کۆمەڵەی کاتی ژنان ڕاستی خزمەتگوزارییەکان بە زمانی کوردی بەڵگە دەکات

کۆمەڵەی کاتی ژنان لە ئیستەنبوڵ بەردەوامە لە هەوڵەکانی بۆ ئەوەی ژنانی کورد بتوانن دەستیان بەخزمەتگوزاری دژە توندوتیژی بە زمانی کوردی بگات، بە لەبەرچاوگرتنی سنوورداربوونی بەردەستبوونی ئەو جۆرە خزمەتگوزارییانە.

ئارژین دیلەک ئۆنجەل  

 

ئامەد ـچەندین لێکۆڵینەوە ئاماژە بەوە دەکەن، کە کورد لە نێوان ١٥ بۆ ١٨٪ی کۆی دانیشتوانی ئیستەنبوڵ پێکدەهێنن و ژمارەیەکی زۆریش لە ناوچەشارەکانی وەک ئەسەنیورت، باگجیلار، فاتیح، زەیتنبورنو، گازیۆسمانپاشا و ئەسنلەر کۆبوونەتەوە، بەشێکی بەرچاوی بوونی کورد لەو شارە لە شەپۆلەکانی کۆچبەریەوە سەرچاوە دەگرێت کە لە ماوەی هەشتاکان و نەوەدەکانی سەدەی ڕابردوودا تورکیای گرتەوە، پەیوەست بوو لن بە شەڕ و ململانێکانی دەوروبەری پرسی کورد و هەروەها هۆکارە ئابووری و کۆمەڵایەتییەکان کە هەزاران بنەماڵەی ناچار کرد ناوچەکانیان بەجێبهێڵن و لە ئیستەنبوڵ نیشتەجێ بن.

 

بەڵام گەیشتنیان بە شارەکە کۆتایی ئازارەکانیان نەبوو، کورد ڕووبەڕووی هەڵاواردن و ڕەگەزپەرستی بووەوە، تەنانەت تا مافی بەکارهێنانی زمانەکەی درێژبووەوە، لەم چوارچێوەیەدا، ژنانی کورد خۆیان لە دۆخێکی لاوازتردا بینیەوە، بەو پێیەی ئەزموونی توندوتیژی ڕەگەزییان لەگەڵ هەڵاواردنی زمانەوانی و دامەزراوەیی یەکتر دەبڕییەوە، زمان لە هەندێک حاڵەتدا، بووە بەربەست لەبەردەم داوای یارمەتی و پاراستن.

 

بۆ ژنێک کە تووشی توندوتیژی دەبێت، توانای گێڕانەوەی وردی تاقیکردنەوەکان، تێگەیشتن لە ڕێکارە یاساییەکان و پەیوەندیکردن لەگەڵ دەسەڵاتە پەیوەندیدارەکان، شتێکی لاوەکی نییە، بەڵکو دەتوانن لە توانای ئەودا زۆر گرنگ بن بۆ ڕزگاربوون لە سووڕی توندوتیژی و گەیشتن بە پارێزراوی، کاتێک ناتوانێت ئەزموونی خۆی بە زمانی دایکی خۆی دەرببڕێت یان کەسێک بدۆزێتەوە کە لێی تێبگات، ئەم بەربەستە دەتوانێت زیاتر ڕێگری بکات لە دەستڕاگەیشتن بە دادپەروەری و پاراستنی.

 

دۆسیەی فاتمە ئاڵتین ماکاس نموونەی یەکێک لە لایەنە کارەساتبارەکانی ئەم دۆخەیە، لە ساڵی ٢٠٢٠ لەلایەن برای هاوژینەکەیەوە دەستدرێژی کراوەتە سەر، کاتێک بۆ تۆمارکردنی سکاڵا چووەتە بنکەی پۆلیس، پێیان وتووە کە نەبوونی وەرگێڕێکی کوردی وایکردووە کە نەتوانن لێدوانەکەی وەربگرن، دواتر ئەو ژنە کوژرا، کەیسی ئەو وەک نموونەیەکی بەرچاو دەبینرێت لەو مەترسیانەی کە دەتوانن لە نەبوونی ئەو خزمەتگوزارییانەی کە توانای پەیوەندیکردنیان لەگەڵ ئەو ژنانە هەبێت کە بە زمانی دایکی خۆیان قسەدەکەن، بەتایبەتی لەو ساتانەی کە بەپەلە پێویستیان بە پاراستن هەیە.

