لە جەنگێکەوە بۆ جەنگێکی تر... ژنێکی فەڵەستینی لە غەززە گیری خواردووە
ئەسیل عەمیرە لە ناکۆکی و جەنگی سودان ڕایکرد تاوەکو ئارامی بۆ دوو منداڵەکەی بدۆزێتەوە، بەڵام خۆی لە ڕووبەڕووبوونەوەی جەنگی غەززەدا دۆزییەوە، کە تێیدا ئازار و مەینەتییەکانی لە نێوان ئاوارەیی، برسییەتی و ئاستەنگەکانی هاوکارییە مرۆییەکاندا بەردەوامە.
نەغەم کەراجە
فەڵەستین - ئەسیل عەمیرە لە نیسانی ٢٠٢٣دا بە هاوڕێیەتی دوو منداڵەکەی لە سودانەوە پەنای بۆ کەرتی غەززە هێنا بۆ گەڕان بەدوای ئارامیدا، لە کاتێکدا هاوژینەکەی لە خەرتوم مایەوە، دوای شەش مانگ، جەنگ لە غەززە هەڵگیرسا، خۆی بینیەوە کە لە نێوان دوو شەڕدا گیری خواردووە، تووشی ئاوارەبوون و برسێتی بووە و دوو منداڵەکەی لە ژیانێکی ئاسایی بێبەش بوون، نەیتوانیوە بگەڕێتەوە ماڵەکەی.
ئەسیل عەمیرە، ژنێکی فەڵەستینی تەمەن (٣٠ ساڵ)، بیری دەهێنێتەوە کە جێهێشتنی ماڵی باوکی لە کەرتی غەززە لە فەڵەستین بۆ یەکەم جار، بۆ ئەو بە واتای سەرەتای ئاوارەیییەکی درێژخایەن نەدەهات، پێی وابوو دوای ماوەیەکی کورت دەگەڕێتەوە، خەیاڵی ئەوەی نەدەکرد کە وێستگەکانی ئاوارەیی و ترس ببڕێت بۆ ڕاستیەکی بەردەوام بۆ چەندین ساڵ، وتی: کاتێک بۆ یەکەم جار لە ماڵ دەرچووین، پێمان وابوو بەم زووانە دەگەڕێینەوە، بە خەیاڵماندا نەدەهات کە ماوەکە تا ئەم ڕادەیە درێژە بکێشێت و خۆمان لەم بارودۆخەدا بە گیرخواردوویی ببینینەوە.
ئاماژەی بەوەشکرد، کە لە سودان کۆچمکرد تاوەکو منداڵەکانم لە جەنگ ڕزگار بکەم، کەچی جەنگی غەززەم لە بەرامبەر خۆمدا دۆزییەوە، بۆردوومانەکە ترسناک بوو، هەموو هۆشم ئەوە بوو چۆن دوو منداڵەکەم بپارێزم و ڕزگاربوونیان مسۆگەر بکەم.
هەمیشە هاوکاری ناگات
ئەسیل عەمیرە سوور بوو لەسەر مانەوە لە ماڵی باوکیدا، بەڵام پەرەسەندنی هێرشەکان ناچاری کرد ڕووبەڕووی ئاوارەبوونی دووبارە ببێتەوە بۆ گەڕان بەدوای ئاسایشدا، جەختی لەوە کردەوە، کە برسییەتی و گرانی سەختترین ئەزموون بووە لەگەڵ منداڵەکانیدا چەشتوویەتی، چونکە ڕووبەڕووی سەختی بووەتەوە لە دابینکردنی خۆراک بۆیان لە ناوەڕاستی کەمیی سەرچاوەکان و ئەستەمبوونی دەستگەیشتن بە هاوکارییەکاندا، لە ژێر سێبەری ترسێکی بەردەوام لەسەر پارێزراوییان.
هەروەها ڕووبەڕووی ئاستەنگی کارگێڕیش بووەتەوە کە ڕێگری لە خێزانەکەی دەکات لە بەدەستهێنانی هەندێک هاوکاریی فریاگوزاری، چونکە ئەو ژنە فەڵەستینییە هاوسەرگیری لەگەڵ پیاوێکی سودانییدا کردووە، دوو منداڵەکەی ڕەگەزنامەی سودانییان هەیە، ئەمەش سەلماندنی دۆخی خێزانەکەی و پێشکەشکردنی زانیارییەکانیان بۆ دامەزراوەکان ئاڵۆزتر دەکات.
ڕوونیکردەوە، کە هەندێک لە لایەنەکان زانیاریی کەسیی تەواویان داوا دەکەن، پاشان پرسیار لەبارەی دۆخی هاوژینەکەی و شوێنی نیشتەجێبوونی دەکەن، داوای بەڵگەیەک دەکەن کە ئەو لە دەرەوەی کەرتی غەززەیە و لەگەڵ خێزانەکەیدا ناژێت، هەروەها خانەی ڕەگەزنامەی سودانی لە بەڵگەنامەکانیدا سەختیی ڕێکارەکان زیاتر دەکات، و ناچارە هەوڵی بەردەوام بدات بۆ تەواوکردنی تۆمارکردن.
ئاماژەی بەوەشکرد، کە پێشنیاری بۆ هاوژینەکەی کردووە گرتەیەکی ڤیدیۆیی تۆمار بکات و تێیدا ڕوونی بکاتەوە کە لە دەرەوەی کەرتەکەیە و خێزانەکەی لە غەززەن، بەو هیوایەی ئەمە یارمەتیدەر بێت لە سەلماندنی دۆخیان، بەڵام بەمەش خێزانەکە هەموو جارێک هاوکارییەکانیان دەست ناکەوێت.
