ئەیلول نازلير... گۆرانی بۆ یادوەریی خاك و زمانی دایک دەڵێت
لە گوندەوە بۆ سەر تەختەی شانۆ، ئەیلول نازلیر ئەو گۆرانییانە هەڵدەگرێت کە لەسەریان گەورە بووە، وەک شتێک کە لە سەروو ئاوازەکانەوەیە، بە دووبارە وتنەوەیان بە زمانی دایک، یادوەری، ناسنامە و زمانێکن کە نەوەکان بەیەکەوە دەبەستنەوە.
مەمیهان هەلبین زیدان
بەدلیس ـ لە باکوری کوردستان، سیاسەتەکانی سڕینەوەی شوناسی کولتووری و ئاسمیلەکردنی زۆرەملێ بەردەوامە، زمان و هونەر و یادەوەری بەکۆمەڵ دەکاتە ئامانج، بەتایبەت یادەوەری ئەو ژنانەی کە میراسێکی دەوڵەمەندی کولتووری و هونەرییان بە درێژایی نەوەکان هەڵگرتووە و لە لەناوچوون پاراستوویانە.
ئەم ئامانجگرتنە تەنها قەدەغەکردنی دەربڕین بە زمانی کوردی نەبووە، بەڵکو کولتووری زارەکیی کە ژنان لە نەوەیەکەوە بۆ نەوەیەکتر گواستوویانەتەوەشی گرتووەتەوە، کە تێیدا لە ناسنامە و بنەچەکەی دادەماڵرێت و بە زمانی تورکی سەرلەنوێ بەرهەم دەهێنرێتەوە و گونجێنراو دەکرێت.
لە بەرامبەر سیاسەتەکانی سەرکوتکردن، قەدەغەکردن و پەراوێزخستن کە هەوڵی دەرکردنی کوردی لە مەیدانی گشتی و لاوازکردنی پەیوەندیی بە ژیانی ڕۆژانەوە دەدەن، ژنان بەردەوامن لە بەرەنگاربوونەوەی ئەم ڕێڕەوە لە ڕێگەی پێداگریی لەسەر زمانی دایکیان، و زیندووکردنەوەی گۆرانی، چیرۆک و یادوەریی کولتووری کە بوونەتە بەشێک لە ناسنامەکەیان، لە نێو ئەوانەشدا، ئەیلول نازلیر، ژنێکی گەنج دەردەکەوێت، کە مۆسیقای هەڵبژاردووە وەک ئامرازێک بۆ پاراستنی ئەوەی بەر باوەشی لەبیرچوونەوە دەکەوێت، گەڕاندنەوەی دەنگە کۆنەکان بۆ ژیان بە زمانە ڕەسەنەکانییان.
ئەیلول نازلیر، کە تەمەنی ٢١ ساڵە، لە تەمەنی نۆ ساڵییەوە دەستی بە خوێندنی مۆسیقا کردووە، لەو کاتەوە بەشێک لە ئەزموونەکەی تەرخان کردووە بۆ دووبارە ئەنجامدانی گۆرانییەکانی بە شێوەزاری کرمانجی و ئەرمەنی و ئەوانی تر، بەتایبەت ئەوانەی ڕێگەیان بۆ ناو کولتووری گەل نەدۆزیوەتەوە یان کەوتوونەتە مەترسیی سڕینەوەی، بەو ئاواتەی گۆرانییەکە بپارێزێت نەک تەنها وەک ئاوازێک، بەڵکو بەو چیڕۆک و یادەوەری و ناسنامەیەی هەڵیگرتووە.
