەم، بەڵکو لە ڕێگەی ڕایزنەوە کاری دەستڕەنگینی دیکە دەکەم، لەسەر شوشە و قاپ و پەرداخەکان کاری ڕایزن ئەکەم، لە ڕێگەی پولەکەو زەنگیانەوە کاری چنین دەکەم، لە هەر جێگەیەک نەخشێک یان دیزاینێکم بەدڵبێت، وێنەیەکی دەگرم و دروستی دەکەمەوە، خولیام بۆ کارەکەم هەیە، بۆیە دەتوانم هەرچی مۆدێلێکم بوێت دروستی بکەمەوە.
لە کۆتایی قسەکانیدا گوڵاڵە عەبدوڵا وتیشی: لە دوای خانەنشینبوونم دوای خەونە لەمێژینەکەم کەوتم، کاتێک ئامانجێکت هەبوو دەتوانیت خەونەکەت بەدیبهێنیت، بەهۆی بەرپرسیارێتی دایکایەتی و کاری فەرمانبەریمەوە نەمتوانی زوو دەستبکەم بە کاری خۆم بەڵام لە دوای خانەنشین بوونم، دەستمکرد بە کار و ئێستە دەمەوێت کارەکەم گەورەتر بکەم، لە ئێستادا ژنان لە ناو ماڵەکانی خۆیاندا خەریکی بزنسی بچووکن، بەڵام دەتوانن هەوڵ بۆ گەورەترکردنی بدەن، هیوادارم ژنان بتوانن لە هەر کات و تەمەنێکدا بەدوای ئامانجەکانیان بکەون، هەروەها "لالاس" دیزاین لە ناوی خۆمەوە هاتووە و ئامانجمە بە هاوکاری خێزانەکەم و ئەو ژنانەی لەگەڵمدا هەوڵیانداوە گەورە بکەم.