دوای ساڵانێک لە داواکاری و هاوارکردن، دەبینێت کە پێویستییەکەی تەنها لە سەبەتەی خۆراک یان هاوکاریی کاتییدا کورت نەبووەتەوە، بەڵکو داوای چارەسەرێک دەکات کە ڕێگەی پێ بدات لە کەرتەکە بێتە دەرەوە و ژیانی خێزانیی خۆی بەدەست بێنێتەوە.
کاتێک ئەسیل عەمیرە قسە لەسەر گەڕانەوە دەکات، قسە لەسەر شوێنێکی نادیار ناکات، ئەو ماڵێکی لە خەرتوم هەیە، ژیانێک کە ئاواتی دەخواست دوای کۆتاییهاتنی ناکۆکییەکان دەستی پێ بکاتەوە، بەڵام تاوەکو ئێستا ناتوانێت ئەم ئارەزووە بگوێزێتەوە بۆ پلانێکی جێبەجێکراو.
جەختی لەوە کردەوە، کە داواکاریی بنەڕەتیی بریتییە لە کردنی دەروازەکە لە بەردەمیدا بۆ گەشتکردن بۆ میسر تاوەکو بتوانێت بگاتە خەرتوم بۆ گەڕاندنەوەی سەقامگیریی خێزانەکەی، وتی: هیچی زیاترم ناوێت لەوەی ژیانێکی ئاسایی بژیم، دەمەوێت خۆراک و ئاو بۆ منداڵەکانم دابین بکەم، هاوڕێیەتی کچەکەم بکەم بۆ قوتابخانە وەک تەواوی دایکانی تر، دەمەوێت ژیانێکی کەرامەت بژین.
پەروەردە و خوێندن مافێکی دواخراوە
ئەسیل عەمیرە ڕووبەڕووی سەختی دەبێتەوە لە تۆمارکردنی کچەکەی لە قوتابخانەدا بەهۆی کەمیی کورسی و داراییەوە، چونکە یەکێک لە قوتابخانەکان نزیکەی ٥٠ دۆلاری داوا کردووە بۆ تۆمارکردنی منداڵێک لە پۆلی دووەمدا، کە ئەم بڕە پاره لە توانای زۆرێک لەو خێزانانە بەدەرە کە بەهۆی جەنگەوە زیانیان بەرکەوتووە، لەگەڵ نەبوونی توانای قوتابخانە حکومییەکان بۆ وەگرتنی تەواوی منداڵان، دەرفەتەکانی خوێندن لە بەردەم خێزانەکەیدا بە دیاریکراوی دەمێننەوە.
سەختیەکان تەنها لە خۆراک و خوێندندا کۆتایی نایەن، ژیان لەناو چادردا ڕووبەڕووی ئاستەنگی ڕۆژانەت دەکاتەوە کە پەیوەندیدارن بە تایبەتمەندێتی و بەکارهێنانی خزمەتگوزارییە تەندروستییەکانەوە، بەتایبەتی کاتێک لە شوێنی نیشتەجێبوونی کاتییەوە دوور بن، وتی: هەندێک جار ناچار دەبێت داوای یارمەتی بکات بۆ جێبەجێکردنی پێداویستییە بنەڕەتییەکانی، لە ئەزموونێکدا کە دەستکاریی کەرامەت و سەربەخۆیی دەکات.
کۆبوونەوەی خێزان پێویستییەکی مرۆییە
کەیسی ئەسیل عەمیرە سنوورەکانی ئازاری تاکەکەسی تێدەپەڕێنێت، تاوەکو دەریبخات چۆن جەنگ، ئاوارەیی و لێکدابڕانی ئەندامانی خێزان لەگەڵ ئاستەنگە کارگێڕی و ئابوورییەکاندا یەکتر دەبڕن، تاوەکو سادەترین مافەکان بگوێزرێنەوە بۆ داواکاریی دواخراو.
سندوقی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ دانیشتووان هۆشداری دا لە خراپتربوونی لێکدابڕانی خێزانی، توندوتیژیی لەسەر بنەمای ڕەگەز و هاوسەرگیریی منداڵان لە غەززە لە چوارەکی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٦دا، بە هاوکاتی لەگەڵ تێکچوونی بارودۆخی مرۆیی، هەروەها نوسینگەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ هەماهەنگیی ئەرکە مرۆییەکان ئاماژەی بە بەردەوامبوونی هەوڵەکان کرد بۆ پاراستنی منداڵان و کۆکردنەوەی ئەو کەسانەی لە خێزانەکانیان دابڕاون.
ئەم زانیارییانە ئاماژە بە بەرفراوانبوونی پێویستیی پاراستنی پەیوەندییە خێزانییەکان دەکەن، بەڵام ژمارەیەکی گشتگیر دابین ناکەن کە ژمارەی ئەو ژنە بیانییانە یان ئەو هاوژینانە دیاری بکات کە لە غەززە ماونەتەوە بەهۆی ئەستەمبوونی گەشتکردن و کۆبوونەوەی خێزانییان.
ئەسیل عەمیرە داوای دابینکردنی ڕێڕەوێکی ئارام و ڕوون دەکات کە ڕێگەی پێ بدات غەززە جێبهێڵێت، تاوەکو بتوانێت ژیانی لەگەڵ دوو منداڵەکەیدا بەدەست بێنێتەوە، هەروەها مافی خۆی و منداڵەکانیەتی بە کەرامەتی و ئارامی بژین و خێزانەکەیان بەدوور لە ئازاری بەردەوام کۆببێتەوە.