لە پابەندبوونی خێزانییەوە بۆ خولیای مۆسیقا
ئەیلول نازلیر ئاماژەی بەوەشکرد، کە دەستپێکی ڕێڕەوی مۆسیقایی خۆی لە پەیمانگای ئارام تیگران بۆ مۆسیقا بە ڕێنمایی خێزانەکەی بووە، لە سەرەتادا بە ئارەزوو خۆی نەچووە بۆی، دوای ئەوەی پەیوەندییەکەی لەگەڵ شوێنەکەدا بە تێپەڕبوونی کات گۆڕا و مۆسیقا بۆ ئەو بوو بە خولیایەکی ڕاستەقینە.
وتیشی: دوای ساڵێک پەیمانگاکە لەلایەن ئەو ئەمیندارەی کە بۆ سەرۆکایەتی شارەوانی دەستنیشانکرابوو داخرا، دوای ئەوە دامەزراوەیەکی تایبەت بە ناوی سەنتەری مۆسیقای”MA MusicCenter” کرایەوە، لەوێ بەردەوام بووم لە خوێندنی مۆسیقا، هێندەی تر بە گڕوتین و خۆشەویستی و تامەزرۆییەوە بەشداریم کرد. چونکە ئێمە لەوێ لە ژینگەیەکی دیموکراتیدا خوێندنمان وەرگرت، مامۆستا خۆبەخشەکان بە ئیرادەیەکی زۆرەوە سەنتەری مۆسیقایان دامەزراند و بەردەوام بوون لە وانەدان، پاشان گەورە بووین و گەیشتینە ئاستی ئەوان. وە ئەمڕۆش هەریەکەمان وەک مۆسیقاژەن، لەسەر شانۆ بەردەوامین لە ژیانمان.

کاریگەریی کولتووری گەل
ئەیلول نازلیر پێی وایە ئەو گۆڕانکارییانەی کە کولتووری گەل بەسەر پەیوەندیی مرۆڤ بە هونەردا سەپاندوویەتی، بێلایەن نەبوون، بەڵکو کاریگەرییان لەسەر چۆنیەتیی بەرهەمهێنانی هونەر و وەرگرتنی هەبووە، وتی: تا ئەو کاتەی هەستێک نەبێت، ناتوانین چێژ لەو مۆسیقایە وەربگرین کە بەرهەمی دەهێنین، هەروەها ناتوانین ئەو هەستە بە چێژەش بۆ گەل بگوازینەوە، کولتووری گەل لە قۆناغێکدا ڕێگەی پێداین کە زۆر بە خێرایی دەستمان بە خەڵک بگات، ئەمە ڕاستییەکە، بەڵام بووە هۆی ئەوەی کە ئێمەش بە هەمان خێرایی دیار نەمێنیین، لە نێوان ئەو گواستنەوەیەی کە تەنها چەند چرکەیەک دەخایەنێت، ئێمەش بووینە تەنها دیمەنی تێپەڕ، لە قۆناغێکدا دەستمان کرد بە لەدەستدانی هەستەکانمان.
ئاماژەی بەوەشکرد، کەئیتر نایەنەوێت وەک جاران بە کۆمەڵ گوێ لە مۆسیقا بگرن یان سەیری شانۆ بکەن یان بچن بۆ سینەما، چونکە ئێستا گەیشتووینەتە قۆناغێک کە بەکاربردن تێیدا گەیشتووەتە لووتکە، گوێگرتن و سەیرکردنی بەکۆمەڵ بە نزیکەیی کۆتایی پێهاتووە، هەروەها کارلێکیش کشاوەتەوە، لەگەڵ کشاونەوەی کارلێکدا، هەندێک هەست لە کۆمەڵگەدا دەستیان کرد بە سڕبوون، ئەمەش بە دڵنیاییەوە کاریگەری لەسەر هونەری ئێمەش دەبێت.
