منداڵان تەمەنی منداڵێتی خۆیان بیرکردووە و گیرۆدەی ئامێرە ئەلکترۆنیەکان بوون

ئامێرە ئەلکترۆنییەکان بوونەتە بەشێکی سەرەکی ژیانی منداڵان، بە هۆی زۆر بەکارهێنانیانەوە منداڵان ئالودەی بوون و ڕۆژانە بەشی زۆری کاتەکانیان لەسەر ئامێرەکانیان بەسەردەبەن، یەکێک لە هۆکارەکانیش نەبوونی سیستمێکی گونجاو بۆ پەروەردەکردن و خوێندنگایە.

 

شنیار بایز

سلێمانی- منداڵان پێویستان بە پەروەردەیەکی دروست هەیە، تا تاکێکی هۆشیاریان لێ بەرهەم بهێنرێت، لە ئێستادا بەهۆی نەزانینی بەخێوکردن و گرنگی پێنەدانیان لەلایەن خێزانەکانیانەوە، خاوەن پەروەردەیەکی نادروستن، زۆرینەی خێزانەکان منداڵەکانیان دەدەنە دەست جیهانی ئەلکترۆنی، ژیانی گشتی و منداڵیان بچووک دەکەنەوە لە ئامێرە ئەلکترۆنیەکاندا.

 

منداڵ منداڵێتی خۆی بیرچووەتەوە، خۆشی منداڵێتی و خوێندن و فێربوونیان بیر نییە، ئەوەی لایان گرنگە تەنها ئامێرە ئەلکترۆنیەکانن، هۆکاری ئەمانەش هۆشیار نەبوونی دایک و باوک و کۆمەڵگایە، لە کاتێکدا دایک و باوک مۆبایلەکانیان بووەتەوە بەشێکی سەرەکی ژیانیان و بەردەوام بەکاری دەهێنن، منداڵیش چاویان لێدەکەن و هەڵسوکەوتەکانی ئەوان دووبارە دەکەنەوە.

ژنها لەناو بازاڕی شاری سلێمانیدا گفتوگۆی لەگەڵ منداڵاندا کرد، دەرکەوت منداڵان زۆرینەی کاتەکانیان بە بەسەربردنی ئامێرە ئەلکترۆنییەکان بەسەردەبەن، زۆرینەی منداڵەکان دەڵێن کە بە مۆبایلی دایکیان یاخود باوکیان یاری دەکەن و ناچنە دەرەوە بۆلای هاوڕێکانیان.

 

زۆرینەی ئەو منداڵانەش کەمترین کاتەکانیان بۆ خوێندن و خوێندنەوە تەرخان دەکەن، کە بەشێکیان لە ڕۆژێکدا تەنها دوو کاتژمێر وانە دەخوێنن.

 

لە ڕابردوودا بەهۆی هەبوونی قوتابخانەوە منداڵ وانەی دەخوێند

لە پێشتردا بەهۆی هەبوونی ناوەندەکانی خوێندنەوە ٤ بۆ ٥ کاتژمێر هەر قوتابییەک لە خوێندنگەکاندا وانەی فێربوونیان وەردەگرت، پاشان دەگەڕانەوە بۆ ماڵەوە و ئەرکەکانی ماڵەوەیان جێبەجێدەکرد، ئەو کاتە کەمەی بۆیان دەمایەوە بە یاریکردن بە بوکەڵە و میکانۆکانیان بەسەریان دەبرد، بەڵام لە ئێستادا بە هۆی داخرانی دەرگاکانی خوێندن و پەروەردەوە قوتابی ڕۆژانە تەنها چەند کاتژمێرێکی کەم وانەکانیان دەخوێنن، ئەو کاتە زۆرەشی لەبەردەستیاندایە بە یاری و بابەتی بێسودەوە بە فیڕۆی دەدەن

 

لە نێوان ئەو منداڵانەی پەیامنێری ژنها گفتوگۆی لەگەڵ دەکردن تەنها بەشێکی کەمیان ئاماژەیان بەوە دەدا کە ڕۆژانە زۆربەی کاتەکانیان بە خوێندن بەسەر دەبەن، مەڕوا منداڵێکی تەمەن ٩ ساڵانە و دەڵێت "ڕۆژانە کەمێک ئایپاد بەکاردەهێنم چونکە خراپە، زۆربەی کاتەکان دەخوێنم، یان دەچمە دەرەوە بۆ ئەوەی هەوایەک بگۆڕم لەگەڵ هاوڕێکانم".

