کارگەی ئامارگی؛ نمونەیەکی ئیلهامبەخش بۆ سەربەخۆیی ئابووری ژنان
کارگەی "ئامارگی"عامودای باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، نوێنەرایەتی نمونەیەکی ئابووری سەرکەوتوو دەکات، بە ڕۆحێکی بەکۆمەڵ و هاوکاری دامەزراوە، بەتەواوی لەلایەن ژنانەوە بەڕێوەدەبرێت، دەرفەتی فێربوونی دورین و بەدەستهێنانی سەربەخۆی دارایی ڕەخساندووە.

زەینەب عیسا
عامودا- باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا شایەتی گۆڕانکارییەکی چۆنایەتی لە ڕۆڵی ژناندا بووە، شۆڕشی ژنان تەنها لە لایەنی سیاسی و کۆمەڵایەتیدا سنووردار نەبووە، بەڵکو بۆ کایەی ئابووریش درێژ بووەتەوە.
کارگەی دوورینی "ئامارگی" کە لە شاری عامودا لە کانتۆنی جزیرە دامەزراوە و بەتەواوی لەلایەن ژنانەوە بەڕێوەدەبرێت، شوێنێک دابین دەکات، کە ژنان دەتوانن فێری پیشەی دورین ببن و چالاکانە بەشداری پڕۆسەی بەرهەمهێنان بکەن، کە سەربەخۆی ڕاستەقینەی ئابوورییان پێدەبەخشێت، بە ڕۆحی شۆڕشی ژنان، کارگەی "ئامارگی" بووەتە هێمای ڕزگارکردنی کارە لە سنووردارکردنی نەریتی، کردویەتی بە ئامرازێک بۆ خۆبەهێزکردن.
ژنانی عامودا کار دەکەنە پەیامی بەهێزکردن
سەبارەت بە ئامانجی ژنان بۆ ئەم پڕۆژەیە، سوعاد میلی ئاماژەی بەوەدا، ئامادەکارییەکان بۆ کردنەوەی کارگەی ئامارگی نزیکەی شەش مانگی خایاند، بە ئامانجی ئەوەی ژنان بتوانن فێری پیشەی دروومان ببن، وتی: هەموو ئەو ژنانەی ئەمڕۆ لەگەڵمان کاردەکەن بەکۆمەڵ بەشدارییان کرد لە دانانی وۆرکشۆپەکە بە ڕۆحێکی هاوکارییەوە، لەم قۆناغەدا، ڕووبەڕووی هەندێک کێشە بووینەوە، بەڵام کاتێک بینیمان دەست بە دەست کاردەکەین بۆ دامەزراندنی پڕۆژەکەمان، ئەو ئاڵەنگاریانە چیتر ئاستەنگیان نەبووە.
ئاماژەی بەوەشکرد، دوای شەش مانگ لە ئامادەکاری، دوو هەفتە لەمەوبەر بە فەرمی وۆرکشۆپەکە کرایەوە، هەموو کارمەندن ژنن، هەرچی بەرهەمی دەهێنین لە بازاڕە ناوخۆییەکان دەفرۆشرێن، پێشتر توانیومانە زۆرێک لە بەرهەمەکانمان لەناو شارەکەدا بفرۆشین، هەروەها لە ناو کارگەکەوە بەردەوامین لە فرۆشتن.
سوعاد میلی ڕوونی کردەوە، کە کارمەندانی کارگەکە بڕیاری بەکۆمەڵیان داوە بۆ کردنەوەی، وتیشی: بڕیارماندا ئەم وۆرکشۆپە بە پاڵپشتی بەشی ئابووری کۆمەڵایەتی لە کۆنگرەی ستار بکەینەوە، زۆرێک لە ژنان لە ماڵەوە کاریان دەکرد، بەڵام لە چوارچێوەیەکی سنوورداردا کە ڕێگەی نەدەدا گەشە بکەن، بۆیە بڕیارماندا ئەم پڕۆژەیە دابمەزرێنین.