هێرشەکان بۆ سەر زمانی دایک
ئەیلول نازلیر جەختی لەوە کردەوە، کە ئامانجگرتنی زمانی دایکی دیاردەیەکی نوێ نییە، ئاماژە بە بەردەوامیی سیاسەتەکانی سڕینەوەی بەزۆر دەکات کە شێوەزاری زازاکیەکەی گرتووەتەوە، لە ساڵانی زووەوە لە منداڵیی خۆیەوە قەبارەی ئامادەبوونی زمانی تورکی لە ژیانیدا دەهێنێتەوە یاد وتی: زۆرێک لە گەنجانی کورد و تەنانەت بەتەمەنەکانیشمان، ئێستا بە تورکی قسە دەکەن، چونکە دەتوانن بە ئاسانییەکی زیاتر لە ڕێگەیەوە خۆیان دەرببڕن بەوەی کە زمانی هاوبەشە، کاتێک دوو کەس یەکتر دەبینن، یەکێکیان بە زارەکی قسە دەکات و ئەوی دیکەیان بە کرمانجی، لەبری ئەوەی هەریەکەیان بە زمان و شێوەزاری خۆیان قسە بکەن، بە تورکی قسە دەکەن، تورکی زمانی یەکێکە لە گەلان، و من ڕێزێکی بێسنوور بۆ هەموو زمانەکان هەڵدەگر.، بەڵام کاتێک هێرشێکی ئاشکرا و ڕوون هەبێت، دەبێت میکانیزمێک گەشە پێبدەین بۆ پاراستنی خۆمان.
ئاماژەی بەوەشکرد، کە ئەو گۆرانییانەی لە گوندەکەیدا لەسەریان گەورە بووە بۆ ئەو تەنها کارێکی هونەری نەبوون، بەڵکو بەشێکی ژیانەوەی یادەوەری و ویژدان بوون وتی: ئێمە سەیری ئەم گۆرانییانەمان نەدەکرد وەک ئەوەی تەنها چیڕۆکێک بن، بەڵکو ئەو هەستەی کە ئێمە لەو ساتەدا دەژیاین، ئەمڕۆ، گەنجان خولیایەکیان هەیە کە نەناسرێن یان نەبینرێن، ئەم نیگەرانییە هەندێک جار پاڵیان پێوە دەنێت کە لە کولتووریان دوور بکەونەوە.

"ئاوازی ئەم خاكە یەکە"
ئەیلول نازلیر ڕوونیکردەوە، کە دووبارە وتنی گۆرانییە کولتووریەکان بە زمانی دایکی بۆ ئەو نوێنەرایەتیی ئامرازێک دەکات بۆ خۆگرتن بە کولتوورەکەیەوە و زیندووهێشتنەوەی، هەروەها دەبێت مۆسیقا نەبێتە مەیدانی خاوەندارێتی و بێبەشکردن، وتی: ئێمە لەم خاكەدا لەگەڵ ئەرمەن، سریانی و زۆر لە کولتووری تریدا ژیاوین، ئەوەی ناوی لێ دەنێین ئاواز یان هەست، شتێکی تایبەت نییە بە کورد یان تورک یان ئەرمەنی، بەڵکو شتێکی مرۆییە، بۆیە هەرگیز نامەوێت بچمە ناو کێبڕکێی: ئەم ئاوازە بۆ منە، ئەم ئاوازە بۆ تۆیە، ئەمە بۆ منە، ئەمە بۆ تۆیە.
یادوەریی دایک و گوند
پەیوەندیی خۆی لەگەڵ گۆرانییە گەلییەکاندا دەهێنێتەوە یاد کە لە منداڵییەوە لە گوندەکەیدا بیستوونی، جەختی لەوە کردەوە، کە هەر گۆرانییەک لەوانە خاوەنی چیڕۆک و یادەوەرییەکی قووڵە لە ڕابردوودا وتی: هەموو چیڕۆکەکانیان دەگەڕێنەوە بۆ کاتێکی زۆر دوور، پێش ئەوەی دەست بە وتنی گۆرانییەکە بکەم، دەچم و دەپرسم چیڕۆکەکەی چییە؟ وشەکانی چیین؟ جا ئەوان پێم دەڵێن.