 

ئاریانیش و دەڵێت کە تەنها مۆبایل بۆ سود وەرگرتن بەکار دەهێنێت و یاری بە مۆبایل ناکات بەتایبەت یاری پۆبجی.

 

شاکۆ یەکێکی دیکەیە لەو منداڵانە کە داوا لە منداڵان دەکات یاری پۆبجی نەکەن، ئەو پێی وایە پۆبجی مرۆڤ توشی نەخۆشی دەروونی دەکات.

 

دایک و باوک منداڵ ئاڕاستەی کاری باش و خراپ دەکات

بەشێک لە دایکان ڕێگری لە منداڵەکانیان دەکەن بۆ یاریکردن و خوپێوەگرتن بە مۆبایل و ئایپاد، بەڵام لە بەرامبەردا هەندێک لە دایکانی تر پێیان باشە منداڵەکانیان بە ئامێرە ئەلکترۆنیەکان یاری بکەن تا فێری شتی بەسود بن لێوەی.

ئاڵا، دایکی یەکێک لە منداڵەکانە و پێی باشە لە سنوری خۆیدا منداڵ ئامێرە ئەلکترۆنیەکان بەکاربهێنێت، هەروەها چاودێری بکرێت لەلایەن دایک و باوکەوە تا بزانرێت منداڵەکانیان سەیری چی دەکەن، وتیشی: "دایک و باوک کاریگەریان لەسەر منداڵ هەیە و چەنێک سەرقاڵ بن بە مۆبایلەوە ئەوەندەش بێ ئاگای منداڵەکانیان دەبن و ئەوانیش چاویان لێدەکەن".

 

ئەو دایکە باس لە کچەکەی دەکات کە لە منداڵییەوە  ئامێرە ئەلکترۆنیەکانی بەکاردەهێنا و فێری زمانی ئینگلیزی بوو، بەڵام کاتێک گفتوگۆمان لەگەڵ نازی کچیدا کرد ئەوەمان بۆ دەرکەوت بەهۆی بەکارهێنانی ئایپاد لە تەمەنێکی منداڵیەوە، ناز نەیدەتوانی بە کوردی پیرۆزبای ئاڕاستەی منداڵان بکات و زمانی دایک'ی بیرچووبووەوە و بە زمانی ئینگلیزیەکی خۆی ئاڕاستەی منداڵان کرد.

 

ئەگەرچی فێربوونی زمانێکی دیکە گرنگی و سودی هەیە، بەڵام نائاگایی و بیرچوونەوەی زمانی دایک مەترسییەکە لەسەر شوناس و هەبوونی کورد لە داهاتوودا.

 

سیستمی خوێندن و حکومەت هۆکاری پەروەردەی ناتەندروستن

هاوڵاتی نیاز عەبدوڵا، پێی وایە هۆکاری پەروەردەی نادروستی منداڵ، سیستم و حکومەتە کە ئامێرە ئەلکترۆنیەکان دەهێننە ناو وڵات بێ هیچ سانسۆرێک، دەشڵێت "لە ئێستادا خەڵکی چاو لە یەکتر دەکەن، بووە بە چاولێکەری کە دەبێت منداڵ ئایپاد و مۆبایلی هەبێت، لە کاتێکدا کاریگەری خراپی دەبێت لەسەر چاو و کەسایەتی ئەو منداڵە بە جۆرێک توشی گۆشەگیری ببن".

