لەنجە عەبدوڵا: ڕێکخراوەکانی بواری ژنان لە بەرژەوەندی ئەجێندا سیاسیەکاندا کار دەکەن

بەردەوام ڕەخنە لە ڕێکخراوەکانی داکۆکیکار لە مافی ژنان دەگیرێت، کە هەرچەندە زۆرن بەڵام تا ئێستاش توندوتیژیەکان بەرامبەر ژنان هەر هەیە، لەنجە عەبدوڵا چالاکوان باس لە ڕێکخراوەکانی بواری ژنان و بێ پلانی حکومەت بۆ ڕێگریکردن لە توندوتیژییەکان دەکات.

 

تەرزە تەها

سلێمانی- لەنجە عەبدوڵا، چالاکوانی بواری مافەکانی ژنان و سەرۆکی ڕێکخراوی وارڤین بۆ پرسەکانی ژنان، لە لێدوانێکیدا بۆ ئاژانسی ژنها باس لە هۆکاری توندوتیژییەکان و بەردەوام بەرزبوونەوەی ئامارەکان و ڕۆڵی ڕێکخراوەکان و حکومەت دەکات.

 

ژنها: ئاستی ئێستای کارکردنی ڕێکخراوەکانی بواری ژنان چۆن دەبینیت؟

لەنجە عەبدوڵا: لە هەرێمی کوردستان ئەو ڕێکخراوانەی لە بواری داکۆکی لە مافەکانی ژناندا کاردەکەن، تا ڕادەیەک بە گوێرەی خواستی دۆزی ژن هەندێک هەنگاویان ناوە، فشاریان خستووەتە سەر حکومەت تا کار لەسەر پرسی ژنان بکات، بەڵام ئەگەر وردببینەوە دەبینین کێشە لە کارکردنی ڕێکخراوەکاندا هەیە.

 

ئاژانسی ژنها: ئەو کێشەیەی لە کارکردنی ڕێکخراوەکاندا هەیە چییە؟

لەنجە عەبدوڵا: لە ئیشکردن لەسەر دۆزی ژندا، بۆشاییەکی فکری و ڕۆشنبیری هەیە، ڕێکخراوەکان نازانن چی دەکەن و چیان دەوێت، ستراتیژێکی هاوبەشیان نییە، نازانن بابەتە گرنگەکانی دۆزی ژن چییە تا کاری لەسەر بکەن، خۆی ستراتیژێکی ڕوونی نییە، ئێستا زۆر کەمن ئەو ڕێکخراوانەی بە دیدێکی ژنانەوە ئیش دەکەن و هاوکاری پرسی ژنان دەکەن، ئەگینا ئەوانی دیکە بە ئەجێندای ئەو لایەنە کار دەکات، کە بۆ سپی بوونەوەی پارەکانیان پاڵپشتی ماددی ڕێکخراوەکان دەکات، بەڕاستی  لە ئێستادا ڕێکخراوەکانی داکۆکی لە مافی ژنان بووە بە تەواوکەری ئەجێندای حزبی و سیاسیانە.

 

ژنها: چالاکییەکانی ڕێکخراوەکان چۆن دەبینیت؟

لەنجە عەبدوڵا: زۆرینەی چالاکییەکان کرچوکاڵن، بێ بەرنامەن، بێ هزری، بێ هۆشیاری و بۆشاییەکی فکری گەورە لە دۆزی ژندا نیشان دەدات، لە کاتێکدا لە ئێستادا بابەتەکانی توندوتیژی و کوشتنی ژنان گرنگترین کێشەی ژنانە، ڕاستە نمونەی جوانی سەرکەوتووی ژنان دەبێت نیشان بدرێت، بەڵام نابێت کاری ڕێکخراوەکان ئەم شتە بچووکانە چڕبکرێتەوە، لە کاتێکدا کێشەی زۆر لەوە گرنگتر هەیە، بابەتی کوشتنی ژن، توندوتیژی، دەستدرێژی، هەراسانکردن، ڕێگرییەکان بۆ ژنان، بەربەستە جیاوازەکان لە کایەی سیاسی، ئابوری و پێشکەوتنی ژن، بەداخەوە ئەم چالاکیانە بوونەتە کاری بنەڕەتی و بنەمای کاری ڕێکخراوەکان.

 

ژنها: پێویستە ڕێکخراوەکان بۆ دۆزی ژن چی بکەن؟

لەنجە عەبدوڵا: پێویستمان بە پەیامێک و هەڵمەتێکە لە ڕووی هۆشیاری و میدیایەوە هەیە، تا ژنی کورد بزانێت مافەکانی چییە، ڕێکخراوەکانی ژنان بەم شێوازە بێدەنگیە و پەراوێز خستنەی یەکتری نەیانتوانیووە گوزارشت لە دۆزی ژن بکەن، بۆیە دەبینین لە ئێستادا ڕەخنەیەکی زۆر ئاڕاستەی ئەم ڕێکخراوانە دەکرێت، ئەوەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی تا ئێستا ئەنجومەنی باڵای خانمان وەک دامەزراوەییەکی ڕاستەقینە نەیتوانیووە گوزارشت لە دۆزی ژن بکات، بتوانێت لەسەر چەتری خۆیدا ئامانجێکی گشتی بۆ ڕێکخراوەکان دیاریبکات و بەجۆرێک تەواوکەری یەکتربن، بەڵام کە ئەم کارە ناکرێت لەبەر ئەوەیە خودی ئەم ئەنجومەنە لەسەر بنەمایەکی حزبی دامەزراوە و نواندی سیاسەتی حکومەت دەکات، ئەو نایەت بەدەم دۆزی ژنانەوە و ڕێکخراوەکانیش ڕازین بۆ ڕۆڵی ئەم ئەنجومەنە هیچ پرسیارێکی ئاڕاستە ناکەن.

