چلوبەرگی سەبیر... یادەوەرییەکی زیندوو بۆ کەلەپووری ڕەسەنی یەمەنی
لە بەرامبەر لەناوچوونی جلوبەرگە فۆلکلۆرییەکاندا، "زەنەی سەبر" بە دەپێشخستنی ژنان دێتەوە مەیدان کە هەوڵ دەدەن بۆ زیندووکردنەوەی چنین و نەخشە ڕەسەنەکانی، پاراستنی ئەم میراسە لە لەناوچوون، لە هەمان کاتدا کردنی بە سەرچاوەی داهات بۆ ژنان.
رانیا عەبدوڵا
یەمەن ـ "جلوبەرگی سەبیر" تەنها پارچە قوماشێک نەبوو کە بە دەزی بچنرێت، بەڵکو یادەوەرییەکی زیندوو بوو کە ڕەسەنی شوێنێک و سیمبولی و ناسنامە دەردەخات، ژنان لە کۆنەوە داهێنانیان کردووە لە چنینەوەی نەخشە ناوازە و جیاوازەکانیدا.
لەو کاتەوەی کە جلوبەرگە فۆلکلۆرییەکان مەترسی لەناوچوونیان لەسەرە لە بەرامبەر مۆدێل و جلوبەرگی سەردەمییانەدا، چنینی جلوبەرگی سەبیر جارێکی دیکە دێتەوە مەیدانەکە لە ڕێگەی دەپێشخستنی ژنانەوە کە هەوڵ دەدەن پارێزگاری لە میراسی کولتووری و جلوبەرگی فۆلکلۆری سەبیر بکەن، گەڕاندنەوەی درەوشاوە و شکۆ بۆ ”زەنەی سەبر” بە وردەکاری و نەخشە جیاوازەکانییەوە، بۆ ئەوەی ببێتە شایەتحاڵێک لەسەر جوانی جلوبەرگی سەبیر، سەرچاوەی بژێوی بۆ ژنانی گوندەکانی سەبر.
"ئەنجومەنی ژنانی سەبر" سوور بوو لەسەر پاراستن و دابینکردنی کوالێتی چنینەوەی "زەنەی سەبر" لە ڕێگەی ئەنجامدانی خولی مەشقکردن بۆ ژنانی ناوچەشارەکانی شاخی سەبر، کە مەشقەکە خۆی بینییەوە لە ناساندنی جۆرە نەخشەکان، مەشقکردن لەسەر چنینەوەی ئەو نەخشانە بە دەست و بە ئامێر، پاشان ئەنجامدانی پێشانگایەک بۆ ئەو جلوبەرگانەی کە ژنان دروستیان کردبوو، ئەم چالاکییە بە هاوکاری ڕێکخراوی "یەمەن سەلام" بوو کە لە ١٢ بۆ ٢٤ی ئاب بەڕێوەچوو، جلوبەرگەکان لە پێشانگاکەدا جێگەی سەرسوڕمان و ستایشی سەردانکەران بوون بەهۆی نەخشە جیاوازەکانیانەوە.
ناسنامە و سەرچاوەی داهات
خەدیجە شەمسان، یەکێکە لەو ڕاهێنراوانەی کە وتی: ئێمە هەوڵ دەدەین دەست بەم پیشەیە بگرین و دەستبەرداری نابین، چونکە ئەمە نوێنەرایەتی کەلەپوورەکەمان دەکات و ئەم ئەم کەلەپوورەمان خۆشدەوێت و شانازیی پێوە دەکەین، هیوامان دەخواز تا ئەم خولانە بەردەوام بێت، بەڵام ئەو ڕۆژانەی دیاریکرابوون کۆتاییان هات پێش ئەوەی بتوانین سەرجەم نەخشە و وردەکارییەکان بە تەواوی فێربین، چونکە جلوبەرگی سەبیر چەندین نەخشەی جیاوازی تێدایە و هەموو نەخشەیەک تایبەتمەندی خۆی هەیە و لەوانی تر جیاوازە.
