ژنانی ئامەد بە کرێی کەم کار دەکەن تا بژێوی ژیانیان دابین بکەن

هاوڵاتیان بەهۆی قەیرانی ئابووری و زیادبوونی باجەوە ڕووبەڕووی سەختی دەبنەوە لە پەیداکردنی پارەی ئاو، کارەبا، سوتەمەنی، جلوبەرگ و خواردن، ژنانیش لە کارگەکانی دروستکردنی خشتدا ناچارن بە موچەیەکی کەم کار بکەن، تا بژێوی ژیانیان دابین بکەن.

 

مەدینە مەمەدئۆغڵو

ئامەد- لە سەروبەندی بڵاوبوونەوەی کۆرۆنادا ڕێژەی بێکاری بەرز بووەوە، بەتایبەت ژنان لە کارەکانیان دوورخرانەوە، سەرباری ئەوەش هەمیشە لە هەوڵدان تا بژێوی خێزانەکانیان دابین بکەن، ئەو ژنانەی لە کارگەی دروستکردنی خشتدا نزیکەی ١٠ کاتژمێر لەناو خۆڵ و خاکدا کاردەکەن، دەڵێن کاردەکەین تا پارە بەشی باج و خواردنی منداڵەکانمان پەیدا بکەین، ماوەی ١٠ مانگیشە بە موچەیەکی کەم بەردەوامن.

 

دروستکردنی خشت لە کارگەکەدا بە ئامێر دەکرێت، دواتر ژنان خشتە دروستبووەکان بە هێزی بازووی خۆیان دەگوازنەوە بۆ ژوورەکان و هەڵیدەچنن، ئەو ژنانە بە وزە و هێزەوە کاردەکەن و کاتی کارکردنیشیان لەناو یەکتردا بەخۆشی بەڕێدەکەن.

 

"چەندین ساڵە لەم کارەدا فێردەبین"

خانم شاهین، ماوەی ١٣ ساڵە لەو کارگەیەدا کار دەکات، دەربارەی هیلاکی و زەحمەتییەکان وتی: ئەم کارە بۆ ژنانی گەنج ئاسانترە، ژنە بە تەمەنەکان زیاتر ماندوو دەبن، ڕۆژێک کاردەکەن، دوو ڕۆژ نایەن و دواتر دەستپێدەکەنەوە، ئەوان وردە وردە فێردەبن، ئەو کارەی ئێمە دەیکەین هیلاکییە، بەڵام دەبێت بەردەوام بین، ئامێرەکان خشتەکان دروستدەکەن و ئێمە هەڵیاندەگرین و دەیانگوازینەوە بۆ سەر مێزەکان تا ڕیزیان بکەین، لە مانگەکانی زستاندا لەناو خێمەدا کاردەکەین بەشێکمان دەڕۆین بۆ بەتاڵکردنی کۆگاکان، پاشان بەشێکی دیکە بەتاڵەکان پڕدەکەنەوە، ئێمە بێ وەستان کار دەکەین.

 

"ئێمە بە موچەیەکی کەم کاردەکەین"

خانم شاهین باسی لەوەکرد بەهۆی نەبوونی کارەوە ژنان ناچارن بە موچەیەکی کەم کاربکەن، وتیشی: ئێمە لە کارگەکەدا نزیکەی ١٠ مانگ کاردەکەین، کاتێک باران زۆر بێت ناتوانین کاربکەین، بەڵام کاتێک هاوین دێتەوە دەستدەکەینەوە بە کارکردن، ژنان بۆ ئەوەی برسی نەبن و چاوەڕێی دەستی پیاو و دەوڵەت نەبن کاردەکەن، دەوڵەت باجی زیادکردووە، بۆیە خەڵک ناتوانن پارەکانیان کۆبکەنەوە چونکە پارەکانیان بەشی خۆیان ناکات، بۆیە ئێمە بە پارەیەکی کەمتر کاردەکەین.

 

ت.پ