ژنانی ئاشووری کە لە دەستی داعش ڕزگار کران: هیچ جیاوازییەک لە نێوان داعش و دەوڵەتی تورکیادا نییە
ژنانی ئاشووری کە لە ٢٣ی شوباتی ٢٠١٥ سەرەڕای تەمەنی بەرزیان لە لایەن چەتەکانی داعشەوە ڕفێندرابوون، ڕایانگەیاند، هیچ جیاوازییەک لە نێوان داعش و دەوڵەتی تورکیادا نییە و داوایان کرد داعش و دەوڵەتی تورکیا بدرێنە دادگا.

سۆرگوڵ شێخۆ
تل تەمر- ٢٣ی شوباتی ٢٠١٥ ئەم ڕۆژە ڕۆژێکی لەبیرنەکراوە لە مێژووی ڕۆژئاوای کوردستان و باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا و دەبێت هەمیشە لەبیربێت، هەروەها لەم ڕۆژەدا ئەو ژنە ئاشوورییانەی لە گوندەکانی تل تەمردا دەژیان، وەک هەموو ژنانی جیهان نەژیان و لە کاتژمێرە زووەکانی بەیانیدا لەلایەن چەتەکانی داعشەوە هێرشی ئەوپەڕی دڕندانە و توندیان کرایە سەر.
لە ٢٣ی شوباتدا لەبری دەنگی زەنگی کڵێسا، دەنگی تەکبیری چەتەکانی داعش گوندەکانی پڕکرد، ژنانی ئاشووری لەگەڵ گەلانی دیکە لە خەویان بەئاگا هاتنەوە و لەبەردەم چاویاندا باندێکی دەموچاو درێژ و عەبای درێژ و چەکیان بینی، چاویان بەڕووی تەقەکردن و ڕفاندنی ژن و گەنج و پیردا کردەوە و ڕۆژێکی جیاواز بوو بۆیان.
تا ئێستا چارەنووسی کارۆلین سیمۆن نادیارە
ئاشوورییەکانی تل تەمر ٢٣ی شوباتی ٢٠١٥ وەک درێژەپێدەری فەرمانی سەیفۆ و سێمێل دەبینن و ناوی دەهێنن، چونکە لەو ڕۆژەدا زیاتر لە ٢٥٠ ئاشووری ڕفێندران کە زۆربەیان ژن و منداڵ بوون. هەموو ئاشوورییەکان دوای دانی فیدیە ئازاد کران، جگە لە ژنێک بە ناوی کارۆلین سیمۆن کە تا ئێستا چارەنووسی نادیارە.
شەڕڤانانی یەپەژە/یەپەگە و ئەنجومەنی سەربازی سووریا بە هاوبەشی ڕزگاریان کرد
بۆ ئەوەی شەپۆلی هێرش و ڕفاندنی ئاشوورییەکان زیاتر نەبێت، شەڕڤانانی یەپەژە/یەپەگە و ئەنجومەنی سەربازیی سووریا، پێکەوە، بەرخۆدانی بێهاوتاییان لە بەرامبەر هێرشەکانی داعش نیشان دا و دوای چەند مانگێک ناوچەکەیان لە دەستی چەتەکان ڕزگار کرد. لە یادی دەیەمین ساڵیادی هێرشی داعشدا، ژنانی ئاشووری کە ڕفێندران و هێرشیان کرایە سەر، قسەیان لەگەڵ دەزگاکەمان کرد و بۆچوون و داواکارییەکانیان دەربڕی.
لەگەڵ دوو کچەکەی ڕفێندرا
بەبرۆنیە کاکۆ کە تەمەنی لە سەرووی ٨٠ ساڵەوەیە، لەگەڵ دوو کچەکەی لە گوندی تل جزیرە لەلایەن باندەکانەوە دەڕفێنرێت، بەم ڕستەیە باسی ئەزموونی ڕفاندنی خۆی کرد کە ١٠ ساڵ لەمەوبەر بووە و وتی: لە ٢٣ی شوباتدا وەک ڕەوە مەڕێک ئێمەیان ڕفاندمان، خەڵکێکی زۆر لە گوندەکە ڕفێندران، لەنێویاندا من و دوو کچەکەم. ئەو ڕۆژە خابور وەک لافاو دەڕژا. باندەکان بە بەلەم بردیانینە ئەودیوی ئاوەکە و بەرەو چیای قەزوان ڕفاندیانین، پاشان بردیانین بۆ شەداد، نزیکەی ساڵێک زیندانی بووین.
"واز لە خاکەکەم ناهێنم"
بەبرۆنیە کاکۆ بەم پەیامە جارێکی دیکە بەڵێنی خۆی بە خاکەکە نوێ کردەوە، ئەو خاکەی کە لە منداڵییەوە تا پیری لەسەری ژیاوە و وتی: ئێمە ئێرە بەجێناهێڵین، هەرچەندە ڕفێنرام، بەڵام زەوییەکەم دەوێت و جێی ناهێڵم.
