لە ئەفغانستان ژنان بەهۆی هاوسەرگیرییەوە، دەبنە قوربانیی قەرز و توندوتیژی

لە ئەفغانستاندا، لە ژینگەیەکی کۆمەڵایەتی و نەریتییەوە، باری قورس و تێچووی زۆری هاوسەرگیری و بووک و زاوا، ژنان دەگۆڕێت بۆ کاڵا. ژنانبەهۆی توندوتیژییەوە دەبنە قوربانیی دانەوەی قەرزە زۆرەکان، یان بەهۆی ئەنجامدانی ئاهەنگێکی سادە، بێرێزییان بەرامبەر دەکرێت.

بەهاران لەهیب

 

ئەفغانستان – ژنان لە ئەفغانستان بەهۆی هاوسەرگیرییەوە، دەبنە قوربانیی قەرز و توندوتیژی

 

بووکەکان لە ئەفغانستان، لە شەوی زەماوەنددا زیاتر لەوەی لە مرۆڤ بچن، لە یارییەوە دەچن. بۆ ماوەی چەندین کاتژمێر لە نێوان ژوورەکانی ئامادەکاری و ساڵۆنە لوکسەکانی زەماوەنددا هاتوچۆ دەکەن و چوار یان پێنج جار جلەکانیان دەگۆڕن. لە ژێر قورسیی زێڕی زۆردا ڕادەوەستن و لەم ماوەیەدا کامێراکان پێکەنینی ماندوویان تۆمار دەکەن. بەڵام کاتێک ڕووناکیی سالۆنەکە دەکوژێتەوە و میوانان دەگەڕێنەوە ماڵەکانیان، پسوولەی ئەم شادییە دەستکردە دەمێنێتەوە. قەڵەنی ملیۆنی، پارەی نەقدی کە بۆ مەهر تەرخان کراوە و قەرزە قورسەکان، بۆ ساڵانێک وەک سێبەرێکی ڕەش بەسەر ژیانی ئەو ژنانەی تەمەنێکی گەنجیان هەیە، دەمێننەوە.

 

لە تێگەیشتنی کەلتووریی زاڵدا، ژن پێش ئەوەی ببێتە هاوبەشی ڕێگای ژیان، بە نرخەکەی پێناسە دەکرێت. خێزانەکان بەو باوەڕە هەڵەیەوە کە «قەڵەنی زۆر» دەتوانێت «بەها و ڕێز» بۆ کچەکەیان لە ماڵی هاوسەرەکەیدا مسۆگەر بکات، لیستی درێژی داواکاریی گرانبەها پێشکەشی زاوا دەکەن؛ بەڵام ژیانی ڕاستەقینە بە شێوەیەکی زۆر ئازاربەخش ئەم خەیاڵە پووچەڵ دەکاتەوە.

 

دوای تەواوبوونی زەماوەند، هاوژینەکە و خێزانی قەرزدارەکەی دەمێننەوە. لەم قۆناغەدا، ڕووی ڕاستەقینە و دڕندانەی ئەم تێچووانە خۆی دەردەخات. یەکەم شتەکانی کە بۆ دانی ئەم قەرزانە قوربانی دەکرێن، ئەو زێڕانەن کە لە شەوی زەماوەنددا لەبەری بووک کراون. ئەگەر ژن بەرگە بگرێت یان ڕەت بکاتەوە کە دیارییەکانی بفرۆشرێن، ڕووبەڕووی قامچی و توندوتیژی دەبێتەوە. لەو ساتەوە، مامەڵە لەگەڵی وەک ژنێک یان هاوسەرێک ناکرێت، بەڵکو وەک شتێک سەیر دەکرێت کە کڕدراوە، یان موڵکێک کە پارەی زۆری بۆ خەرج کراوە و ئێستا دەبێت نرخەکەی بداتەوە.

 

لەوە بەدواوە، هەر پارچە نانێک کە لەم ماڵەدا دەخورێت و هەر هەناسەیەک کە ڕادەکێشرێت، لە ژێر سێبەری هەستێکی ژەهراویی قەرزداریدا دەمێنێتەوە. ئەو قسانەی کە بە ڕووی ژنەکەدا دەگوترێن، بریتین لە: «ئێمە پارەمان خەرج کرد بۆ ئەوەی بهێنینتەوە، بۆیە تۆ مافی ناڕەزایی و دژایەتیکردنت نییە».

 

کاتێک مرۆڤ تێدەگات کە لەم سیستەمە دوژمنکارە بەرامبەر بە ژناندا، هیچ ڕێگایەک بۆ دەرچوون و ڕزگاربوون نییە، قووڵیی ئەم ئازارە زیاتر دەبێت. ئەگەر ژنێک بە زەماوەندێکی گرانبەها هاوسەرگیری بکات، بەهۆی قەرزەکانەوە ڕووبەڕووی توندوتیژی دەبێتەوە؛ بەڵام ئەگەر بە زەماوەندێکی سادە و تێچووی کەم هاوسەرگیری بکات، دەبێتە ئامانجی سووکایەتی و کەم‌بەهاکردن.

