مەیانەکە شوێنی کۆبوونەوەی سەدان کرێکاری ژنە

ناو بازاڕی پێنجوێن کە بە مەیانەکە ناسراوە شوێنی کۆبوونەوەی سەدان کرێکاری ژنە، لە ناوچە جیاوازەکانی سنوری شارەزوور و هەورامانەوە دێن و لێی کۆدەبنەوە، لە بەیانییەکدا بەشێک لەو ژنانە سەبارەت بە بارودۆخی ژیانیان و کارکردنیان بۆ ژنها دوان.

 

هەوار محەمەد

شارەزوور- کاتژمێر نزیکەی ٥:٠٠ی بەیانییە بەرەو بازاڕی شارۆچکەی پێنجوێن دەچین، "مەیانەکە"، ئەو شوێنەی بە درێژایی ساڵ بە سەدان کرێکاری ژن لە تەواوی شار و شارۆچکە و ناحیەکانی شارەزوور و هەورامان لێی کۆدەبنەوە، لە کاتژمێر ٣:٠٠ بۆ ٦:٠٠ی بەیانی دوای بڕینی ڕێگایەکی دوور لێرە وچانێک دەدەن و بەشێکیان نان و چای بەیانی لێرە دەخۆن و بەشێکیشیان نانی بەیانییان لێرە دەبەن بۆ شوێنی کارەکانیان.

 

لەم  وەرزەدا کاتی چنینەوەی تەرەکاڵە، ژنان لە ناوچە جیاوازەکانەوە هاتوون بۆ چنینەوەی شوتی، کاڵەک، خەیار، تەماتە، کولەکە و بەهەمەکانی تر لە دەشتەکانی سەر بە قەزای پێنجوێن، چوینە لای بەشێک لەو ژنانەی لەم بازارەدان، سەبارەت بە کارەکەیان و بارودۆخیان و چۆنیەتی  بەسەربردنی ڕۆژەکانیان بۆ ژنها دوان.

 

گەلاوێژ قادر، ژنێکی تەمەن ٤٥ ساڵە، ئەو سەرەڕای ئەوەی نەخۆشە بەڵام ڕۆژانە لە کاتژمێر ٣:٠٠ی بەری بەیانی لە پارێزگای هەڵەبجەی شەهیدەوە لەگەڵ هاوکارەکانی بۆ کارکردن دێتە ناوچەکانی پێنجوێن و تا کاتژمێر ٤:٠٠ی ئێوارە کاردەکات. 

ئامینە نامیق، ژنێکی دیکەی تەمەن ٥٧ ساڵە و خەڵکی کەرکوکە، وەک خۆی ئاماژەی پێدەدات ٣٠ ساڵە ئاوارەی شارەزوورە و خێزانەکەی  بە دەستی ڕژێمی بەعسی عێراقی ئەنفالکراون، لە ئێستاشدا  لە سەیدسادق دەژی و لەم بەیانییەدا بۆ کارکردن هاتووە بۆ ناوچەکانی دەورووبەری پێنجوێن.

 

ئامینە باس لەوە دەکات ئەو ژنانەی دێن بۆ کارکردن هەژاری و نەبوونی موچە و خزمەتگوزاری حکومەتی هەرێمی کوردستان ناچار بەم کارە قورسەی کردوون، ژنانی گەنجی خوێندکار و دەرچووی زانکۆ و پەیمانگاکانیش کاردەکەن لەگەڵیان، هەروەها ژنانی بە تەمەن و نەخۆش و ئەو ژنانەش کە بە تەنها ئەرکی بەخێوکردنی خێزانیان گرتووەتە ئەستۆ ڕەنج دەدەن بۆ بژێوی ژیانیان.

کاتێک لەگەڵ دایە ئامینە دواین بۆ ئەوەی چاوپێکەوتنی لەگەڵ ئەنجام بدەین رازیبوونی خۆی دەربری تەنها بە هۆکاری ئەوەی کە لە خەمی ژنانی گەنجدا بوو، داواشی لە حکومەت کرد کە هاوکاری ژنانی گەنج بێت.

 

ڕابیعە حەسەنی تەمەنی ٦٤ ساڵ، دانیشتووی شارۆچکەی پێنجوێنە، ئەو بەیانیان کاتژمێر ٥:٠٠ تا ٤:٠٠ی ئێوارە لەگەڵ کرێکارە ژنەکانی هاوڕێی لە پشتی پیکابێکەوە دەچن بۆ دەشتەکانی دەوروبەری شارۆچکەکە، دایە ڕابیعە باس لەوە دەکات بەیانیان ئەو کرێکارانەی لە پشتی پیکابەکانەوە دەچن بۆ شوێنی کارەکانیان بەهۆی سەرماوە چادر بە خۆیاندا دەدەن تا تەندروستییان پارێزراو بێت.

هەر لە دوورەوە بە تەماشاکردنێک پێیەوە دیاربوو سەرکاری ئەو کۆمەڵە ژنەیە کە بە دەوریەوەن، ئامینە عەزیز، لەگەڵ ژنەکانی هاوڕێی لە چاوەڕوانی هاتنی ئوتومبێلێکی نوێدایە، چووینە لای و سەرەڕای دوودڵی و درەنگ کەوتنیان لە کارکردن، بەڵام بە ئارامی ڕوویەکی گەشەوە بۆمان دوا.

ئامینە باس لەوە دەکات ڕۆژانە لە سەیدسادقەوە بۆ کارکردن دێنە ناوچەکانی پێنجوێن و ئەو حەق دەستەی وەریدەگرن بەرامبەری ڕەنج و ماندوو بوونیان نییە و پێداویستییەکانیان پڕ ناکاتەوە.

 

لێرەوە دەتوانین ئەوە ببینین ژنان توانیویانە لە هەموو بارودۆخە سەختەکاندا خۆیان و خێزانەکانیان بژیەن، ئەو ژنانە پێشیان وایە کارکردن ئەرکی هەر مرۆڤێکی خاوەن تەندروستییەکی جێگیرە، بەڵام خراپی بارودۆخ و ناچاری کارکردن بە تایبەت بۆ ژنانی بە تەمەن و نەخۆش ژنانی  گەنجی دەرچووی زانکۆ و پەیمانگاکان کە کارێک دەکەن جیاواز و دوور لە پسپۆڕییان، جێگای لێرامان و هەڵوێستە لەسەرکردنە لەلایەن کۆمەڵگا و بەرپرسانەوە.  

 

ت.پ