پڕۆژەیەکی کاری دەستی هەلی کار بۆ ٧٥ ژن لە ئەفغانستان دابین دەکات
سەرەڕای ئەو سنووردارکردنانەی کە لە ئەفغانستان بەسەر ژناندا سەپێندرا، ڕەتکردنەوەی خوێندن و دامەزراندن، بەڵام شەکیلا ئەحمەدی توانی تواناکانی کاری دەستی بگۆڕێت بۆ پرۆژەیەکی ئابووری لە بامیان، کە کار و داهاتی بۆ ٧٥ ژن دابین بکات.
بەهاران لەهیب
بامیان- لە بازاڕی شاری بامیان، بازاڕێکی بچووک هەیە کە چالاکیی کار و هەوڵی ژنانی تێدا زیندووە، لە پشت پەنجەرەی دوکانەکان و کۆشکە بچووکەکانەوە، جل و بەرگی دەستی چنراو و شاڵی چنراو و بەرهەمە هەستیارەکان دەردەکەون، دەرئەنجامی هەوڵی کاتژمێری درێژی ژنانە کە زۆرێکیان دەرفەتی درێژەدان بە خوێندنیان لەدەستدا و ئەمڕۆش ڕوو لە بەرهەمهێنانی کاری دەستی لە ماڵەکانیاندا دەکەن.
بەشێک لە ژنان لەم بازاڕەدا بە سەرمایەی سنووردار پڕۆژەی خۆیان بەڕێوەدەبەن، هەندێکی دیکەش بە پاڵپشتی دامەزراوەکان و بەتایبەت ڕێکخراوەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان کاردەکەن، سەرەڕای ئەو سنووردارکردن و هەراسانکردنەی کە لەلایەن ئەندامانی پۆلیسی ئایینیەوە ڕووبەڕوویان دەبێتەوە، بەڵام ئەم ژنانە بەردەوامن لە گەڕان بەدوای ڕێگاکانی پراکتیزەکردنی کارەکانیان و سوودوەرگرتن لە لێهاتووییەکانیان.
لە نێو ئەو ژنانەشدا شەکیلا ئەحمەدی هەیە کە حەوت ساڵ لەمەوبەر دەستی بە چالاکییەکانی لە بواری کاری دەستیدا کردووە و ئەمڕۆش توانیویەتی کەرەستەی خاو و دیزاینی پێویست بۆ دەستەبەرکردنی هەلی کار و سەرچاوەی داهات بۆ ٧٥ ژن دابین بکات.
شەکیلا ئەحمەدی باس لەوە دەکات، کە ماوەی حەوت ساڵە لە بواری کاری دەستی لە بازاڕی هونەری بامیان کاردەکات و وتی: کاری دەستی لە بامیان پەیوەستە بە وەرزی دیاریکراوەوە، وتی: لە وەرزی زستاندا دەست بە بەرهەمهێنان دەکەین، لە وەرزی بەهاریشدا بەرهەمەکانمان دەفرۆشین، بەهاری گەرم لێرە نزیکەی شەش مانگ دەخایەنێت، هاوکات وەرزی زستان زۆر ساردە، گەشتیاران لە وەرزی هاویندا دێن، بۆیە فرۆشتنمان لەم ماوەیەدا باشتر دەبێت، بەڵام لە وەرزی زستاندا هیچ فرۆشتنێکی بەرچاو نییە، بەو پێیەی ئێمە سەرنجمان لەسەر بەرهەمهێنانە بۆ ئەوەی لە وەرزی بەهاردا بەرهەمەکانمان بفرۆشین.
سەبارەت بەو ژنانەی بەرهەمەکان دروستدەکەن، وتی: زۆربەی کارەکانی بەرهەمهێنان لەلایەن ئەو ژنانەوە ئەنجامدەدرێن کە لە ناو ماڵەکانیانەوە کاردەکەن، ئەو منداڵە کچانەی کە بێبەشن لە خوێندنی زیاتر و لە ماڵەوە کاتەکانیان بەسەر دەبەن، هەروەها بەشدارن لە دروستکردنی جلوبەرگ و شاڵی دەستی چنراو و بەرهەمی دیکە، ئێمە کەرەستەی خاو و دیزاینیان بۆ دابیندەکەین، ئەوانیش لە فرۆشگاکەمانەوە دەیانبەن و لە ماڵەکانیان کاریان لەسەر دەکەن، دواتر بەرهەمەکان بۆ ئێمە دەگەڕێننەوە و موچەی خۆیان ورردەگرن.
وتیشی: نزیکەی ٧٥ کارمەندی هەمیشەییم هەیە، هەروەها ژنانی دیکەش لە خێزانەکانیان بەشداری کارەکە دەکەن، بەو پێیەی هەر خێزانێک نزیکەی چوار یان پێنج ژنیان هەیە، یەکێکیان بە ناوی ئەوانی ترەوە کەرەستەکان وەردەگرێت، ئینجا لەناو ماڵەکەدا پێکەوە کاردەکەن، پێڵاوی هەستیار و بەرهەمی دیکە دروستدەکەن، هاوکات منداڵە کچەکان ئەو جلوبەرگ و شاڵانە دەچنن کە دەیبینیت، ئەوان بە وردبینییەکی زۆرەوە کاردەکەن و هەوڵێکی زۆر دەدەن، هەروەها موچە وەردەگرن بۆ کارەکانیان، کە ئەمەش بۆ ئەوان گرنگە، بەتایبەتی بە لەبەرچاوگرتنی بێکاری و ئەو ڕاستییەی کە زۆرێکیان هیوای بەردەوامبوونیان لە خوێندن لە قوتابخانە و زانکۆکان لەدەستداوە.
لە پەروەردەوە بۆ کارگێڕی
سەبارەت بە ژیانی پێش دامەزراندنی دوکانەکەی، وتی: لە قوتابخانە تایبەتەکاندا مامۆستا بووم، لە هەمان کاتیشدا قوتابیی زانکۆ بووم، پاشان بیرم لە زیندۆکردنەوەی کولتوورەکەمان و پاراستنی دەستوکارەکانمان کردەوە، چونکە منیش خاوەنی ئەم لێهاتووییە بووم، بۆیە دوکانێکم بە کرێ گرت و دەستم بە کارکردن کرد، لە سەرەتادا تەنها لەگەڵ چوار ژندا دەستم پێکرد، بەڵام ژمارەی کرێکارە هەمیشەیییەکان بە تێپەڕبوونی کات زیاد کرد، زۆرینەی ئەو ژنانە ناتوانن لە ماڵەکانیان دەربکەون یان ڕێگەیان پێ نادرێت بچنە بازاڕەوە.
بانگەوازی لە ژنان کرد کە بەردەوام بن لە هەوڵدان، کارکردن و تێکۆشان وتی: ڕاستە ئێستا ناتوانن بەردەوام بن لە خوێندن، بەڵام منیش لە ساڵی دووەمی زانکۆدا بووم کاتێک لە درێژەپێدانی خوێندنەکەم بێبەش کرام، لەگەڵ ئەوەشدا هیوای خۆم لەدەست نەدا، بەڵکو ڕووم کردە بازرگانی، ئەم پیشەیە ئەمڕۆ بۆتە سەرچاوەیەکی هیوای گەورە بۆ من، دەبێت ژنان بەهێز بن، بەردەوام بن لە هەوڵدان و تێکۆشان، پێویستە هەموو ژنێک سوود لەو لێهاتووییانە وەربگرێت کە هەیەتی و خۆی بەدەست بارودۆخەوە نەدات.