 

ژنها: ئەو ئامارانەی لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان و خێزان بڵاودەکرێنەوە تەواوە؟

لەنجە عەبدوڵا: نەخێر تەواو نییە، ئەوە سیاسەتی حکومەتە کە دەیەوێت کەمترین ڕێژە نیشان بدات بۆئەوەی لە ئاستی نێودەوڵەتی و ئەو لایەنانەی کە چاودێری دۆزەکانی ژنان دەکەن بڵێن ڕێژەکە کەمە، ئەمە نەک ئێستا بەڵکو ئێمە لە ٢٠٠٩ چاودێری ئەو ئامارانەمان کردووە، بەراوردمان کردووە، ئەوەی لە پۆلیسمان وەردەگرت زۆر جیاوازبوو بەوەی کە بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوە بڵاویان دەکردەووە، ئەمە تەواو بابەتێکی سیاسییە، تەنانەت تا دۆزەکە نەچێتە دادگاوە تۆماری ناکەن، ئەمەش بۆ خۆی کەمتەرخەمی تۆمارکردنی توندوتیژییەکانە.

 

ژنها: چارەسەر بۆ کۆکردنەوەی سەرجەم داتا و ئامارەکان چییە؟

لەنجە عەبدوڵا: باشترین چارەسەر دامەزراندنی دەزگایەکی تایبەتە بۆ کۆکردنەوە و پێناسەکردنی ئەو ئامارانە، تا ئەمە وەک بانکی زانیاری دروست نەبێت و ڕێکخراوەکان کەیسەکانیان لەگەڵ حکومەتدا هاوبەشی نەکەن، ئامارەکان تەواو ڕاست و دروست نابێت، چاودێری کردن و چارەسەرکردن کێشەکان زۆریش ئاسانە ئەگەر بیانەوێت.

 

ژنها: حکومەت ڕۆڵی چییە لە بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیدا؟

لەنجە عەبدوڵا: حکومەت وەک لایەنی جێبەجێکار بەرپرسی یەکەمە لە دۆزی ژن، کاری ڕێکخراو لەگەڵ حکومەتدا زۆر جیاوازە، ڕێکخراوەکان  ئەڵقەی پەیوەندین لەنێوان ژنان و حکومەتدا، کێشەکان دەگەیەنن و بابەتی هۆشیارییان هەیە، بەڵام  دواجار ڕێکخراوەکانی ژنان حکومەت نین، چارەسەری سەرەکی لە دەستی حکومەتدایە، ئەمەی ئێستا هەیە لە دۆزی ژندا حکومەت لێی بەرپرسیارە، حکومەت دەبێت ئیرادەیەکی سیاسی هەبێت و لە ئاستی ئەنجومەنی وەزیرانەوە تا بچوکترینی باوەڕی بەم دۆزە هەبێت، ژن دەبێت پشتیوانی حکومەتی هەبێت بۆ بابەتی یاسایی و پارێزگاری، تا ئەمەی نەبێت ژن ناتوانێت دەنگ هەڵبڕێت بۆ بابەتی توندوتیژی.

 

ژنها: ئایا حکومەتی هەرێمی کوردستان پلانی هەیە بۆ بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان؟

لەنجە عەبدوڵا: حکومەت پلانێکی ڕوون و ئاشکرای نییە، دامەزراوەیەک هەیە تایبەتکراوە بە دۆزی ژن، دیارنییە کەچی دەکات و چی ناکات، ئێمە ئەوە سێ ساڵە سەرۆکی ئەو بەڕێوەبەرایەتییەمان لە نزیکەوە نەبینیووە، دانیشین و پرسیاربکات و بزانێت کێشەکانی ژنان چییە، من دەمەوێت بێت بڵێت کێشەکانی ژنان چییە، کەموکورتییەکانمان چییە و ئێمە لە کوێی ئەم قۆناغەداین، بەڵام کاتێک دۆزی ژن لەسەر بنەمانی بەشداری حزبی خەڵکی بۆ دادەنرێت، کە هەر کەسێک لە باگراوندێکی جیاوازەوە هاتووە و بووە بە زمان حاڵی ئەم دۆزە، ئیتر ئەم دۆزە هەر بەم جۆرەی بەسەر دێت کە ئێستا هەیە، لە کاتێکدا ئەوانەی بەتەنگ چارەسەرکردنی ئەم دۆزەوەن پەراوێز دەخرێن و لە دوورەوە دادەنرێن و ئەو کەسانەی کە ڕەخنە دەگرن پەسەندکراو نین.

 

ت.پ