ڕێژەی کارکردنی ژنان لە دەزگا ڕاگەیاندییەکانی جیهاندا

بۆ یه‌كه‌مجار له‌ مێژووی دامه‌زراندنی ئاژانسی رۆیتەرزدا ژنێك بە سەرۆکی پەخشی ئاژانسەکە ده‌ستنیشان ده‌كرێت، لە جیهانیشدا سەرباری ڕێژەی بەرزی ژنانی ڕۆژنامەوان بەڵام کەمترین پۆستی باڵایان پێدەدرێت لە دەزگاکاندا.

ناوەندی هەواڵ

 

ئاژانسی ده‌نگوباسی ڕۆیتەرز بۆ یه‌كه‌مجار له‌ مێژووی ١٧٠ ساڵی دامه‌زراندنیدا ڕۆژنامەنووسێکی ژن به‌ ناوی ئه‌لیساندار گالونی وه‌كو سه‌رۆكی پەخشی ئاژانسه‌كه‌ هه‌ڵده‌بژێرێت.

ئه‌لیساندرا گالونی ته‌مه‌ن ٤٧ ساڵ خه‌ڵكی ئیتالیایه،‌ چوار زمان ده‌زانێت لەگەڵ ئەوەشدا ئه‌زمونێكی دوور و درێژی له‌ كاری ڕۆژنامه‌وانیدا هه‌یه، ئه‌لیساندرا وه‌كو به‌رێو‌به‌ری ده‌سته‌ی پەخشی ئاژانسی رۆیته‌رز سه‌رپه‌رشتی كاری ٢٤٥٠ ڕۆژنامه‌نوس و په‌یامنێر له‌ سه‌رانسه‌ری جیهاندا ده‌كات، ده‌ستنیشانكردنی ژنێك بۆ به‌ڕێوه‌بردنی ئاژانسێكی ڕۆژنامه‌وانی‌ له‌كاتێكدا دێت كه‌ مانگی رابردوو ڕێکخراوی چاودێری ڕۆژنامه‌گه‌ری ئه‌وروپی له‌ ڕاپۆرتێكدا ئاماژەی بەوەداوە ژنان لەنێو پلە بەرزەکانی دەزگا ڕاگەیاندنەکاندا کەمە و لە ئاستی پێویستدا نییە.

 

بۆ ئەم ڕاپۆرتە لێکۆڵینەوە لە ڕەوشی ڕۆژنامەوانی ژن لە ١٢ ولاتدا کراوە، لە ئەنجامدا ١١ وڵات پیاوان له‌ پۆسته‌ به‌رزه‌كانی ده‌زگاكانی ڕۆژنامه‌گه‌ریدا شوێنیان گرتووە، ته‌نیا له‌ ئه‌فریقای باشوور ٦٠٪ سه‌رنوسه‌ران ژنن.

 

لە ١٨٠ پلەی باڵا ژنان ٪٢٠ بەڕێوەدەبەن

هەر لەو لێکۆڵینەوەیەدا تیشکخراوەتە سەر ٢٠ دەزگای دەنگوباس تێیدا ١٠ دەزگای ئەلکترۆنی (ئینتەرنێت) و ١٠ دەزگای نائەلکترۆنی ( ده‌ره‌وه‌ی ئینته‌رنێت‌)، له‌ ١٢ وڵاتی وەک كینیا، ئه‌فریقیای باشوور، هۆنگ كۆنگ، یابان، کوریای باشوور، ئه‌ڵمانیا، فینلاندا، بەریتانیا، ئیسپانیا، مه‌كسیك، ئه‌مریكا و به‌رازیل. لە ئەنجامدا دەرکەوتووە ته‌نیا ٢٢٪ی ژنان لە پلەباڵاکانی دەزگاکاندان له‌ كۆی ١٨٠ پلەی باڵا، لەو وڵاتانەشدا ژنان ٪٤٠ی رۆژنامه‌نووسان پێكده‌هێنن.

 

ڕێژەی ژنانی بەڕێوەبەر لە بەشێک لە وڵاتاندا

له‌ ئیسپانیا ٨٪ی ژنان پلەی باڵای ده‌زگاكانی ڕاگه‌یاندن به‌رێوه‌دەبەن.

له‌ مه‌كسیك ٦٪ی ژنان پلەی بەڕێوەبەرییان وەرگرتووە.

له‌ ده‌زگا ڕاگەیاندنییە گەورەکانی یاباندا ساڵی ڕابردوو هیچ ژنێك نەبووەتە بەڕیوەبەر و سەرنوسەری ژنیش بوونی نەبووە.

له‌ وڵاتی كینیا ڕێژه‌ی ژنان له‌ ٢٧٪ بووه، تەنها لە ئه‌فریقای باشووردا ئەو ڕێژەیە ٥٠٪ی تێپه‌ڕاندووه‌.

 

 

به‌پێی ئه‌م ڕاپۆرته‌ له‌ ئه‌فریقای باشوور ژنان به‌ ڕێژه‌ی ٦٠٪  بوونەتە به‌ڕێوبەری ده‌زگاكانی ڕاگەیاندن، لە ساڵی پاریشەوە بە ڕێژەی ١٣٪ زیادی کردووه‌.

له‌ ئه‌مریكاشدا ڕێژه‌ی ژنان لە بەڕێوەبردندا زیادی کردووە بۆ ٤١-٤٧٪.

 

لە هەندێک ولاتدا ڕێژەی ژنانی بەڕێوەبەر کەمبووەتەوە

له‌ ئه‌ڵمانیا ڕێژه‌ی ژنان وەک به‌ڕێو‌به‌ری ده‌زگاكانی ڕاگه‌یاندن له‌ داکشاندایە بەجۆرێک‌ ٢٧٪ کەمبووەتەوە‌ بۆ ١٩٪.

له‌ فینلاندیشدا ڕێژه‌كه‌ له‌ ٣٣٪ بۆ ٢٧٪ كەمی كردووه‌.

له‌ به‌رازیل له‌ ٢٢٪ بۆ ١٢٪ کەمبووەتەوە.

 

لە لێکۆڵینەوەیەکی به‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كاندا کە لەسەر یەکسانی ڕەگەزی لە ١٨٩ وڵاتدا كراوه‌، هاتووە هەریەک لە یابان، كوریای باشوور و ئه‌ڵمانیا ئاستی بەرزییان لە یەکسانی ڕەگەزیدا پێکهێناوە بەجۆرێک كوریای باشوور له‌ ڕیزبەندی ١١‌، ئه‌ڵمانیا له‌ ڕیزبەندی ٢٠ و یابانیش له‌ ڕیزبەندی ٢٤ دایه‌.

 

ڕاپۆرتی رێکخراوی چاودێری ڕۆژنامه‌گه‌ری ئه‌وروپا ئاما‌ژه‌ی بەوە داوە بە بەراورد بە ڕاپۆرتی ساڵی پێشوو، ڕیژەی ژنان لە بەڕێوبردنی ده‌زگاكانی ڕاگه‌یا‌ندندا ٢٪ زیادی كردووه‌، لێکۆڵەرانیش باس لەوەدەکەن بەراورد بە چالاکبوونی ژنان و بەتواناییان لە بواری ڕاگەیاندندا ناکرێت ئەم زیادبوونە باس بکرێت.

 

ت.پ