جەختیشی لەوە کردەوە، کە ئامانجمان ئەوەیە وەک ژنان هاوکاری بکەین، پێکەوە بەرهەم بهێنین و بەرهەمەکانمان بخەینە بازاڕەوە، بۆ ئەوەی هەریەکەمان سوودمەندبین، و بتوانین بە دەستی خۆمان ئابوورییەکی سەربەخۆ بونیاد بنێین.
سوعاد میلی ڕوونکردنەوەیەکی وردی لەسەر سروشتی کارەکانی ناو کارگەی "ئامارگی" دا و ئاماژەی بەوەدا، کە وەرشەکە ١١ ئامێری دروومان لەخۆدەگرێت، هەریەکەیان کارێکی دیاریکراویان هەیە وەک دورین و بڕین و ئوتوکردن، وتی: ئێمە جل و بەرگ دەدورین و لە شارەکانی وەک حەسەکە، قامیشلۆ، دێریک، دەرباسیە دەیفرۆشین، زۆرێک لە ژنان داوامان لێدەکەن کە بڕێکی زۆر جلوبەرگ بدورین بۆ ئەوەی بتوانن لە ماڵەکانیان بیفرۆشن و لە ڕووی داراییەوە سوودمەند بن.
ئاماژەی بەوەشکرد، هەروەها لە کارگەکەدا خولی پەروەردەی دورین پێشکەش دەکەین، بەتایبەتی بۆ ئەو کەسانەی دەیانەوێت فێری ئەم پیشەیە بن، بۆیە کاردەکەین بۆ ئامادەکردنی ئەو خولانە بۆ دابینکردنی پێداویستیەکانیان، لە داهاتوودا، ئاواتەخوازین بازنەی وۆرکشۆپەکە فراوانتر بکەین بۆ ئەوەی ژمارەیەکی زیاتر لە ژنان بتوانن لەوێ کاربکەن و لقی نوێ لە شارەکانی دیکەدا بکەنەوە.
لە ناوەوەی کارگەی ئامارگیەوە: ئەو ژنانەی کە دروستکردن و بەرهەمهێنن و ئیلهامبەخشن
غالیە کیفۆ دیدگای تایبەتی خۆی بۆ کارکردن لە چوارچێوەی کارگەی "ئامارگی" خستەڕوو، ئاماژەی بەوەدا، کە ئامانجی سەرەکی ئەو پشتگیریکردنی خێزانەکەی و بەدەستهێنانی سەربەخۆی ئابوورییە، وتی: لەو کاتەوەی وۆرکشۆپەکە کرایەوە، من لەوێ کارم کردووە، ئاواتەخوازم فێری پیشەی دورین بم بۆ ئەوەی بتوانم ئابووری بۆخێزانەکەم دابین بکەم.
لە درێژەی قسەکانیدا، وتی: هەموو بەیانییەک دێینە وۆرکشۆپەکە، هەریەکەمان بەرەو ئامێری دروومانەکەی خۆمان دەڕۆین و دەست بە کارەکان دەکەین، ژنێک قوماشەکە دەبڕێت، ژنێکی دیکە دەیدوورێت و سێیەمیش ئوتوی دەکات، هەموومان وەک گروپێکین بە هاوئاهەنگی کاردەکەین، وۆرکشۆپەکەمان بەرەو پێشەوە دەبەین.
ئاماژەی بەوەشکرد، هەموو ئەو جلوبەرگانەی بەرهەمی دەهێنین لە بازاڕە ناوخۆییەکان دەیفرۆشین، ئەم وۆرکشۆپەمان دامەزراند بە پاڵپشتیی یەکتر لەلایەن هەموومانەوە وەک ژن، من یەکێکم لەو ژنانەی ئەمڕۆ لەوێ کاردەکەین، و لەو باوەڕەدام کە کارگەکە هەلی کاری ڕاستەقینە بۆ ژنان دەکاتەوە، بۆیە بانگهێشتی هەموو ژنێک دەکەم کە دەیەوێت فێربێت و کاربکات بۆ ئەوەی لەگەڵمان بێت و لە سنووری کاری ناوماڵ دەربچێت.