نەبوونی سیستمی چاودێری هۆکارە بۆ گێچەڵ لە تەکسیەکاندا

ژنان نەبوونی سیستمێکی چاودێری ورد و فلتەرێک بۆ کاری شۆفێری تەکسی بۆ هۆکاری بەردەوامی گێچەڵ و بێزارکردنیان لە تەکسیدا دەگەڕێننەوە، بە جۆرێک زۆرینەی ژنەکان لە ئێستادا باوەڕیان بە شۆفیری تەکسی نەماوە. شنیار بایز

ژنان نەبوونی سیستمێکی چاودێری ورد و فلتەرێک بۆ کاری شۆفێری تەکسی بۆ هۆکاری بەردەوامی گێچەڵ و بێزارکردنیان لە تەکسیدا دەگەڕێننەوە، بە جۆرێک زۆرینەی ژنەکان لە ئێستادا باوەڕیان بە شۆفیری تەکسی نەماوە.

شنیار بایز

 

سلێمانی- لە هەرێمی کوردستان بە هۆی نەبوونی هەلی کار، زۆرینەی هاوڵاتیان دەستیان داوەتە پیشەی شۆفێری تەکسی، ڕۆژانە ژمارەی تەکسی لەناو پارێزگاکانی هەرێمدا زیاد دەکات، بە پێی داتاکانی بەڕێوەبەرایەتی گشتی گواستنەوە و گەیاندنی هەرێمی کوردستان، ٨٢ هەزار تەکسی لە بەڕێوەبەرایەتییەکانی هاتوچۆی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان تۆمارکراوە.

ئەگەرچی پیشەی شۆفێری کارێکی ئاسانە، زۆرینەی هاوڵاتیان دەتوانن ئەنجامی بدەن، هەر لەبەر ئەوەشە بەشێکی زۆری هاوڵاتیان ڕوویان کردووەتەوە ئەو پیشەیە، بەڵام بەهۆی نەبوونی هیچ فلتەرێک و سیستمێک بۆ ئەو کەسانەی دەبنە شۆفێر، ئێستا گێچەڵ و بێزارکردنی ژنان لەلایەن بەشێک لەو شۆفێرانەوە زیادی کردووە.

هەندێکیان بە هۆی ئەوەی سیستمێکی چاودێری نییە بەسەریانەوە تا لە کردەوەکانیان بپرسێنەوە، جۆرەها کار و قسەی نەشیاو لەگەڵ سەرنشینەکانیان دەکەن و بێزاریان دەکەن بە تایبەت ژنان، قسەی نەشیاو و توانج دەدەن، یاخود بە جۆرێک سەیریان دەکەن وەک بڵێی کاڵایەک بن.

 

ژنها بە مەبەستی دۆخی ژنان لە هۆیەکانی گواستنەوە بە تایبەت تەکسی و پاس، گفتوگۆ لەگەڵ ژنانی شاری سلێمانی دەکات، لەگەڵ ئەوەی زۆرینەیان ڕووبەڕووی ئەو توندوتیژیانە بوونەتەوە بەڵام لەبەر قسەی کۆمەڵگا ئامادە نەبوون ئەو ڕووداوانەی بەسەریاندا لەبەر چاوی کامێراکاندا باسی بکەن.

 

"با چیتر ژنان بێدەنگ نەبن لە ئاست توانجی پیاوان"

ئەڤین جەبار، ژنێکی شاری سلێمانی باسی لەوە کرد زۆر کەم بە تەکسی هاتوچۆ دەکات، وتیشی بەردەوام ژنان توندوتیژیان بەرامبەر دەکرێت جا ئەگەر بە سەیرکردنێکیش بێت، بۆیە ئەڤین بە یەکێک لە دیاردە قێزەونەکانی کۆمەڵگا لە قەڵەمدەدات.

ئاماژەی بەوەشکرد هەندێک کات لەو توانج و سەیریکردنانە خۆی پێنەگیراوە و جوابی داونەتەوە و داواش دەکات کە ژنان بێدەنگ نەبن لە ئاست ئەو هەڵوێستانە.

