سارا ڕەزا: با ژنانی وڵاتە جیاوازەکان یەکگرتووبن لە پێناو بەدەستهێنانی ئازادی زەوتکراو

لە دووەمین کۆنفڕانسی ژنانی ڕۆژهەڵاتی ناوڕاست و باکوری کوردستان، ژنانی تەڤگەری ئازادی لە باشوری کوردستان بەشداریان کردووە لە پێناو گۆڕینەوەی ئەزموونی ئەو توندوتیژیانەی ژنان لە ڕۆژهەڵاتی ناوڕاست ڕووبەڕووی دەبنەوە. تەوار پێنجوێنی

لە دووەمین کۆنفڕانسی ژنانی ڕۆژهەڵاتی ناوڕاست و باکوری کوردستان، ژنانی تەڤگەری ئازادی لە باشوری کوردستان بەشداریان کردووە لە پێناو گۆڕینەوەی ئەزموونی ئەو توندوتیژیانەی ژنان لە ڕۆژهەڵاتی ناوڕاست ڕووبەڕووی دەبنەوە.

تەوار پێنجوێنی

 

بەیروت- سارا ڕەزا، نوێنەری ژنانی تەڤگەری ئازادی لە باشوری کوردستان بەشداری لە دووەمین کۆنفرانسی ژنانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکوری ئەفریقاکردووە، تایبەت بە ژنها ڕایگەیاند، نزیکەی ١٠٠ ژن لە ١٥ وڵاتی جیاوازەوە بەشداریان لە کۆنفڕانسەدا کردووە، هەر ژنەو ئازاری وڵاتەکەی باس دەکات و کێشەکانی ژنان لە وڵاتەکەیدا دەخاتە بەرچاو.

 

"هەبوونی کۆنفڕانسی لەم شێوەیە دەتوانێت ببێتە چارەسەرییەک بۆ لەناوبردنی کێشەی ژنان"

سارا ڕەزا وەک ژنێکی بەشداربووی کۆنفڕانسەکە جەختی لەوە کردەوە ژنان دەتوانن لە ڕێی بەستنی کۆنفڕانسی لەم شێوەیە ڕێگەچارە بۆ کێشەکانی ژنانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکوری ئەفریقا بدۆزنەوە.

باسی لەوەشکرد دۆخی ژنانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست باش نییە و بەردەوام ڕووبەڕووی کێشە دەبنەوە بەتایبەت ئەو هێرشە داگیرکاریانەی کە خراونەتە سەر باشووری کوردستان، ژنان تیایدا زەرەرمەندی سەرەکین.

بۆ جاری دووەمە کۆنفڕانسی لەم شێوەیە سەرکەوتنی تەواو بەدەست بهێنێت چونکە ژنان باوەڕیان بە یەکگرتووی و گۆڕینەوەی هێز لەگەڵ یەکتر هەیە.

 

"داوا دەکەین ژنانی وڵاتە جیاوازەکان یەکگرتوو بن"

سارا ڕەزا ئاماژەی بەوەدا لەگەڵ ئەوەی بەردەوام هەوڵ دەدرێت بۆ لەناوبردنی بیری و فکری ئازادی ژنان و ڕادەربڕینیان، بەڵام هێشتا ژنان لە هەوڵدان بۆ ڕووبەڕووبونەوەی ئەو ئەقڵیەتە نێرسالارییەی کۆمەڵگا بەڕێوەدەبات و توندوتیژی بەرامبەر بە ژنان دەکات.

هەروەها داواش دەکات، ژنانی وڵاتە جیاوازەکان یەکگرتوو بن لەپێناو بەدەستهێنانی ئازادی، چونکە پێی وایە ژنان لە هەر شوێنێکی جیهان بن ئازارەکانیان یەک ئازارە.

بە پێویستیشی دەزانێت ژنان لە سیستمی سەرمایەداری و بەڕێوەبردنی ئەقڵەیەتی پیاوسالاری بێنە دەرەوە، ئەمەش لەپێناو بەدەستهێنانی مێژووی ئەو ئازادییەی چەندین ساڵە لە ژنان زەوت کراوە.

 

"هەوڵ دەدەین ئەزموونە ئەرێنییەکان لە باشورری کوردستان بگەیەنینە ژنان"

ئاماژەی بەوەشدا لە هەر وڵاتێک دیکتاتۆر و ئەقڵیەتی پیاوسالاری هەبێت ئازاری ژنان و ئەزموونەکانیان لەیەکەوە نزیکن، بۆیە دەتوانرێت لەم کۆنفڕانسەدا سود لە ئەزموونەکانی یەکدی وەربگیرین، وتیشی "ئێمە وەک ژنانی تەڤگەری ئازادی ئەو ئەزمونانەی وەرمانگرتووە لەم کۆنفڕانسە لە باشووری کوردستان زیاتر کاری لەسەر دەکەین و هەوڵی بەرەوپێشبردنی ژنان دەدەین".