ماکیاژی هونەری لە ڕووخساری منداڵان، لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان کەم دەبینرێت

ماکیاژکردنی هونەری بۆ ڕووخساری منداڵان هونەرێکی زۆر سەرنجڕاکێشە، منداڵان دوای بینینی تابلۆیەک لەسەر دەموچاویان دڵخۆشیان وەسف ناکرێت، لە شارەکانی وەک سنە هونەرێکە کە بە دەگمەن دەبینرێت، ڕەنگە بەتین بەهەشتیزاد یەکەم ژن بێت کە لەم بوارەدا چالاک بێت.

هیما راد

 

سنە-  هونەر تێکەڵەیەک لە خۆشەویستی و جوانی، هونەرمەندێک نادۆزیتەوە کە هونەرەکەی خۆش نەوێت و بە دڵ و ڕۆح کارەکانی ئەنجام نەدات، لە کوردستان هونەر پێداویستی دارایی خەڵکی دابین ناکات، بۆیە تەنها شتێک کە بەردەوامیان دەکات و هانیان دەدات بەردەوام بن تەنها خۆشەویستییە بۆ هونەرەکەیان.

بەتین هونەرمەندێکی پڕ سۆزە و لە بواری ماکیاژکردنی هونەری ڕووخساری منداڵاندا کاردەکات، بەم شێوەیە خۆی بە ئاژانسی نوژنها دەناسێنێت: " من ناوم بەتین بەهەشتیزادە، بڕوانامەی بەکالۆریۆسم لە بواری گرافیکدا هەیە و لە پیشەی ماکیاژکردنی هونەری ڕووخساری منداڵاندا کار دەکەم."

بەتین لە سەرەتای کارکردنەوە بە ئۆنلاین دەستی پێکردووە و تا ئێستا نەیتوانیوە شوێنێکی تایبەت بە خۆی دابمەزرێنێت بۆیە هەر بەو شێوازە درێژەی بە کارکردنەکانی داوە.

ژن بوون یەکێک بوو لە ئاستەنگەکان بۆ بەتین لە ئەنجامدانی کارەکانی

بەتین باسی لە سەختییەکانی دەستکردن بە کارکردنی کرد و وتی: " وەک ژنێک کە یەکەمجار دەستم پێکرد کێشەم هەبوو لە دۆزینەوەی شوێنێک و ناچار بووم مۆڵەت وەربگرم، تەنانەت بە مۆڵەتیش هەندێک جار ڕێگەم پێنادەن کار بکەم، من زۆر خۆشحاڵم کە مامەڵە لەگەڵ منداڵان دەکەم چونکە میهرەبان و ڕاستگۆن و کاتێک لە کۆتاییدا ئاوێنەیان پێدەدەم تا خۆیان ببینن و خۆشیەکانیان ببینن، هەموو ماندوێتییەکەم نامێنێت و چێژ لە کارەکەم وەردەگرم."

کارکردن لە ماکیاژی هونەری بۆ ڕووخساری منداڵان لە سنە نامۆ بوو و بەتین وتی: " چونکە من یەکەم کەس بووم کە ماکیاژی هونەری دەکەم لەسەر ڕووخساری منداڵان، زۆر بەناوبانگ نەبووم و شتێکی نامۆبوو بەلای خەڵەکەوە بۆیە پێشوازییان لێ نەکردم و ڕووبەڕووی سەختی جیاواز بوومەوە."

بەتین ئاماژەی بەوەدا بەهۆی بێکارییەوە دەستی بەم کارە کردووە و دەچێتە فێستیڤاڵ، پێشانگا، بۆنەکان و ڕۆژی لەدایکبوون و هەر شوێنێک منداڵ ئامادە بێت و وتی: " زۆر جار دایکان لە منداڵەکان تامەزرۆترن بۆ ئەوەی دەموچاوی منداڵەکانیان ڕەنگاوڕەنگ ببینن بە تابلۆیەکی هونەری."

بەتین چەند ساڵێکە دەستی بەم کارە هونەرییە کردووە لە کاتێکدا هیچ کەسێک پاڵپشتی نەکردووە، بەم جۆرە باسی دەکات: " لە سەرەتای دەستکردن بەم کارەوە هیچ هاندانێکم نەبووە، تەنانەت لەبری ئەوەی هانم بدەن، کارەکانیان ڕاگرتم و دەیانوت ئەم کارە بۆ کچان شیاو نیە و چەندین قسەی دیکە، بەڵام لە ئێستادا ژمارەی خەڵک زیادی کردووە کە ئارەزووی کارەکانم دەکەن و دڵخۆشم بەم گۆڕانکارییە لە بۆچوونەکانیان".

 

 

 

ژنان دەبێت هەوڵبدەن ڕێچکەشکێن بن

بەتین دەربارەی سەختی کارەکانی دەڵێت: " جارێک دوکانێکم کردەوە بۆ ماکیاژی هونەری و هەموو جۆرە قژێک و ئیکسسواراتێکی هۆلیوود، کە بەهۆی کەم پێشوازی لێکردنەوە ناچار بووم دایبخەم، من زیاتر لەبەر حەز و خولیای خۆم کار دەکەم چونکە داهاتم نییە بۆ دابینکردنی ژیانی ئێستام و کاتەکانی کارکردنم باش نییە چونکە شەوانە کار دەکەم و هەندێک جار تا درەنگانی شەوم دەوێت."

بەتین باس لە پلانەکانی دەکات بۆ داهاتوو و دەیەوێت بچێتە شارەکانی دیکە هەروەک چۆن لەم شارەدا کاری ماکیاژکردنی هونەری لەسەر ڕووخساری منداڵان کردووە، دەیەوێت ئەم ئەزموونەی لە شارەکانی تریشدا هەبێت.

بەتین هەوڵێکی زۆری بۆ بەئەنجامگەیاندنی ئامانجەکانی داوە و ئێستا بە هەموو کێشەکانی ڕازییە، یەکێکە لەو ژنانەی کە ئامادە نییە کار بۆ کەس بکات و پێی باشە ببێتە ڕێچکەشکێن و خاوەنکار، سەرەڕای کەمی داهاتی، بەڵام چێژ و خولیای کارەکانی لە پێشینە دادەنێت.