شەڵتەری ئاژەڵی بێلانە، پەناگە یان شوێنێک بۆ مردنێکی هێواشی سەگەکان

بڵاوبوونەوەی گرتە ڤیدیۆییەکان کە سەگەکان مرداربوونەتەوە، بووە جێی ڕەخنەی ئاژەڵدۆستان، بەشێکی سەگەکان لەنێو خۆیاندا شەڕ دەکەن، تا ئێستا هیچ پێکوتەیەکیان بۆ نەکراوە و ڕێکخراوەکانیش جەخت لەسەر کەموکورتی زۆری شەڵتەرەکە دەکەنەوە، کە بەمجۆرە بەردەوامی شەڵتەرەکە دەبێتە هۆی مردنی تەواوی سەگەکان.

 

تەرزە تەها

 سلێمانی- بڵاوبوونەوەی گرتەی ڤیدیۆیی سەگەکان کە ژمارەیەکی زۆریان لێ مرداربووەتەوە، ئاژەڵدۆستانی هێناوەتە دەنگ، لە ڕۆژی ١٢ی شوبات گردبوونەوە و دەڵێن شەڵتەرەکە شووێنێکی گونجاو نییە، لەبەرامبەریشدا شارەوانی سلێمانی وێڕای ڕاگرتنی وەرگرتنی سەگەکان، بڕیاری لێکۆڵینەوەی لە مردنی سەگەکان داوە.

 

لە ١٠ی مانگی ڕابردوو لەلایەن شارەوانی سلێمانی شەڵتەرێک بۆ ئاژەڵانی بێلانە کرایەوە، لەسەر ڕووبەری پێنج دۆنم زەویە، دەتوانێت چوار بۆ چوار هەزار و ٥٠٠ سەگ تێیدا بمێننەوە، بەپێی زانیاریەکانیش نزیکی دوو بۆ سێ هەزار سەگی بێلانە لە سلێمانی هەیە.

 

لە شەڵتەرەکەدا زیاتر لە ٥٠٠ سەگ هەیە، ڕۆژانە پێویستیان بە زیاتر لە ٤٠٠ کیلۆ خواردن هەیە، لە شەڵتەرەکەدا سێ بەشی جیاکراوە هەیە، یەکێک بۆ نێرەکان، یەکێک بۆ مێیە و بچکەکان، یەکێکیش بۆ ئەوانەی پێویستیان بەچارەسەر و نەشتەرگەری هەیە.

 

١٤ کارمەند کراون بە دوو گروپی جیاواز لە دوو ڕۆژدا کاردەکەن، زۆرینەیان کەسانی بەتەمەنن و ڕاهێنانیان بۆ چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ سەگ پێنەکراوە، هەموو ڕۆژێک ٧ کارمەند تا ٢ی پاشنیوەڕۆ کاردەکەن.

ئامارەکانی برینداربوون بەهۆی سەگەوە

بە پێی ئامارەکانی نەخۆشخانەی شار بۆ ساڵی ٢٠٢٠ ، ٧١٧ حاڵەتی بریندار بوون بە هۆی سەگەوە هەبووە، هەروەها بۆ پێنج مانگی سەرەتای ساڵی ٢٠٢١، ٤٥٩ حاڵەتی پەلاماردان و برینداربوون هەبووە.

 

لە شەڵتەرەکەدا سەرەڕای جیاکردنەوە نێر و مێیەکان، بەڵام سەگەکان لەنێو خۆیاندا شەڕ دەکەن، بەهۆی بۆنی ئاژەڵەکان و پاشەڕۆ و گۆشتەوە بۆنێکی ناخۆش بڵاوبووەتەوە، چەند کولانە لە تەختە و نایلۆن هەیە، بەڵام هێشتا پێداویستییەکانی پڕنەکراوەتەوە، هەرچەندە هەفتانە پاکدەکرێتەوە، بەڵام پیسی و پاشماوەی زۆر دەبیندرێت.

 

سەگەکان لەنێو خۆیاندا شەڕ دەکەن، یەکتر بریندار دەکەن، لە یەک دەدەن، بەردەوام شەڕ دەکەن، بەڵام کاتێک لێیان نزیکدەبیتەوە زیاتر لەوەی بیانەوێت ئازارت بدەن، لێت نزیک دەبنەوە و دەیانەوێت نازیان پێبدەیت و دەست بهێنیت بە سەریاندا.

