ژنان: دەبێت ژنان زیاتر هۆشیار بکرێنەوە و ڕێکخراوەکان کاری زیاتر بکەن

ژنانی شارۆچکەکانی باشوری کوردستان باس لەوە دەکەن بەشێک لە ڕێکخراوەکان کەوتوونەتە ژێر هەژموونی حزبەکان، هەروەها بەهۆی ئەقڵیەتی پیاوسالارییەوە ژنان ئازاد نین، دەبێت ڕێکخراوەکان کاری زیاتر بۆ ژنان بکەن و هەوڵی هۆشیاکردنەوەییان بدەن.

 

تەرزە تەها

سلێمانی- لە هەرێمی کوردستاندا زیاتر لە ٢٨٤ ڕێکخراو لە بوارەکانی ژناندا لە سەرجەم شار و شارۆچکەکاندا هەیە، بەڵام لەگەڵ زیادبوونی ژمارەی ڕێکخراوەکان ئامارەکانی توندوتیژی بەردەوام لە زیادبووندان.

 

بەپێی ئامارەکانی بەڕێوەبەرایەتی گشتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان و خێزانی هەرێمی کوردستان، لە چوار مانگی سەرەتای ئەمساڵدا سێ هەزار و ٨٦٧ سکاڵا تۆمارکراوە، ٣٧ دەستدرێژی سێکسی و ٣٨ خۆسوتان تۆمارکراوە.

 

ئامارەکان ئەوە دەخەنەڕوو، کە هێشتا ژنان دەبێت هەوڵی زیاتر بدەن و کار بۆ ڕۆشنبیرکردنی فیکری خۆیان بدەن، دەشبێت ڕێکخراوەکان بە سیمینار و دەورەکان هەوڵی هۆشیارکردنەوەی ژنان بدەن.

ڕێکخراوەکانی گەرمیان بە تەنهان

سوهام مەحمود، وەک ژنێکی گەرمیان و ئەندامی ڕیکخراوی ژنانی ئازادی کوردستان، ئاماژە بۆ ئەوەدەکات کە هەرچەندە ڕیکخراوەکان کار بۆ هۆشیارکردنەوەی ژنان دەکەن، بەڵام بەهۆی زاڵبوونی ئەقڵییەتی پیاوسالاری ژنان بەدەم کار و سیمینارەکانی ڕێکخراوەکانەوە نایەن، هەروەها دەبێت بەردەوام کار بۆ ئەوەبکرێت، ژنان بەرامبەر توندوتیژییەکان بێدەنگ نەبن و سکاڵا تۆماربکەن.

 

سوهام وەک ئەندامی ڕژاک، ئاشکرای دەکات ڕێگاییان پێنادرێت کار بکەن و جیاوازی دەکرێت لەنێوان ڕێکخراوەکاندا، ڕێکخراوەکانی بواری ژنان لە گەرمیان بە تەنیان، لە کەرکوک یاخود سلێمانییەوە هاوکاری ناکرێن.

ڕێکخراوەکان تەنها بە ناو بوونیان هەیە

تانیا کەریم، لە شارۆچکەکەی پێنجوێن ئەوە دەخاتەڕوو، ئاستی توندوتیژییەکان لە شارۆچکەی پێنجوێن نزمە، دەڵێت "لە ئێستادا ناوچەکە تا ڕادەیەک دوورە لە توندوتیژی و ژنان توندوتیژیییان بەرامبەر ناکرێت، لە ئێستاشدا هەرێمی کوردستان لەژێر هەڕەشەی داگیرکردنی کەلتور دایە، ئەگەر لەو ناوچانەشدا کار نەکەن ئەوا ئەو هەڕەشە و مەترسی ژن کوشتنەی کە هەیە، پێنجوێنیش دەگرێتەوە".

 

ئەو چالاکوانە ئاماژە بۆ ئەوەش دەکات، لە پێنجوێندا چەند ڕێکخراوێک بەناوی ژنانەوە هەیە، بەڵام تا ئێستا هیچ کارێکیان بۆ ژنان نەکردووە، وتیشی: "ئەوانە حزبین و لەژێر سیستمی حزبەکەی خۆیدا کار دەکات، کە حزبەکەش بە ئەقڵیەتێکی پیاوسالاری مامەڵە دەکات، بۆیە ئەوانە تەنها بە ناو بوونیان هەیە".

ئەو سیمینارانەی بۆ ژنان دەکرێت، بەپێی پێویست پێشوازی لێناکریت

دیدار مەهداوی، وەک ژنێکی گەنجی شارۆچکەی دەربەندیخان باس لە دۆخی ژنانی ئەو شارۆچکەیە دەکات: دەربەندیخان شارۆچکەیەکی بچوکە و تا ڕادەیەک ئازادیی بۆ ژنان تێدا فەراهەمە، بەڵام هێشتا کەموکوڕی لە فیکری هەردوو ڕەگەزەکەدا هەیە، ژنان لە قسەی خەڵک دەترسن و ناتوانن بە ئازادی بچنە هەموو شوێنێک، دین و دابونەریت کاریگەری هەیە، خەڵک بوێری نەماوە.

 

ئەو ژنە گەنجە دەشڵێت " کێشەی تێگەشتن و بیرکردنەوەی زۆر هەیە لە ئەقڵیەت و فیکری هەردوو ڕەگەزەکەدا، لە مێژەیەوە ئەقڵەتیان چەقبەستووە، کارێکی زۆر قورسە هۆشیاکردنەوە، دەبێت یەکەمجار هەوڵی هۆشیارکردنەوە و ڕۆشنبیری بدەین، چونکە ژن دایکی نیوەی کۆمەڵگایە و نیوەکەی دیکەش پەروەردە دەکات".

 

دەبارەی ڕێکخراوەکانی بواری ژنانیش، باس لەوەدەکات کە ڕێکخراو و سەنتەرەکانی ئەو ناوچەیە زۆرینەیان حزبین، کار بۆ ژنان دەکەن، بەڵام بەپێی پێویست نین، لەبارەی کۆڕ و سیمینارەکانەوە، دەڵێت: "ئەو کۆڕ و سیمینارانەش کە بۆ ژنان دەکرێت، بەپێی پێویست پێشوازی لێناکریت".

 

ت.پ