لە سلێمانی منداڵان لەڕێگەی هونەرەوە بە کولتوور ئاشنا دەکرێن
لەڕێگەی هونەری وێنەکێشان و سیرامیکەوە، لە سلێمانی منداڵان بە چەند وۆرکشۆپێک ئاشنای کولتووری دەکرێن و دواتر پێشناگایەکیان بۆ دەکرێتەوە.
سلێمانی
بۆ بەرەوپێشبردنی منداڵان لە ئاستی هونەری و ئاشنا کردنیان بە کولتوور، ڕێکخراوی هیوا فاوندەیشن بەهاوکاری گەلەری ئێستا، لە کارگەی کولتووری سلێمانی چەند وۆرکشۆپێکیان بۆ منداڵان ڕێکخستووەو بڕیارە تا ٣٠ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٥ بەردەوام بێت.
دەربارەی وۆرکشۆپەکان و ئامانج لێی ڕۆز محەمەد، ڕێکخەری پڕۆژەکانی هیوا فاوندەیشن بۆ ئاژانسەکەمان قسەی کردو وتی: ئامانجمان ئەوەیە لە بارودۆخێکی نائارامی سیاسی و داراییدا هیوا ببەخشین، بە تایبەت بۆ منداڵان و گەنجان لە ڕێگەی هونەرەوە بە کولتووری خۆیان ئاشنا ببن و تێکەڵ بە دنیای هونەر ببن.
ئاماژەی بەوەشکرد، ئەمڕۆ ٢٦ی تشرینی دووەم بە هاوکاری هونەرمەند فاتمە ئاغجەلەری، کار لەسەر بەرەپێشبردنی ئاستی هونەری منداڵان دەکرێت، دەرفەتێکی نایاب و باشە بۆ منداڵان لە هونەرمەند فاتمە ئاخجەلەری فێربێت، کە کارەکانی ئیلهام لە کولتوور و مێژوو و یادەوەرییە کەسییەکان وەردەگرن و خاوەنی ئەزمونێکی دەوڵەمەندە لە بواری پێدانی وۆرکشۆپی هونەری بە منداڵان، لەم وۆرکشۆپەدا منداڵان چۆنیەتی گۆڕینی وشەکان بۆ وێنە دەدۆزنەوە، بە بەکارهێنانی تەکنیکە جۆراوجۆرەکان بۆ دروستکردنی شاکارەکانی خۆیان، بە ڕێنمایی هونەرمەندێک کە پردێک لە کولتوور و سەردەمەکاندا دروست دەکات.
ڕۆز محەمەد ئەوەشی خستەڕوو، وۆرکشۆپەکان لەگەڵ هونەرمەندانی دیکەدا تا ٣٠ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٥ بەردەوام دەبێت، کە خۆی لە بەکارهێنانی ڕەنگ و هونەری سیرامیک و هتد دەبینێتەوە، لە کۆتایی پڕۆژەکەدا پێشانگایەک دەکرێتەوە کە بەرهەمی هەموو ئەو منداڵانەی بەشداری وۆرکشۆپەکان بوون تێیدا نمایش دەکرێت.