'ئەوان وتیان دەتپارێزین، بەڵام ئێمەیان لە چنگی داعشدا جێهێشت"
شادیە مارۆگێل خەڵکی گوندی تل خەریتا تا ئێستاش ئەو ساتانەی لەبیرە کە ١٠ ساڵ لەمەوبەر ئەزموونی کردوون و لەبیری نەکردووە وتی: کاتژمێر ٤:٠٠ی بەیانی بوو کە چەتەکان هێرشیان کردە سەر ئێمە و لە ئەنجامدا خەڵکێکی زۆر بریندار بوون، لەو کاتەدا کەس نەیدەزانی کێ ڕزگاری بووە و کێ ماوەتەوە و کێ ڕفێندراوە، لە ئەنجامی هێرشەکەدا ژمارەیەکی زۆر لە ژنان ڕفێندراون. ئاشوورییەکان لە نێوان ی ٢٥٠-٢٧٥ لە گوندە ئاشوورییەکانمان ڕفێنران. پێش ئەوەی بگەنە گوندەکەمان، گوندەکەمان بەجێهێشت و ژنەکانمانیان ڕفاند، لەو کاتەدا جەبهەت نوسرە لە نزیک گوندەکانی ئێمە بوو و هێشتا شەڕ لە ناوچەکەدا بەردەوام بوو. باندەکان وتیان ڕامەکەن، کاتێک دۆخەکە باشتر بوو دەتپارێزین، تا داعش هێرشی کردە سەر گەلەکەمان و ژن و کچێکی زۆری ڕفاند و گوندەکانی ئێمەی وێران کرد.
"هێرشی ٢٣ی شوبات درێژەپێدەری فەرمانی ساڵی ١٩١٥ بوو"
شادیە مارۆگێل کاریگەرییە تەندروستی و دەروونییەکانی لەسەر بنەماڵەکەی بەم شێوەیە پێناسەکردو وتی: زیاتر لە بینینی باندەکان لە دەموچاومان و هەستکردن بە ترس، چی بڵێین و نەڵێین؟ لەڕووی تەندروستی و تەندروستی دەروونییەوە زۆر کاریگەریمان لەسەر بوو، زۆر کەس لە خێزانەکەم بەهۆی هێرشەکانەوە گیانیان لەدەستدا، هەندێکیان بەهۆی نەخۆشی و هەندێکیشیان بەهۆی ئەو ترسەی لەگەڵیدا دەژی، چونکە لەو کاتەدا گەمارۆدرابووین و تەنانەت نەماندەتوانی لە ڕووباری خابوریش بپەڕینەوە، هەندێکیان ڕفێندران و هەندێکیان لە ڕێگادا گیانیان لەدەستدا، ئەوان تەنها دەیانوت ئەو باندە چوونەتە ناو گوندە ئاشوورییەکانی ئێمە، کەس نەیدەزانی چۆن و لە کوێ چوونەتە ژوورەوە، چونکە پلانی هێرشەکەیان لە حیساباتەکاندا بوو، مێشکمان نەیدەتوانی تێبگات کە چی ڕوودەدات، کێ هێرش دەکات، هێرشی ٢٣ی شوبات درێژەپێدەری فەرمانی ساڵی ١٩١٥ بوو.
"هیچ جیاوازییەک لە نێوان داعش و دەوڵەتی تورکیادا نییە"
شادیە مارۆگێل ڕایگەیاندووە کە هیچ جیاوازییەک لە نێوان داعش و دەوڵەتی تورکیادا نییە و سیاسەتی هێرش و جینۆسایدیان وەک یەکە، شادیە لە درێژەی قسەکانیدا وتی: کاریگەری و مەترسی هێرشەکان بۆ سەر گەلی ئاشووریمان هێشتا زۆرە. تا چەند ڕۆژێک لەمەوبەر بەهۆی هێرشەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا چەند بنەماڵەیەکی ئاشووری ناچاربوون لە گوندی تیل تەویل هەڵبێن. ئێستاش هەڕەشەی هێرشی داگیرکاری بۆ سەر بوونی ئێمە وەک ئاشوورییەکان بوونی هەیە.
"ئەگەر هەر ویژدان و مرۆڤایەتییەک هەبێت، پێویستە چەتەکانی داعش دادگایی بکرێن"
شادیە مارۆگێل لە کۆتایی قسەکانیدا وتی: هیوادارین دۆخەکە باشتر بێت، هەموو خێزان و ئازیزانمان بگەڕێنەوە وڵاتەکەیان، جارێکی دیکە ئاشتی و خۆشەویستی لە سووریادا زاڵ بێت و جارێکی دیکە خابور بڕژێتە دەرەوە، بەڵام لێرەدا پەیوەندییەکی جوان هەیە کە ئێمە یەکین و هەموومان خوشکین، لە کورد و عەرەبەوە تا ئاشووری و سریانی، ئەگەر هەر ویژدان و مرۆڤایەتییەک لەم دونیایەدا هەبێت، دەبێت چەتەکانی داعش بدرێنە دادگا لەسەر ئەو تاوانانەی بەرامبەرمان ئەنجامیانداوە.