"لە عێراق ئەگەر ژنێک لە خێزانێکی شەترەنجی نەبێت، پاڵپشتی ناکرێت بۆ یارییەکە"

شەترەنج یارییەکی زۆر نمونەییە بۆ ژنان و لە ڕووی هزرییەوە بەهێزیان دەکات، بەڵام لە ئێستادا شەترەنج مۆرکێکی پیاوانەی پێوە دیارە، چونکە بەهۆی ڕێگری و بەربەستە خێزانییەکانەوە ژنانی گەنج لە گەیشتن بە ئاستە باڵاکان دووردەکەونەوە.

بێریڤان کەمال

 

سلێمانی- شەترەنج یەکێکە لە وەرزشە هزریەکان و لە هەموو جیهاندا زۆرێک لە ئارەزومەندان بە شێوەیەکی پرۆفیشناڵ سەرقاڵی ئەم وەرزشەن، هەندێک شەترەنج بە خولیایەک دەزانن و هەندێکی دیکەش بە وەرزشێکی شەڕی دەروونی دەزانن.

 

شەتڕەنج، یارییەکی دوو کەسییە لەسەر بۆردی شەتڕەنج ئەنجامدەدرێت، کە بۆردێکە ٦٤ خانەی ھەیە دابەشکراوە بەشێوەی ھەشت×ھەشت، لە ١٦ پارچە پێکدێت بەشێوەی جیاواز دەجوڵێن و هێرشەکانی کە پێیان ئەنجامدەدرێت جیاوازە.

 

مێژووی ئەم یارییە دەگەڕێتەوە بۆ زیاتر لە ٥٠٠٠ ساڵ، بۆ یەکەمجار لەلای بوزییەکان لە هیندستان بووە و پێی وتراوە چاتورانگا، چونکە باوەڕییان وابووە جەنگ و کوشتن لەناو مرۆڤەکاندا تاوانە و شەترەنجیان وەک جێگرەوەی جەنگ داهێناوە.

 

ئێرانییەکان شێوازێکی مۆدێرنتریان داهێناوە، کۆنترین پارچەی شەترەنجی ناسراو لە زەوییە کۆنەکانی فارسدا دۆزرایەوە لە دواتریشدا ئەم یارییە بۆ وڵاتانی عەرەب و ئەوروپای ڕۆژئاوا بڵاوبووەتەوە.

 

یاری شەترەنج لە کۆنەوە بە یاری "پاشایان" ناودەبرێت، چونکە بە شای یارییەکان ناسراوە، تا ئێستا شەترەنج مۆرکێکی پیاوانەی پێوە دیارە و هەرچەندە ڕێژەیەکی ژنان هەیە کە توانیویانە لە پاڵەوانیەتییە جیهانییەکاندا بگەنە لوتکە، بەڵام ڕێژەکەی کەمە، لە هەرێمی کوردستانیش ئاستەنگی زیاتر هەیە لەبەردەم ژناندا کاتێک بیانەوێت ببنە یاریزانی شەترەنج و بەشداری پاڵەوانیەتییەکان بکەن.

 

ژنێکی گەنجی کورد، چەندین نازناوی جیهانی لە یاری شەترەنج بەدەستدەهێنێت

کارین کەمال، نمونەی یەکێکە لەو ژنە گەنجە سەرکەوتووانەی کە یاریزانی شەترەنجە لەسەر ئاستی کوردستان و عێراق، چەندین نازناوی لە پاڵەوانیەتییەکاندا بەدەستهێناوە، وەک بەشێک لە ئەزموونی خۆی باسی لەوەکرد لە عێراق و هەرێمی کوردستان کچێک ئەگەر لە خێزانێکی شەترەنجی نەبێت، زۆر زەحمەت دەبێت بۆی بتوانێت لە یاریکردن بەردەوام بێت.

 

کارین کەمال، لە تەمەنی ٨ ساڵییەوە دەستی بە یاری شەترەنج کردووە، لە باوکییەوە فێربووە و ئێستا یاریزان و ڕاهێنەری شەترەنجە، کارین لە تەمەنی ١٠ ساڵیدا بەشداری پاڵەوانیەتی عێراقی کردووە و پلەی یەکەمی بەدەستهێناوە، لە ساڵی ٢٠٠٦ چووەتە ناو هەڵبژاردەی عێراق و بەشداری پاڵەوانیەتی عێراق و ئاسیای و جیهانی کردووە.

 

لە ساڵی ٢٠٠٨ بەشداری پاڵەوانیەتی جیهانی کردووە لە وڵاتی ئەڵمانیا و توانیویەتی ناسناوەکە بەدەستبهێنێت، لە ساڵی ٢٠٠٩ لە وڵاتی لوبنان مەدالیای بڕۆنزی بەدەستهێناوە، لە ساڵی ٢٠١٠ بەشداری پاڵەوانیەتی تەمەنەکانی کردووە پلەی یەکەمی و مەدالیای ئاڵتونی بەدەستهێنا و لەگەڵ بەشێکی زۆری یانە عەرەبییەکان بەشداری کردووە.

 

 

شەترەنج یارییەکی هزرییە، ژنان دەتوانن لێی سوودمەند ببن

کارین کەمال باسی لەوەکرد شەترەنج یارییەکی زۆر نمونەییە بۆ ژنان و لە ڕووی هزرییەوە بەهێزیان دەکات، "شەترەنج وەک هیچ یارییەکی دیکە نییە، هیلاکی مێشکی زۆرە بەڵام ئەم یارییە بۆ ژنان زۆر باشە، هەرچەندە لە کۆمەڵگەی ئێمە ژنان ناتوانن دەست بۆ هەموو شتێک ببەن، چونکە لەو چوارچێوەیە پەروەردەکراوین کە پیاوان بەهێزترن، بەڵام دەبێت متمانە بەخۆبوونیان هەبێت و یاری شەترەنج زۆر نمونەییە بۆ ژنان و دەتوانن زۆر بەهێز بن تیایدا و چەندین جار هەبووە کە من لە یاریزانی پیاوم بردووەتەوە."