ڕوونیکردەوە، دایکم لە یەکێک لە گوندەکانی چەولیگ لەدایک بووە و گەورە بووە، ئەو تورکی نازانێت، بۆیە ناتوانێت چیڕۆکەکانی بە زمانی تورکی بۆ من بگێڕێتەوە، منیش هەندێک جار دەبینمەوە کە ناتوانم بە تەواوی بە شێوەزاری زازاکی خۆم دەیرببڕم.
"مۆسیقا بە زمانی دایك گروتینم دەوروژێنێت"
ئەیلول نازلیر وتنی گۆرانی بە زمانی دایکی بە پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆ دەبینێت لە نێوان ئێستا و ئەو نەوەیانەی کە پێش ئەو بوون، ئاماژەی بەوەشکرد، کە دووبارە زیندووکردنەوەی گۆرانییە کۆنەکان هەستی پەیوەندی بەو کەسانەی پێدەبەخشێت کە چەندین نەوە لەمەوبەر ئەم گۆرانییانەیان نووسیوە وتی: هەست بە گڕوتینێکی گەورە دەکەم کاتێک مۆسیقا بە زمانی دایكیم دروست دەکەم، لەم قۆناغەدا هەست بە ڕەزامەندی دەکەم، چ لە ڕووی مۆسیقایی و چ لە رووی ڕۆحییەوە، بۆیە بە دڵنیاییەوە زیاتر حەزم لە وتنی گۆرانییە کولتووریەکان.
جەختی لەوە کردەوە، کە زمانی دایکی تەنها ئامرازێک نییە بۆ پەیوەندی، بەڵکو مەیدانێکە کە تێیدا ناسنامە و یەکەم یادوەریی مرۆڤ دروست دەبێت، وتی: هەموو مرۆڤێک بوونی خۆی هەیە و خۆی دەربڕین دەکات لە ڕێگەی زمانی دایکییەوە، زمانی دایکی ئەو بوارەیە کە مرۆڤ تێیدا هەست بە زۆرترین ئارامی و پارێزراوی دەکات، هەروەها ئەو زمانەیە کە دایکەکە لە کاتی شیرپێدانی منداڵەکەیدا بۆی دەوت، پێموایە کۆدەکانی مرۆڤ لەو کاتەوە دەست بە دروستبوون دەکەن.
ڕوونیکردەوە، کە ئێمە پەیوەندی بەو زمانەوە دەبەستین و دەبەسترێینەوە پێیەوە، چونکە دایکمان پێی دەدوێت، ئێستا دوو جیهان دەبینین، جیهانی باپیران و داپیران و دایکمان هەیە، کە ژیانێکی سروشتییان لە گوندەکاندا دەژیان، دوور لە تەکنەلۆژیای سەردەمەکەمان، هەستەکانی خۆیان بۆ کەسانی تر دەگواستەوە، لە بەرامبەردا، جیهانی نەوە نوێیەکان هەیە کە لە سایەی تەلەفۆن و مۆبایل لەدایک بوون، لە زمانی دایکیان دابڕاون و کولتووری تایبەتی خۆیان بەخێو نەکردوون، بەڵکو هەندێک لە ئەندامانیان هەست بە شەرمەزاری دەکەن پێی چونکە لە قۆناغێکدا ڕووبەڕووی پەراوێزخستن بوونەوە.
ئەیلول نازلیر لە کۆتایی قسەکانیدا، ئاماژەی بەوە دا کە کولتووری سەرکوتکردن و توندوتیژی یەکێک بوو لەو ڕێگایانەی کە بەشدار بوو لە دوورخستنەوەی منداڵان لە زمانەکانی دایکیان، وتی: ترسی لە نەوەیەکەوە بۆ نەوەیەکی تر گواسترایەوە وەک ئەنجامێک بۆ ئەوەی کە نەوەکانی پێشوو تووشی بوون.