داوای پشتگیری و هاوکاری دەکات بۆ ئەوەی بەردەوام بێت لە ئەنجامدانی پیشەکەی و جێبەجێکردنی ئەم نەخشە کەلەپوورییانە، چونکە کێشەی تەواوبوونی قوماش و نەبوونی شوێنێکی تایبەت بۆ کارکردن لە ماڵەکانیاندا ڕووبەڕووی بووەتەوە، وتی: ئەو قوماشەی لە کاتی مەشقەکەدا پێشکەشمان کرابوو بەس نەبوو، بە هەوڵی خۆمان دابینمان کرد بە بێ ئەوەی دەستەوسان بوەستین، هیوادارین پشتگیری پێویست بەدەستبهێنین و قوماش و شوێنی گونجاو بۆ کارکردنمان دابین بکرێت لە پاش کۆتایی هاتنی ئەم پڕۆژەیە.
غەزال عەلی محەمەد ڕاهێنراو وتی: گەڕاینەوە بۆ چنینەوەی جلوبەرگی سەبیر بە ئامانجی زیندووکردنەوەی ئەم کەلەپوورەی کە خەریک بوو لەناوبچن و تەنها وەک یادەوەرییەک بمێنێتەوە، هیوادارین لە لایەن لایەنە پەیوەندیدارەکانەوە پشتگیری پێشکەش بكرێت و شوێنێک هەبێت بۆ ئەنجامدانی ئەم پیشەیە، بۆ ئەوەی بەردەوامییەکەی مسۆگەر بکەین تا نەوەکانی دوای ئێمەش کاری پێبکەن.
وتیشی: کاری من لە چنینەوەیدا ئامانجی یەکەمی دابینکردنی سەرچاوەی داهاتە، ئامانجی دووەمیش پاراستنی کەلەپوورە لە سڕینەوە، ئێمە پێویستییەکی بەپەلەمان بە پشتگیریکردن هەیە بە شوێنێک و کەرەستەی کاری چنین بۆ ئەوەی بتوانین بەردەوام بین.
نەخشەی جیاواز
غانییە حەمیدی، سەرۆکی ئەنجومەنی ژنانی سەبر وتی: ئێمە لە ئەنجومەنەکەدا سوور بووین لەسەر دووبارە زیندووکردنەوەی چنینەوەی ئەم جلوبەرگە بۆ پاراستنی ئەو کەلەپوورەی کە خەریک بوو لەناوبچن، لە پێناو پاراستنیدا، هەماهەنگیمان کرد لەگەڵ ”دامەزراوەی سەلام یەمەن” بۆ ئەنجامدانی ئەم چالاکییە، تا بەشداری بکەین لە گەڕاندنەوەی درەوشاوە بۆ کەلەپووری تەعز و سەبیر لە جیاتی جێگرتنەوەی بە نەخشەی سەردەمی نامۆ بە کەلەپوور و دابونەریتەکانمان.
وتیشی: ڕاهێنراوەکان بە شێوازێکی سەرنجڕاکێش داهێنانیان کرد سەرەڕای ئەوەی کە وردەکارییەکانی چنینەوەی جلوبەرگەکانیان لەبیرکردبوو، بەڵام بە هۆی مەشقەکەوە ئەنجامی ناوازەمان بەدەستهێنا، جا چ لە چنینەوەی دەستی یان چنین بە ئامێر بێت، ئامانجی سەرەکی زیندووکردنەوەی کەلەپووری سەبیریە، هیواداریشە لە سەرجەم ڕاهێنراوەکان کە جلوبەرگی سەبیر ڕەسەن لە بۆنە جیاوازەکاندا بپۆشن بۆ ئەوەی هەموان گرنگی و جوانییەکەی بزانن و ئەم پارچەیە ناوبانگ و درەوشاوەی خۆی لە نێوان جلوبەرگە فۆلکلۆرییە یەمەنییەکاندا بەدەستبێنێتەوە.
سەبارەت بە سروشتی چنین و جۆرەکانی و نرخەکانیشی ڕوونیکردەوە، چنین بۆ دوو جۆر دابەشکراوە کە بریتین لە چنینی دەستی و چنینی بە ئامێر، چنینی دەستی زۆر جوانترە و بەها بەنرخەکەی وا دەکات نرخی کراسەکانی دەستی زۆر گران بێت، هەروەها خواست لەسەر کڕین و لەبەرکردنی زۆر زیاترە لە کراسەکانی چنراو بە ئامێری چنین یان دروستکراوی کۆمپیوتەر.
