سەرەڕای زیادبوونی توندوتیژییەکان، ژنان کار بۆ یەکسانی ڕەگەزی دەکەن

ساڵانە توندوتیژییەکان بۆ سەر ژنان زیاد دەکەن، ژنانیش لە هەر پێگە و پۆستێکدا بن، کار بۆ نەهێشتنی جیاوازی ڕەگەزی دەکەن، جەخت لەوەش دەکەنەوە جۆرەکانی توندوتیژی بەرامبەر ژنان زیاتر بووە، بەڵام پێویستە چالاکی و هەوڵەکان بۆ نەهێشتنی توندوتیژییەکان زیاتر بکرێت.

 

تەرزە تەها

سلێمانی- توندوتیژییەکان بەرامبەر ژنان بەردەوام ڕووی لە زیادبوونە، چەندین جۆری توندوتیژی وەک لێدان، توندوتیژی دەروونی، ئابوری و تاوانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بەرامبەریان دەکرێت.

لەگەڵ ئەوەی ڕێکخراوەکانی ژنان و بەڕێوەبەرایەتییەکانی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان و خێزان بەردەوام چالاکی و کۆڕ و سیمیناریان هەیە، بەڵام هێشتا ئامارەکان ساڵ دوای ساڵ بەرزتر دەبنەوە، لەگەڵ ئەوەشدا ژنان لە پۆست و بەرپرسیارێتییە جیاوازەکاندا کار بۆ یەکسانی جێندەری و نەهێشتنی جیاکاری ڕەگەزی دەکەن.

 

د.ئیبتیسام ئیسماعیل، ڕاگری کۆلێژی زانستە مرۆڤایەتییەکان لە زانکۆی سلێمانی ئەوە ڕووندەکاتەوە، ئەو وەک ڕاگری کۆلێژێک بەردەوام هەوڵیداوە لە چالاکی و کارەکانیدا هاوسەنگی جێندەری بپارێزێت، بۆ ئەوەی جیاکاری ڕەگەزیی نەبێت.

بە گرنگیشی دەزانێت کە لەناوی هەر تاکێکدا ڕەفتارێکی وا پەرەی پێبدرێت، کە هیچ توندوتیژییەک بەرامبەر هیچ ڕەگەزیک ئەنجامنەدات، بەڵام کێشەکە لەوەدایە وێڕای زیادبوونی ئامارەکانی توندوتیژی، شێوازەکانی توندوتیژی بەرامبەر ژنان زیاتر بووە.

 

د.ئیبتیسام جێبەجێکردنی یاساکان بۆ ڕێگری لە توندوتیژی بە چارەسەرێک و دەرچەییەک بۆ ڕێگری کردن لە توندوتیژی بەرامبەر ژنان دەزانێت، دەشڵێت: "هیوادارین لایەنە ڕێکخراوەییەکان و حکومییەکان بێنە سەر خەت، تا ئێمە کەسانێک دروستبکەین هەر لە منداڵیەوە توندوتیژی لەناخیاندا نەبێت، دواجار ئەو توندوتیژیانەی کە هەیە گۆڕانکاری و زیادبوونی تێدا دروستبێت، کە بگاتە حاڵەتی ئیرهاب".

 

یەکێک لەو توندوتیژیانەی کە لە ئێستادا بەشێکی زۆری ژنان پێوەی دەناڵێنن، تاوانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانە، جگە لە جێبەجێکردنی یاساکان، بەپێویستیشی دەزانێت، ڕاگەیاندنەکان ڕۆڵی خۆیان لە هۆشیارکردنەوەی هاوڵاتیان و یاساکانی تایبەت بە خراپ بەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندیکردن ببینن، کە چۆن تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بەکاربهێنن، "بۆ بەختەوەری ژیان، نەک ببێتە بەڵایەک بۆ ژیان".

 

دڵسۆز نامیق، بەڕێوەبەری خانەی منداڵانی کوڕان لە بەکرەجۆ، باس لەوە دەکات، بەردەوام منداڵەکان بەجۆرێک پەروەردە دەکەن، کە خۆیان کارەکانی خۆیان بکەن، هەرچەندە دادە لە بەشەکاندا هەیە، بەڵام بۆ ئەوەی ئەو پەروەردەیە وەرنەگرن کە ژن دەبێت کاریان بۆ بکات، بەردەوام ڕێنماییان پێدەدرێت کە خۆیان ئەرکەکانیان جێبەجێبکەن.

وتیشی: "وەک سەرەتایی ئاماژەیان پێدەکەین کە فێریان دەکەین خۆیان بە کاری خۆیان هەستن، نابێت هەر دادەکەی کە ژنە بۆی بکات".

 

ئەوەش ئاشکرا دەکات، کە هێشتا هیچ چارەسەرێکی بنەڕەتی بۆ بنەبڕکردنی توندوتیژییەکان بەرامبەر ژن نەدۆزراوەتەوە، پێی وایە هەرچەندە هەنگاو بۆ چارەسەری کێشەکانی ژنان نراوە، بەڵام لەهەمان کاتدا تاوانەکان بەرانبەر ژنان زیاتر و زیاتر دەبێت، بۆیە وەک چارەسەرێکیش پەروەردەکردن بە یەکێک لە ڕێگا سەرکەوتووەکان بۆ کەمکردنەوە و نەهێشتنی توندوتیژی دەزانێت.