"چیرۆکەکانی داپیرەم بە کاری وێنەکێشانی پەرتوک زیندوو دەکردەوە"

ژاڵە یوسفی نەژاد، وێنەکێش و کاریکاتێریست دەڵێت: لە هەریەک لە وێنەکێشانەکانمدا پەیامێک هەیە، پەرتووکەکەم "هیوای فڕین" هەڵگری پەیامی پاراستنی ژینگە و ئاشتی و دۆستایەتی و میهرەبانی بەرامبەر ئاژەڵەکانە.

سۆنیا مورادی

 

سنە- منداڵان زیاتر لەوەی دەیبیستن دەبینن، ئەمەش وایکردووە کەهونراوە و چیرۆکەکان لەڕێگەی وێنەوە لە مێشکی منداڵدا بمێنێتەوە و ئەمەش نووسەر و وێنەکێشی خستۆتە پەیوەندییەکی نزیک لەگەڵ یەکتر، وێنەکێش وتەکانی نووسەر زیندوو دەکاتەوەو منداڵ له ڕێگەی وێنەکانەوه کەسایەتییەکان دەناسێت و لێیان فێر دەبێت و خۆشیان دەوێت.

 

ژاڵە یوسفی نەژاد، وێنەکێش و کاریکاتێریست و نووسەری خەڵکی شاری سنە، بە هۆی ئاشنابوونی بە هەستی منداڵان و خۆشەویستی و حەزی بە کاری وێناکردن توانیوویەتی لە کارەکانیدا سەرکەوتوو بێت و سەرنجی زۆرێک لە نووسەرانی بواری منداڵان ڕابکێشێت و چەندین چیرۆک وێنا بکات، وتی: من لە منداڵییەوە زۆر حەزم لە نیگارکێشی بوو و هەروەها بە خۆفێرکردن، فێری وێنەکێشانی پەرتووک بووم، من ئەو چیرۆکانەم وێنا دەکرد کە داپیرەم بۆی دەگێڕامەوە و منیش لەوێوە دەستم پێدەکرد، بەڵام من لە ساڵی٢٠١٢ بەشێوەیەکی پیشەیی دەستم بە وێنەکێشان کرد و یەکەم چیرۆک کە وەک وێنەکێشان بڵاوکرایەوە چیرۆکی داپیرەم بوو کە لە هەفتەنامەی سیرواندا بڵاودەکرایەوە، بەڵام یەکەم پەرتوک بە ناوی هیوای فڕین  کە دەستم بە نووسینی کرد و لە ساڵی ٢٠١٧، وێنەکێشانەکانم تەواو کرد و ئامادە بوو بۆ چاپکردن.

 

سەبارەت بە چۆنیەتی دەستپێکردنی وتی: من مرۆڤێکی دڵخۆشم، حەزم لە دنیای دڵخۆش و ڕەنگاوڕە​​نگی منداڵان هەیە، هەربۆیه دەستمکرد بە وێنەکێشانی پەرتووکی منداڵان، ڕووداوێکی تر کە منی گەیاندە ئەم ئاڕاستەیە، ئەو کاتە بوو کە لە خوێندنگەی سەرەتایی بووم و لەگەڵ دایک و باوکم دەچووینە دەرەوە پەرتوکی چیرۆکم کڕی بە ناوی (ئاهەنگی سەری ساڵ) کە هێنامەوە ماڵەوە، بینیم کە وێنەی جوانی تێدا نییە، ڕەنگی جوان نەبوو، ئەوڕۆژە بە خۆمم وت کە کاتێک گەورە دەبم دەبێت وێناکردنی پەرتووکەکان بە شێوەیەک بکەم کە سەرنجڕاکێش بن و هەرکەسێک بیانبینێت حەزیان لێبکات.

 

ژاڵە یوسفی نەژاد، وەک هونەرمەندێک بەم شێوەیە باسی لە سەختییەکانی هونەرەکەی کردو وتی: سەختییەکی زۆر لەسەر ڕێگای هەموو هونەرمەندێک هەیە، بەتایبەت بۆ چاپکردنی پەرتوک، دوو پەرتووکم بە ناوی (هیوای فڕین) بڵاوکردەوە، کە چیرۆکێکی کوردییە، بەڕاستی تێچووی چاپکردنی ئەم کتێبانە زۆرە و ئەگەر  سپۆنسەر بۆ چاپکردنی پەرتوک هەبوایە، ئەوە یارمەتیدەرێکی گەورە دەبێت.

 

 

لە کۆتاییدا ژاڵە یوسفی نەژاد وتی: بۆ ئەو ژنانەی دەیانەوێت بچنە ناو بواری وێنەکێشانی پەرتووکەوە دەبێت بڵێم کە هیچ کورتە ڕێگایەک نییە، و ئەمەش بۆ هەموو کارێک بە تایبەت هونەر ڕاستە، ناچارن ساڵانێک کار بکەن، زۆر ڕێگا تاقی بکرێتەوە و ئەزموون بکرێت، لە هەر کارێکدا ئەگەر بەهرە و توانای پێویستت هەبێت و کاری زۆر بکەیت، بە دڵنیاییەوە سەرکەوتوو دەبیت، بەڵام ئەگەر بمانەوێت زۆر بە زوویی بگەینە شوێنی مەبەست، ئەمە ئەستەمە، ساڵانێک بوو وەک وێنەکێشێکی خۆفێرکراو کارم دەکرد و ئەم پەروەردانە بوون بە ئەزموون و ئەم ئەزموونانەش یەک بەیەک بوون بە ئەم پەرتوکە و کاتێک سەیری دەکەم لە هەموویان ڕازی دەبم.