غانییە حەنیدی جۆرێکی پەسەندکراو لا دایک و داپیران ڕوون دەکاتەوە و وتی: دایکم هەمیشە ئەو جلوبەرگە دەپۆشێت کە پشتیان بە چنینی محەمەدی دەبەست، کە بریتییە لە جلوبەرگێک کە قۆڵەکانی دەپێچرێنەوە بۆ دواوە، ئەم دیزاینە زۆر بەناوبانگە، هەروەها نەخشە و قەیتانەکان بە پێی ناوچەکانی سەبر جیاوازن، بۆ نموونە (حدنانی) هەیە کە جۆرێکی نایابە و لە پێشەوە داخراوە بەبێ کونێکی لاوەکی، نەخشەی (حسبانی، مسراخ، وتير، وادی بير) هەن، ئەم جیاوازییە پشتڕاستی دەکاتەوە کە جلوبەرگی سەبیر تەنها یەک جۆر نییە، بەڵکو دەوڵەمەندە بە دیزاین و نەخشەی جیاوز کە هەمەجۆری کەلەپووری سەبر دەردەخەن.
دایکان سوورن لەسەر پۆشینی جلوبەرگی سەبیر
ئاژانسەکەمان پشتگوێی نەخست کە چاوپێکەوتن لەگەڵ ئەو دایکانەدا بکات کە سوورن لەسەر پۆشینی جلوبەرگی سەبیر، دەستبەرداری نابن، بەڵکو قوماشەکان و شێواز و نەخشە جیاوازەکان، لەو بارەیەوە سەفییە عەلی کە تەمەن ٧٠ ساڵە وتی: لە کۆنەوە ڕاهاتووین کە ڕازاوەیی ئێمە بە جوانی جلوبەرگی سەبیر تەواو دەبێت، ژن دەیپۆشێت و خۆی دەڕازێنێتەوە بۆ ئەوەی لە جوانترین دۆخدا بێت، لە ڕابردوودا، بە تواوی ڕەتمدەکردەوە هیچ جێگرەوەیەکی سەردەمی بپۆشم و تەنها ئەو جلوبەرگە فۆلکلۆرییانە نەبێت کە زۆرم خۆشدەوێن.
جەمیلە ئەحمەد هۆکاری پابەندبوونیان بەو جلوبەرگانەی وت: ئەوانە بەشێکی دانەبڕاون لە نەریتەکانی کۆمەڵگەکەمان و بۆنەکانمان و هەموو ئەو شتانەی پەیوەندی بە ژنەوە هەیە، ئێمەی ژنە بەتەمەنەکان هێشتا پابەندین بەو جلوبەرگەوە و خۆشمان دەوێت، پێچەوانەی نەوەی نوێ کە ڕوویان لە جلوبەرگی سەردەمییانە کردووە.
داوا دەکات لەو کەسانەی شارەزاییان هەیە لە چنینەوەی جلوبەرگەکە وەک مامۆستا و ڕاهێنەران، بەردەوام ببن لە ڕاهێنانی ژنانی گەنج و بەتەمەنەکان لەسەر چنینەوەی جلوبەرگی سەبیر بۆ ئەوەی بە زیندوویی بمێنێتەوە و داواکراو بێت لە لای هەمووان و لەناو نەچێت.
زعفەران محەمەد، سەبارەت بە جلوبەرگی سەبیر واتە "زەنەی سەبر"، نوێنەرایەتی بنەمای ڕازاوەیی و خۆشی دەکات، وتی: بەداخەوە ئەم جلوبەرگە خەریکە نامێنن بەهۆی ئەوەی هەندێک کەس جلوبەرگی سەردەمی هاوردەکراو بە باشتر دەزانن و دورینی کەلەپووری فەرامۆش دەکەن، سەرەڕای بڵاوبوونەوەی لەچک و داپۆشەرە سەردەمییەکان کە کاریگەرییان هەبوو لەسەر شێوەکانی جلوبەرگی نەریتیمان.
هیوا دەخوازێت ژنان بگەڕێنەوە بۆ پۆشینی زەنە و جلوبەرگە سەبیریەکان بە سەرجەم شێوازە درێژ و کورتەکانیانەوە، هانی ژنانی گەنجیش دەدات کە ئەم پیشەیە فێربن بۆ ئەوەی ئەم کەلەپوورە ون نەبێت.