ژنە کاندیدەکان ڕووبەڕووی قسەی نەشیاوی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەبنەوە

ژنانی کاندید بۆ هەڵبژاردنەکان بەدەر لەوەی وێنەو پۆستەرەکانیان لەسەر شەقام و کۆڵان و شوێنە گشتییەکان رووبەڕووی دڕان و شێواندن دەبێتەوە، لە پەڕەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانیشەوە قسە و ڕەفتاری نەشیاویان بەرامبەر دەکرێت و ڕووبەڕووی توانج دەبنەوە.

 

لاڤە کوردە

ناوەندی هەواڵ- بڕیارە ١٠ی تشرینی یەکەمی ئەمساڵ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بەڕێوەبچێت و ژنان بە ٩٦٣ کاندیدەوە دەچنە ململانیی هەڵبژاردنەکانەوە، هەروەک لەکاتی هەموو بانگەشەی هەڵبژاردنێک چاوەڕوان دەکرێت ژنانی كاندید ده‌كرێنه‌ ئامانج و وێنه‌ و ڤیدیۆی دروستكراوی نه‌شیاویان له‌لایه‌ن په‌یج و ئه‌كاونته‌ ساخته‌كانه‌وه‌ بڵاو ده‌كرێنه‌وه‌ ئەمەش به‌مه‌به‌ستی له‌كه‌دار كردنی كه‌سایه‌تیان، لە هەڵمەتی بانگەشەی ئەمجارەدا ئەوەی زیاتر بەدی دەکرێت کۆمێنتی نەشیاوە بۆ ژنە کاندیدەکان و بە چاوێکی کەم بایەخ و بێتوانا لە ژنان دەڕوانرێت.

ژنها نمونەی هەندێک لەو ژنە کاندیدانە نیشان دەدات کە توانجیان لێدراوە:

یەکێک لە ژنە کاندیدەکان "هیلان عیسا کەریم" کاندیدی سەربەخۆیە و گرتە ڤیدیۆییەکی بە مەبەستی بانگەشە لە ڕێگەی پەیجی خۆی بڵاوکردوەتەوە، هیلان لە کۆمێنتەکان قسەی نەشیاوی بەرامبەر کراوەو وەک هەموو ژنە کاندیدەکانی تر کەوتووەتە بەر توانجی بەکارهێنەرانی سۆشیال میدیا.

 

ئاڵا تاڵەبانی کە کاندیدی هاوپەیمانی کوردستان-ە بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، لەگەڵ ئەوەی لە زۆرینەی کۆمێنتەکان لە ڕووی ئەدای سیاسەتکردنەوە ڕەخنەی لێگیراوە، بەڵام دواجار وەک ژنێک قسەی ناشرینی بەرامبەر کراوە و وەک هەمیشە قسە لەسەر شەرەف و ئەخلاق کراوە.

 

هەرچەندە لە ئێستادا ژمارەیەکی زۆر لە ژنان تێکەڵ بە کاری دەرەوە بوون و لە زۆر بواردا پێگەیان دیارە یاخود خاوەن کاری سەربەخۆی خۆیانن، بەڵام ئەو ئەقڵیەتە هەر ماوە کە ژنان دەبێت تەنها لەناو ماڵ سەرقاڵی کاروباری ماڵەوەبن، زۆرینەی کۆمێنتەکان بەو شێوەیەن کە ڕەخنە لە ژنە کاندیدەکان گیراوە کە بۆ ناچنە ماڵەوە و کاری ماڵەوە بکەن، د.پەخشان سیان کاندیدی یەکگرتووی ئیسلامی بە نمونە دێنینەوە کۆمێنتێکی بۆ کراوە و پێی وتراوە کە بڕواتە مەتبەخی ماڵەوە نەک پەرلەمانی عێراق.

ئەوەی سەرنج ڕدەکێشێت زۆرینەی توانجەکان لە توانای ژن دەدرێت، بە تایبەت پیاوان پێیان وایە ژنان بێتوانان لە ئاست پڕۆژەکانی ناو پەرلەمان، سروە محەمەد کە کاندیدی هاوپەیمانی کوردستانە بەم شێوەیە کۆمێنتی بۆ نوسراوە.

 

سەرەڕای توانجی کۆمەڵگە بەرامبەر ژنە کاندیدەکان، کۆڵنه‌دانی خودی ژنان و باوه‌ڕبوون و متمانه‌یان به‌ توانا و به‌شداربوونیان له‌ خودی پرۆسه‌که‌دا کاریگه‌ری و گرنگی و ئاسه‌واری باشی خۆی ده‌بێت، تا بتوانن وێنایه‌کی جوان و چالاک و گرنگی ژنان نیشان بده‌ن و ببنه‌ مۆدێل و نموونه‌یه‌کی کاریگه‌ری خه‌باتکردن له‌ به‌شداریی سیاسیدا.