 

نازەنین عوسمان: پەروەردە دروستکردنی مرۆڤێکی تێگەشتووە

نازەنین عوسمان، پڕۆفیسۆری یاریدەدەر لە زانکۆی سلێمانی بەشی پەروەردەی تایبەت، دەربارەی پەروەردەی منداڵ، کێشە و گرفتەکانی منداڵانی ئێستا دەڵێت: "پەروەردە دروستکردنی مرۆڤێکی بایۆلۆجییە بۆ مرۆڤێکی تێگەیشتووە، دایک و باوکی ئێستا، گرنگی بە پێداویستییە مادییەکانی منداڵ دەدات، لە ڕووی پەروەردەی خوودیەوە گرنگیەکی ئەوتۆی پێنادەن، چونکە لە ئێستادا خێزانەکان خۆشیان سەرقاڵن بە ژیانەوە و بیریان لای پەروەردەی منداڵ نەماوە".

 

ئەو پرۆفیسۆرە نەبوونی خوێندنگا، دیارینەکردنی کات بۆ تەکنەلۆجیا و ئامێرە ئەلکترۆنییەکان و نەبوونی پەروەردەیەکی دروست کە منداڵی لەسەر پەروەردە بکرێت بە هۆکاری ئالودەبوونی منداڵ بە ئامیرە ئەلکترۆنییەکان دادەنێت، ئاماژەی بەوەشدا زۆر بەکارهێنانی ئەو ئامێرانە، جگە لە تێکدانی پەروەردەی هزری، کار دەکاتە سەر جەستەی منداڵەکەش.

 

"بە هۆی ئامێرە ئەلکترۆنیەکان تێکەڵبوون و گۆڕینەوەی بیروڕا نەماوە"

پرۆفیسۆر نازەنین، باسی لەوەکرد لە کۆبوونەوە و دانیشتنەکاندا هەمووان سەرقاڵی ئامێرە ئەلکترۆنییەکانن، ئەمە زیان بە تاکەکانی کۆمەڵگەش دەهێنیت کە دوورکەوتنەوە لە یەکتر دروست دەکات، وتیشی: "تا دوو ساڵ منداڵ نابێت بە هیچ شێوەیەک ئامێرە ئەلکترۆنییەکان بەکاربهێنێت، دوای دوو ساڵیش پێویستدەکات ڕۆژانە نیو کاتژمێر بێت، ئەگەر کاتەکەی زیاتر بێت کاردەکاتە سەر گەشەی مێشکی".

 

 "منداڵەکان ئالوودەی ئامێرە ئەلکترۆنیەکان بوون"

ئەو پرۆفیسۆرە بۆ دۆخی ئێستای منداڵان دەڵێت ئەوان چێژ لە سروشت و ڕاستی ژیان نابینن، تەنها بیر و خەیاڵیان لای ئامێرەکانە، تەنها دایک و باوک بەرپرس نین بەڵکو سیستم و پەروەردەش کاریگەری زۆری هەیە، کۆرۆنا بۆی سەلماندین بوونی سیستمی خوێندن و فێر بوون چەند کاریگەری هەیە لەسەر منداڵ.

 

"پەروەردە کردن چەندی قسە کردنە، ئەوەندەش ڕەفتارە"

نازەنین عوسمان بۆ پێدانی پەروەردەیەکی دروست بە منداڵان دەڵێت: ئەگەر دایک و باوک بیانەوێت منداڵەکانیان پەروەردەی دروست وەربگرن پێویستە لە خۆیانەوە دەستپێبکەن، پێویستەکات خێزان خۆی بەکارهێنانی ئەو ئامێرانە کەم بکاتەوە، زیاتر دانیشن لەگەڵ یەکتر، زیاتر بخوێننەوە تا ئەوانیش چاویان لێبکەن بۆ خوێندنەوە.

 

لە کۆتایدا نازەنین عوسمان پرۆفیسۆری یاریدەدەر، ڕۆژی جیهانی منداڵان پیرۆز دەکات: با منداڵان بە پەروەردەیەکی دروست گەورە ببن، با کۆمەڵگە و کێشەکانی خێزان کاریگەری نەکەنە سەر پەروەردەی منداڵ، منداڵان بە منداڵی بژین نەک لە قاڵبێکی گەورەیدا.

 

ت.پ