ئەپڵیکەیشنێک بۆ پاراستنی ژنان دروستدەکرێت

بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان و خێزان لە هەوڵی بەرهەمهێنانی ئەپڵیکەیشنێکی تایبەتدایە، وەک ڕێگایەک بۆ بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان.

 

تەرزە تەها

سلێمانی- ماوەی چەند مانگێکە بەڕێوەبەرایەتی گشتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان و خێزانی هەرێمی کوردستان بە هاوکاری ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ دانیشتووان، کۆبوونەوە دەکەن بۆ دروستکردنی ئەپڵیکەیشنێک بە ناوی SAVE YOU- پاراستنی تۆ.

 

بۆ جێبەجێکردن و خستنەکاری ئەم ئەپڵیکەیشنە بەڕێوەبەرایەتی گشتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان و خێزان لەگەڵ وەزارەتی ناوخۆ، وەزارەتی تەندروستی، ئەنجومەنی باڵای دادوەری، وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی، نوێنەری ئەنجومەنی وەزیران و ئەنجومەنی باڵای کاروباری خانمان کۆبوونەوەی ئەنجامداوە، هاوکات لەگەڵ وەزارەتی گواستنەوە، وەزارەتی ناوخۆ و دەستەی ڕاگەیاندن و پەیوەندییەکانی عێراق کۆبوونەوەی ئەنجامداوە.

 

ئێستا لە قۆناغی دروستکردنیدایە، بڕیارە لەلایەن ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە ئەپڵیکەیشنەکە دروستبکرێت، لە لێدوانێکیشدا بۆ ژنها جەمال ڕەسوڵ بەڕێوەبەری پەیوەندییەکان و ڕاگەیاندنەکانی بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان و خێزان، ئاماژەی بۆ ئەوەکرد، بڕیارە ستافێکی بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی لەگەڵ ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان سەردانی ئەرمینیا و جۆرجیا بکەن، وەرگرتنی زانیاری زیاتر لەبارەی ئەو ئەپڵیکەیشنەوە، چونکە ئەم ئەپڵیکەیشنە لە هەردوو وڵاتی ئەرمینیا و جۆرجیا بەکارهێندراوە.

 

دەتوانێت وەک بەڵگە لە دادگادا بەکاربێت

بەپێی وتەکانی جەمال ڕەسوڵ، ئەم ئەپڵیکەیشنە دەتواندرێت وەک بەڵگەیەک لە دادگا بەکاربهێندرێت، چونکە زانیاری کەسی بەکاردێت بۆ چوونە ناو ئەپڵیکەیشنەکەوە و باوەڕپێکراو دەبێت، بەڵام تا ئێستا یەکلای نەبووەتەوە کە لە دادگا کاری پێدەکرێت یاخود نا.

 

ئەپڵیکەیشنی پاراستنی تۆ- SAVE YOU ئامانج لێی هاوکاریکردنی ئەو کەسانەیە کە توندوتیژییان بەرامبەر ئەنجام دەدرێت، بە هەردوو زمانی عەرەبی و کوردی بەردەست دەبێت، دەتواندرێت دەنگ تۆمار بکات و شوێنی کەسەکە دەستنیشان بکات.

 

ئەم ئەپڵیکەیشنە بۆ هەردوو سیستمی ئەندرۆید و ئای ئۆ ئێس بەکاردێت، بەشداربوو ناو و ژمارەی تەلەفۆن و چەند زانیارییەکی کەسی تۆماردەکات، سەرباری ئەوەش دەتوانێت دەنگ تۆماربکات و شوێن دیاری بکات، هاوکات چەندین زانیاری تەندروستی، یاسایی و ڕێنمایی دەروونی تێدایە.

 

ئەپڵیکەیشنەکە بێ بەرامبەر دەبێت

لەبارەی بەکارهێنانی ئەم ئەپڵیکەیشنەوە، جەمال ڕەسوڵ ئاشکرای کرد، نوسراوێکیان ئاڕاستەی وەزارەتی ناوخۆ هەرێمی کوردستان کردووە، ئەوانیش ئاڕاستەی وەزارەتی گواستنەوەی عێراق و دەستەی ڕاگەیاندن و پەیوەندییەکانیان کردووە کردووە، تا ئەپڵیکەیشنەکە بێت بەرامبەر بۆ بەکارهێنەران کاری پێبکرێت و زۆرترین هاوڵاتی سوودمەند بن.

 

هەوڵەکان بۆ دروستکردنی ئەم ئەپڵیکەیشنە لە کاتێکدایە، کە ئامارەکانی توندوتیژی لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان و خێزانی هەرێمی کوردستان تا دێت ڕوو لە زیادبوون دەکات، هەر ساڵێک ئامارەکانی لە ساڵی ڕابردوو بەرزتر دەبنەوە.

 

ت.پ