 

"شۆفێرەکان پێش ئەوەی تەماشای ژنی دیکە بکەن تەماشای خوشکی خۆیان بکەن"

پەروین عەبدوڵای ٥٢ ساڵ دڵنیای ئەوە دەدات کە هەموو شۆفێرەکان خوشک و دایکیان هەیە بۆیە دەڵێت" پێش ئەوەی ژنی خەڵکی هەراسان بکەن و قسەی نەشیاو بکەن، با درک بەوە بکەن دایک و خوشکی خۆشیان لە ماڵەوە بونیان هەیە".

هەروەها داوا دەکات شۆفێرەکان خۆیان هەڵنەقورتنێننە ناو بابەتێکەوە کە پەیوەندی بەوەوە نییە، بە تایبەت ژنانی گەنج.

 

"شۆفێرەکان با کارێک نەکەن جارێکی دیکە ژنان بە تەکسی هاوتوچۆ نەکەن"

ئاسیا سابیر، ئەوەی خستەڕوو لە ئێستادا بەهۆی ئەوەی گێچەڵی زۆر بە ژنان دەکرێت ژنان وایان لێهاتووە نەتوانن بە تەنها بە تەکسی هاتوچۆ بکەن، هەروەها پێی وایە هەبوونی ئەو جۆرە ڕەفتارانە کۆمەڵگا بەرەو دواوە دەبات.

وەک چارەسەرییەک ئاسیا دەڵێت "دەبێت سەرەتا لە چارەسەرکردنی پەروەردەی خێزانییەوە هەوڵی نەمانی ئەم ڕەفتارانە بدرێت، چونکە بنەڕەتی هەموو ڕەفتارەکانی ناو خێزان، پەروەردەیەتی".

 

هەروەها ژیلان عەبدول وەهابی ٢٤ ساڵ بەم جۆرە بۆ ژنها دوا "ژنەکان لە ڕێی هەڵسەنگاندنی ڕووخساری شۆفێرەکان با جیای بکەنەوە چ شۆفێرێک بە کەڵکی ئەوە دێت لەگەڵی هاتوچۆ بکەیت".

 

"حاڵەتەکانی توندوتیژی شۆفێرە تەکسیەکان زۆر زۆرن"

نیگار حەسەن، ئاماژەی بەوە کرد هەندێک لە شۆفێرەکانی تەکسی لە خۆیانەوە خۆیان هەڵەقورتێنن، پرسیاری زۆر نەگونجاو دەکەن کە هیچ پەیوەندییەکی بەوەوە نییە، وەک "تەمەن و شوێنی کار و کۆمەڵێک پرسیاری دیکە".

نیگار ئەوەشی خستە ڕوو، ئەرکی سەرەکی شۆفێری تەکسی گەیاندنی سەرنشینەکەیەتی نەک ئەنجامدانی توندوتیژی.

هۆکاری سەرەکی ئەم دیاردەیەش دەگەڕێنێتەوە بۆ نەبوونی ڕۆشنبیری تاک لەناو کۆمەڵگادا، پێی باشە سیستمێک هەبێت تا چاودێری شۆفێرەکان بکرێت، لە ڕوودانی هەر حاڵەتێکی چاوەڕوان نەکراو ژنان بتوانن پەوەندیان پێوە بکەن و شۆفێرەکنیش چیدیکە نەتوانن گێچەڵ بکەن.

 

"تەنانەت پرسیاری ئەوە دەکەن، هاوسەرگیریت کردووە؟"

شانۆ حەمە عەلی، وەک ژنێک پێی وایە دەبێت شۆفێری تەکسیەکان بزانن سنوریان تا کوێیە و سنور نەبەزێنن، چونکە هەندێک کات سنور دەبەزێنن بەوەی پرسیار دەکەن هاوسەرگیریت کردووە لە کاتێکدا هیچ پەیوەندیەکی بەوەوە نییە.

وتیشی "کاتی وا هەبوو خوا خوام بووە بگەمە شوێنەکەی خۆم و دابەزم ئەوەندە بێزار بووم لە شۆفێرەکە"، ئەوەشی خستەڕوو زۆرینەی هاوڵاتیان ڕەفتاری خێزانەکانیان دەهێننە دەرەوە بۆیە دەبێت گۆڕانکاری لە پەروەردەدا بکرێت.