 

بووکەکان کە لە ژێر باری قەرزدا وردوخاش بوون

 

لە پارێزگای بەخڵان، کاتێک سووهەیلا ناسیر لەگەڵ ئامۆزای تەمەنی ٢٠ ساڵی خۆی هاوسەرگیری کرد، هێشتا تەمەنی ١٨ ساڵ بوو. سووهەیلا ناسیر ئەو ئەزموونانەی لە ژیانی هاوژینیدا بەسەری هاتوون، بەم شێوەیە دەگێڕێتەوە:

 

«لە ڕۆژی یەکەمەوە، کە چوومە ماڵی هاوژینەکەم، بەهۆی تێچووی قورس و قەڵەنی ئەو زەماوەندەوە، بە سووکایەتیپێکردن، جنێودان و توندوتیژیی جەستەیی سزا دەدرێم. من بە پارە کڕدراوم، بۆیە وەک ئامرازێک مامەڵەم لەگەڵدا دەکەن».

 

 

«هەمیشە پێیان دەگوتم: تۆ هەرزان و بێ‌بەها بوویت»

 

چیرۆکی نەیرە، کە لە یەکێک لە ناوچەکانی کابوڵ دەژی، جیاواز نییە. ئەم چیرۆکە دەریدەخات کە کێشەی سەرەکی پارە نییە، بەڵکو ئەو تێڕوانینەیە کە ژنان وەک ماڵ و موڵک دەبینێت.

 

خێزانی نەیرە، بەهۆی بارودۆخی ئابووریی خراپی زاواوە، تێچووی زەماوەند و هاوسەرگیرییەکەیان زۆر کەم و سادە ڕاگرتووە. بەڵام نەیرە بۆ ماوەی دە ساڵە تاوانی ئەم هەڵوێستەی خێزانەکەی دەدات.

 

نەیرە ئەزموونی خۆی بەم شێوەیە دەگێڕێتەوە:

 

«دە ساڵە ئەم قسانە لە هاوژینەکەم و خێزانی ئەوەوە دەبیستم: تۆ هەرزان بوویت! تۆ ئەوەندە بێ‌بەها بوویت کە بە ئاسانی درایتە دەستمان. ئێمە هەر کاتێک بیەوێت، دەتوانین چەند بووکێکی دیکەی وەک تۆ بهێنین!»

 

چیرۆکی سووهەیلا و نەیرە ئەو تراژیدیایە دەردەخات کە ملیۆنان ژن لە ئەفغانستاندا تێیدا دەژین. ئەم ژنانە نوێنەرایەتیی نەوەیەک دەکەن کە لە نێوان دوو تیژییەوە گیرۆدە بوون؛ یان دەبنە «بووکی گرانبەها» کە لە ژێر باری قورسی قەرزەکاندا وردوخاش دەبێت، یان دەبنە «بووکی هەرزان» کە هیچ بەهایەکیان پێ نادرێت.

 

بە نەریتە کۆمەڵایەتییەکان، ژنان دەگۆڕدرێن بۆ کاڵا

 

زیادبوونی تێچووی زەماوەندەکان و باری قورسی قەڵەن، وەک بەشێک لە نەریتە کۆمەڵایەتییەکان پێناسە دەکرێن کە بەهۆی ئایدیۆلۆژیای توندڕەوانە و نەریتە ئایینییەکان و عەشیرەییە توند و ڕەقەکانەوە زیاتر بەهێز دەکرێن. ئەم نەریتانە و پاشکەوتووییە کۆمەڵایەتییەکان، ژنان لە ناسنامەی مرۆیی و بەها تاکەکەسییەکانیان بێبەش دەکەن.

 

بەپێی هەڵسەنگاندنی نووسەرێک، لە کۆمەڵگایەکدا کە هەم یاسا فەرمییەکان و هەم نەریتەکان ژنان دادەبەزێنن بۆ ئاستی کاڵا، ماڵ چیتر شوێنی ژیان نییە، بەڵکو دەبێتە مەیدانێک کە تێیدا ڕێز و جەستەی ژنان پێشێل دەکرێت.

 

تا ئەو کاتەی ئەو تێڕوانینە بەردەوام بێت کە ژنان وەک شتی کڕین و فرۆشتن دەبینێت، و پاشکەوتووییە کۆمەڵایەتییە دوژمنکارەکان بەرامبەر بە ژنان هەر بەردەوام بن، ژنانی ئەفغانستان ناچار دەبن نرخی سیستەمێک بدەن کە تێیدا هیچ دەسەڵات و ویستێکیان نییە.