لە قەلادزێ فێستیڤاڵێکی بەبازاڕکردن بۆ بەرهەمەکانی ژنان ئەنجامدرا
لە شاری قەڵادزێ ژنان کار دەکەن و دەیانەوێ خاوەن کاری خۆیان بن و بژێوی ژیانی خۆیانی پێ دابین بکەن، لەفێستیڤاڵەکاندا کارەکانیان دەخەنەڕوو بۆ فرۆشتن.

دیڤان سیهاد
قەڵادزی- دوێنێ ٢٤ی نیسان لە شاری قەڵادزێ گروپی پەری بەهاوکاری ماڵی کەلەپووری و دامەزراوەی کەریمی عەلەکە فێستیڤاڵێکی خواردنە کوردەواری و کارە دەستیەکانی بۆ ژنان کردەوە، بۆ ئەوەی بتوانن بەرهەم و کارە دەستییەکانی خۆیان لەم فێستیڤاڵەدا بە بازاڕ بکەن و بژێوی ژیانی خۆیانی پێ دابین بکەن، بیکەن بە سەرچاوەی ژیانی خۆیان.
ساکار تەها، ژنێکی خاوەن کارە وتی: من دانیشتووی قەڵادزێم لەو چالاکیە بەشداریمان کردوەم ئەمڕۆ کە یادی ٢٤ی نیسانە، لەمڕۆژەدا لە ساڵی ١٩٧٤ کە ئێرە بۆردوومان کراوە لەو ڕۆژەدا کردومانەتەوە، هەروەها وتی ئێمە وەکو گروپی پەری هەڵساوین بە کردنەوەی ئەم بازاڕ کردنە بۆ خۆمان، ئێمە بەردەوام دەبین، بە هاوکاری ماڵی کەلەپووری و دامەزراوەی کەریمی عەلەکە کردومانەتەوەو زۆر هاوکارمانن، زۆر دەمێکە بەشداری ئەم چالاکیانە دەکەین، بەڵام تا پێش ڕەمەزان هەر هەفتە بازاڕمان هەبوە هەفتانە هەموو ڕۆژانی شەممە بەشداریمان دەکرد، من وەکو خۆم بە کاری دەستی و بە کفتە و یاپراخی گەڵا مێو بە قوڕاو بەشداریم کردوە، ئەمڕۆ شەربەتی هەنارم هەیە دۆی خۆماڵیم هێناوە، ئەو چالاکیانە کە دەکرێت ئەگەر هاوکارمان بن زۆر باش دەبێت چونکە ئێمە کە داوای مێز دەکەین داوای شوێنێک دەکەین کە تێیدا بکەینەوە زۆر جار هەیە کە گرفتمان بۆ دروست دەبێت، بە هۆی ئەوەی بچین داوای مێز بکەین و داوای ئەو شتانە بکەین ئێمە لە سەر ئاستی هەرێم گەورەترین گروپمان هەیە لە قەڵادزێ گروپی پەری زیاتر لە ٨٠ تا ٩٠ ژنین.
لە کۆتایی قسەکانیدا وتی: کار کردنی ژنان تا ئاستێک باشە ئێستا لە دەڤەرەکە، لە بەر ئەوەی ژنان لەو گروپەدا کۆدەبینەوە، ئیشەکانمان لە ماڵەوە دەکەین و لەو هەفتە بازاڕانە بێت یان لەو چالاکیانە بێت بە بازاڕیان دەکەین، سودی زۆر زۆرە بۆ ئێمە ئیشەکانی خۆمان لە ژورەوە ناهێڵینەوە، هیواشم وایە بۆ ئەو ژنانەی کە لە ژورەوەن بێن وەک ئێمە کارەکانی خۆیان و ئیشەکانیان بخەنە ڕوو.