 

ژنان لە عێراق دەرفەتەکانی بەردەمییان زۆر کەمە

کارین ئاماژەی بەوەشدا لە عێراق بە گشتی ژنانی گەنج دەرفەتەکانی بەردەمییان زۆر کەمە و کاتێک دەگەنە هەنگاوەکانی سەرکەوتن بەردەوام ڕێگرییان لێدەکەن، "لە عێراق ئەگەر سەیر بکەیت ئەو کچانەی کە یاری شەترەنج دەکەن هەموویان خێزانەکانیان شەترەنجی بوون، زۆر بە کەمی کچێک دەبینرێت کە یاری شەترەنج بکات و یەکێک لە ئەندامانی خێزانەکەی یاری شەترەنج نەکات."

 

هۆکاری ڕێگرییە خێزانییەکانی هێنایە زمان و وتی: خێزانەکان متمانە و ئارامگرییان نییە لەسەر یارییەکە ئەگەر خۆیان شەترەنجی نەبن، چونکە ئەم یارییە پێویستی بە ئارامگرییەکی زۆر هەیە، بە تایبەتی کە بتەوێت منداڵێکی کچ فێر بکەیت دەبێت پاڵپشتی بکەیت و لەگەڵیدا بیت.

 

"کچ هەبووە لە عێراق ئاستێکی زۆر باشی هەبووە، یەکەم بووە لە عێراق، دواتر خێزانەکەی ڕێگەیان پێنەداوە بەشداری پاڵەوانیەتییەکانی دەرەوەی عێراق بکات، لەبەر ئەو هۆکارە کچەکە بەشداری نەکردووە و لە یاریکردن دوورکەوتووەتەوە، بەڵام یاریزانە کوڕەکان خێزانەکانیان ڕێگەیان پێدەدەن و ئازادییان پێدەدەن."

 


         


        

خێزانەکان دەبێت پاڵپشتی خولیا و ئاواتی منداڵەکانیان بکەن

کارین بەشێکی سەرکەوتنەکانی گەڕاندەوە بۆ پاڵپشتی و متمانەی خێزانەکەی کە پێیانداوە و گرنگییان بە قسەکانی کۆمەڵگە نەداوە، "زۆر گرنگە خێزانەکان پشتگیری منداڵەکانیان بکەن، چونکە من بەهۆی پاڵپشتییەکانی دایکم و باوکمەوە سەرکەوتوو بووم و هیچ کات ڕێگریان لێ نەکردووم بۆ بەشداریکردنی پاڵەوانیەتییەکان و قسەی دەوروبەر کاری تێ نەکردوون، هەمیشە متمانەیان بە من هەبووە و هاوکارم بوون کە بگەمە ئەم ئاستەی ئێستام".

 

کارین باسی لەوەش کرد شەترەنج بۆ ئەو چێژێکی تایبەتی هەیە و پلانی هەیە لە داهاتوودا بەشداری پاڵەوانیەتییەکانی عێراق و جیهان بکات، "شەترەنج بۆ من یارییەکی خۆش و جیاوازە چونکە هزری خۆت بەکاردەهێنیت و تیایدا داهێنان دەکەیت و چەندین تەکنیکی نوێ دەدۆزیتەوە، ئەم یارییە لە هەر شوێنێک پێت خۆشبێت دەتوانیت ڕاهێنان بکەیت بۆیە ژنانیش خۆیان لە هەر شوێنێک پێیان خۆشبێت دەتوانن ڕاهێنان بکەن و بگەنە ئاستە باڵاکان."

 

لە کۆتایدا کارین پەیامی خۆی بۆ کچان دووبارە کردەوە کە هەر حەز و خولیایەکیان هەبێت هەوڵی بۆ بدەن تا ئامانجەکانیان بەدەستدەهێنن و بتوانن ئاستی خۆیان بەرەو پێشببەن.

 

منداڵان بەهۆی خێزانەکانیانەوە ئاشنای شەترەنج بوون

ئان گۆڤان، منداڵێکی تەمەن ٧ ساڵە و فێرخوازە لە ئاکادیمیای شەترەنجی سلێمانی، باسی لەوەکرد باوکی خولیای یاری شەترەنجی هەیە و لە مۆبایلەکەیدا یاری شەترەنج دەکات، " باوکم پێی وتم وەرە بۆ ئاکادیمیای شەترەنج بۆئەوەی فێری ببیت، من ئێستا زۆر لێی نازانم و کە گەورە بووم باشتر فێر دەبم و حەزدەکەم پاڵەوانیەتییەکان بەدەستبهێنم."

 

لە ئێستادا شەترەنج یەکێکە لە باوترین یارییەکانی جیھان و لەلایەن ملیۆنەھا یاریزانەوە لەسەرانسەری جیھاندا یاری پێ دەکرێت و ھاوکات چەندین پاڵەوانێتی تایبەت بە شەتڕەنجیش بوونی ھەیە، پاڵەوانێتی جیھانیی شەتڕەنج بۆ ژنان، پاڵەوانێتی جیھانیی شەتڕەنج بۆ تازەپێگەیشتووان، پاڵەوانێتی جیھانی شەتڕەنج بۆ پێگەیشتووان، پاڵەوانێتی جیھانیی شەتڕەنجی کۆمپیوتەریی، پاڵەوانێتی جیھانیی شەتڕەنجی خێرا بەڕێوەدەچێت.