جیاکاری ڕەگەزیی لە بەڕێوەبەرایەتییەکانی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان

دامودەزگاکانی هەرێمی کوردستان مۆرکی پیاوانیان پێوەدیارە و لە بەڕێوەبەرایەتییەکانی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنانیش، ژنانی کارمەند کەمتر لە یەک لەسەر سێی پیاوان پێکدەهێنن، ئەو ژنانەش زیاتر پۆستە کارگێڕییەکانیان پێدراوە.

 

لاڤە کوردە

ناوەندی هەواڵ- بوونی ژن وەک بەڕێوەبەر و بەرپرس لەناو دامودەزگا فەرمییەکاندا تا ئێستا بوونێک نییە کە بە تەواوی مافی پێدرابێت، هەر لە وەزارەتەکانەوە تا نزمترین دەزگای حکومەت مۆرکی پیاوی وەرگرتووە و نایەکسانی لە ڕێژەی ژن و پیاودا هەیە.

 

لەناو بەڕێوەبەرایەتییەکانی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنانیش نەبوونی ستافێکی پڕ لە ژن کە زۆرینەی پیاوانن هۆکارە بۆ ئەوەی دەسەڵات هەر لای پیاوان بێت و توندوتیژییەکانیش بەرەو کەمبوونەوە نەچن، ئەمەش جۆرێکی توندوتیژییە لە فۆرمێکی جیاوازدا، ئەو ژنانەی توندوتیژیان بەرامبەر دەکرێت کاتێک دەچنە بەڕێوەبەرایەتییەکانی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی ناتوانن خەمەکان و کێشەکانیان بۆ پیاوێک باس بکەن کە خۆیان پیاوێک بەم دۆخەی گەیاندوون، بەڵام ئەگەر کارمەندەکان  ژن بن ئەوا باری دەروونی ژنانی توندوتیژلێکراو ئارامتر دەبێت و بێ ترس دەبن لە باسکردنی کێشەکانیان.

 

ئاژانسی نوژنها بە ئامار ڕێژەی ژنان و پیاوان لەناو بەڕێوەبەرایەتییەکانی بەرەنگاربوونەوەی توندتیژی دژی ژنان و خێزان دەخاتەڕوو.

 

بەڕێوەبەرەکان هەموویان پیاون

بەپێی ئامارێک کە دەست ئاژانسی هەواڵی ژن "نوژنها" کەوتووە، ٦ بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان و خێزان هەن کە سەرجەمیان بەڕێوەبەرەکانیان پیاوە و ٢٨ نوسینگەش هەن بەشێکی زۆر کەم لە نوسینگەکان بەرپرسەکانیان ژنن، تەنها بەڕێوەبەری ژن، کوردۆ عومەر بوو کە بەڕێوەبەری گشتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان و خیزان بوو، بەڵام لە دوای ئەوەی لە هەڵبژاردنی ١٠ی تشرینی یەکەمی ئەمساڵ توانی سەرکەوتن بۆ ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بەدەستبهێنێت و پۆستەکەی جێنهێڵێت، کە هەتا ئێستا ئەو پۆستە پڕ نەکراوەتەوە، بەڵام هەموو ئەگەرەکان وەک ئەوەی باس دەکرێت پیاوێک دەبێتە بەڕێوەبەری گشتی لە شوێنی کوردۆ عومەر.

 

کەمتر لە یەک لەسەر سێی کارمەندەکان ژنن

بەرێوەبەرایەتی گشتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان و خێزان و لقی بەڕێوەبەرایەتییەکان لە سلێمانی، هەولێر، دهۆک، گەرمیان، ڕاپەرین و سۆران، بە نوسینگەکانیشەوە، ژمارەی کارمەندەکان هەزار و ٤٤٤ کارمەندە بە سەربازی و شارشتانیشەوە، لەو ژمارەیەش تەنها ٤٢١ کارمەندیان ژنن.

 

جیاکاری لە ڕووی ئەرکەوە

هەروەک چۆن ژنان لە دامودەزگا و بەڕێوەبەرایەتییەکاندا زیاتر ئەرکی کارگێڕی وەردەگرن، لە بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیش بەهەمان شێوە، لەکاتێکدا بەڕێوەبەرەکانی بەرەنگاربوونەوەی توندویژی پیاون، سەرپەرشتیاری نوسینگەکانیش کە زۆرینەیان پیاون، دەرخەری ئەوەیە ژنان لە بڕیاردان و سەرپەرشتی کارەکان دوور دەخرێنەوە، تەنها لە بەشە بەڕێکەرەکانی کاردا دادەنرێن.

 

لە بەڕێوەبەرایەتییەکانی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان کە کارمەندەکان دوو بەشن "سەربازیی و شارشتانی"، کارمەندانی سەربازی ٨٧٪ پێکدەهێنن و لەو ڕێژەیەش تەنها ٢٥٪ی ژنانن.

 

ڕێژەی کارمەندانی شارستانی ١٣٪ یەو ژنان ٥٧٪ی پێکدەهێنن.

 

بەپێی ئەو ئامارە کە ڕێژەی کارمەندانی ژن لە بەشی شارستانی زیاترە، دەیسەلمێنێت کە ژنان لە ئەرکە کارگێڕییەکاندان، ژنانێکی کەم لەناو بەڕێوەبەرایەتییەکانی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی وەک کارمەندی سەربازی هەن، کە کارمەندانی سەربازی ئەرکیان هەیە لە بەدواداچوون و دەستگیرکردنی تۆمەتباران و لێکۆلینەوە لەگەڵ دەستدرێژیکارانی سەر ژناندا.