ناوەندی هەواڵ
"میشاڵ سڤۆبودا" Michal Svoboda کونسوڵی گشتی وڵاتی کۆماری چیک لە هەرێمی کوردستان، بە بۆنەی سەرکەوتنی گەورەی فیلمی سینەمایی "ئەزموون" لە ٥٥مین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "کاڕلۆڤی ڤاری" چیک و بەدەستهێنانی خەڵاتی ڕەخنەگرانی نێودەوڵەتی فیلم، پیرۆزبایی لە ستاف و بەرهەمەێنەرانی فیلمی کوردی "ئەزموون" کرد.

فیلمی سینەمایی "ئەزموون" The Exam بەرهەمی هاوبەشی ەەرێمی کوردستان و وڵاتانی ئەڵمانیا و قەتەرە، لە یەکەمین نمایشی جیهانی خۆیدا بە ئامادەبوونی بەشێکی ستافەکەی و نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەشی "پێشبڕکێی سەرەکی" Crystal Globeی ٥٥مین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "کاڕلۆڤی ڤاری" Karlovy Vary لە شاری کاڕلۆڤی ڤاری لە وڵاتی چیک لە سینەمادا پەخشکرا و لە پێشەکیشدا وەک ستافی فیلمی کوردی لەسەر فەرشی سور پێشوازییان لە ستافەکە کرد.
فیلمی سینەمایی "ئەزموون" بەرهەمی کومپانیای "میتوس فیلم"ی بەرلین و کومپانیای "مەستی فیلم"ی سلێمانی کە بە پاڵپشتی وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەرهەمهاتووە و لە لایەن کۆمپانیای نێودەوڵەتی ئەڵمانی "ئاڕت ەوود" ArtHood لە ئاستی جیهاندا بڵاودەبێتەوە.
کۆمەڵێک ئەکتەری بە ئەزمونی هەرێمی کوردستان لەگەڵ چەندین ئەکتەری گەنجی کوردستان، تیایدا ڕۆڵیان بینیوە، لەوانە: ئاڤان جەمال، ڤانیا سالار، حوسێن حەسەن، شوان عەتووف، هوشیار زێڕۆ نێروەیی، نیگار عوسمان، کاوە قادر، عادڵ عەبدوالڕەحمان و چەندین ئەکتەری دیکە.
ت.پ