 

بەڵام هیچ یەک لەم سەگانە تا ئێستا پێکوتەیان بۆ نەکراوە، لە وەزارەتی کشتوکاڵیش هیچ  بودجەیەک تەرخان نەکراوە بۆ کڕینی پێداویستییەکان و ژوورێک بۆ نەشتەرگەری ئاژەڵەکان نییە.

 

خواردن بەشی پێویستی سەگەکان ناکات

ئاسۆ عومەر، جێگری لێپرسراوی شەڵتەری ئاژەڵانی بێلانە لە سلێمانی، باس لەوەدەکات، کارمەندەکانی هیچ ڕاهینانێکیان بۆ چۆنیەتی مامەڵکردن لەگەڵ سەگ پێنەکراوە، سێ کۆمپانیا و کوشتارگەی سلێمانی خواردن دابین دەکەن، ڕۆژانە  ٣٥٠ بۆ ٤٠٠ کیلۆ دەهێندرێت، بەڵام بەهۆی زۆری سەگەکان بەشی تەواوی پێوستییەکان ناکات.

 

ئاسۆ عومەر باسی ئەوەدەکات، کە هەموو هەفتەیەک ناو شەڵتەرەکان پاکدەکەنەوە.

 

ئاواز سەردار، لێپرسراوی هۆبە لە بەڕێوەبەرایەتی ڤێتێرنەری سلێمانی، ئەوە ئاشکر دەکات، نوسراویان ئاڕاستەی هەریەک لە وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، پارێزگای سلێمانی کردووە، بەڵام تا ئێستا وەڵام نەدراونەتەوە،

 

ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، کە تێچووی هەر سەگێک ساڵانە ٧٥ بۆ ١٠٠ هەزار دینار دەبێت، ئێستا ڕۆژانە تیمەکانیان دەچن بۆ شەڵتەرەکە و سەگەکان دەپشکنن، هەرچەندە کەموکورتیش هەیە، بەڵام دەبێت هەموان هاوکاری یەکتر بکەن نەک تەنها ڕەخنەبگرن.

 

"ئێمە دیوێکمان هەیە جێگەی داخە، کە  باسی شەڵەتەرەکە دەکەین یەک دنیا خەڵکی ئاژەڵدۆستمان لێ پەیدا دەبێت، بەڵام کە دەچینە بواری واقیع و جێبەجێکردنەوە وانییە".

 

"پارەیەکی خەیاڵی دابینکراوە، بەڵام هیچ نەکراوە بۆ شەڵتەرەکان"

هەرچەندە پڕۆژەکە لە سەرەتادایە، بەڵام وەک نگین محەمەد، ئاژەڵدۆست و ئەندامی گروپی هانای ئاژەڵان باسی دەکات، شەڵتەرەکە باش نییە، بێ پلان دروستکراوە، ئەگەر هەوڵ بۆ باشکردنی نەدرێت ئەوا بەمزوانە تەواوی سەگەکان لەناودەچن.

 

ئەو دەڵێت "بۆ دابیکردنی دەرمان و پێدویستییەکانی ناو شەڵتەرەکان پارەیەکی خەیاڵی دابین کراوە، بەڵام هیچ نەکراوە ئەوەی کە کراوە بە ١٠ ملیۆن دینار دەکرێت، لە کاتێدا ١٠٠ ملیۆن تەرخانکراوە"، ئەوەشی خستەڕوو دەبێت چاودێری بەردەوام بکرێن تا شەڕ نەکەن و ڕادێن لەگەڵ یەکتردا، بەڵام ئەگەر بەم جۆرە بەردەوام بن، یەکتر دەکوژن و دەخۆن.

 

باشترین ڕێگا کە ئەو ئاژەڵدۆستە باسی کرد، ئەوەیە "دەرزییان لێبدرێت"، چونکە ئەمە هاوسەنگیە و ژینگەش پێویستی پێیانە، ئەو شەڵتەرە تۆکمە بکرێت دابین بکرێت بۆ ئەو سەگانەی کە تووشی ڕووداوێک بوون، یان نەخۆشن یان بەچکەن و دایکەکانیان مردووە.

 

ت.پ