 

هەر لەبەر ئەمەشە کە کۆمەڵەی کاتی ژنان ماوەی شەش ساڵە لە ئیستەنبوڵ کاردەکات و شەڕی توندوتیژی دژی ژنانی کورد لە دڵی چالاکییەکانیدا داناوە، هەوڵەکانی تەنها لە ڕووبەڕووبوونەوەی توندوتیژیی تاکەکان سنووردار نییە، بەڵکو درێژدەبێتەوە بۆ گفتوگۆکردنی ئەو سیاسەت و پراکتیکانەی کە پێی وایە بەشدارن لە بەردەوامیی توندوتیژی و هەڵاواردن، کارکردن بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی دەستڕاگەیشتن بە خزمەتگوزاری و پاراستنی ژنانی کورد بە زمانی دایکی.

 

دەستڕاگەیشتن بە خزمەتگوزاری دژە توندوتیژی دژی ژنان بە زمانی کوردی

کۆمەڵەی کاتی ژنان لە ماوەی یەک ساڵی ڕابردوودا کار بۆ پێشخستنی دەستڕاگەیشتن بە خزمەتگوزارییەکانی شارەوانی بۆ بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان بە زمانی دایکی خۆیان بەتایبەتی کوردی، لە هەوڵێکدا بۆ چارەسەرکردنی پێداویستییەکانی ژنانی کورد لەسەر ئاستی ناوخۆیی و دانانی داواکارییەکانیان لە چوارچێوەیەکی بەرفراوانتر لە داکۆکیکردن و گۆڕینی سیاسەت.

 

لەو چوارچێوەیەدا، کۆمەڵەکە لە مانگی ئابی ڕابردوودا ڕاپۆرتێکی چاودێریی بە ناوی "دەستڕاگەیشتن بە خزمەتگوزارییەکانی حکومەتی خۆجێیی ژنان بۆ بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی بە زمانی دایکی" بڵاوکردەوە، کە تێیدا لێکۆڵینەوەی لە بەردەستبوونی خزمەتگوزارییەکان بە زمانی دایکییان، بە تایبەتی زمانی کوردی، لە چوارچێوەی میکانیزمەکانی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی لە شارەوانیی گەورەی ئیستەنبوڵ و شارەوانی ٣٩ ناوچەشارەکان کرد.

 

لە ڕاپۆرتەکەدا، ئاشکرای کردووە، کە پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییە گشتیەکانی پەیوەست بە بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی بە زمانی دایکی هێشتا نەبووەتە پراکتیکێکی دامەزراوەیی پتەو لە ناو شارەوانیەکاندا، پێشکەشکردنی ئەم خزمەتگوزارییانە تا ڕادەیەکی زۆر پەیوەستە بە دەستپێشخەرییە تاکەکەسییەکان و هەوڵە کەسییەکانی ئەو کەسانەی کە تێیدا کاردەکەن، تەنها سێ شارەوانی ئێستەنبوڵ لە چوارچێوەی بواری بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان خزمەتگوزاری بە زمانی کوردی پێشکەش دەکەن.

 

نەورۆز ئۆنڤەردی، یەکێک لە دامەزرێنەرانی کۆمەڵەی کاتی ژنان دووپاتی کردەوە، کە کۆمەڵەکە بەردەوام دەبێت لە هەوڵەکانی بۆ بەهێزکردنی ژنانی کورد بۆ دەستڕاگەیشتن بە خزمەتگوزاری و میکانیزمەکانی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی بە زمانی دایکیان.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، کۆمەڵەکە لەگەڵ ژنانی کورد کاردەکات کە بەهۆی شەڕ و ململانێکانەوە ناچاربوون کۆچ بکەن بۆ ئیستەنبوڵ، وتی: بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی سەرنجێکی سەرەکی کارەکانمانە، هەروەها چالاکییەکانی داکۆکیکردن بە ئامانجی کاریگەریکردن لەسەر سیاسەتەکانی پەیوەست بە بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی و بەهێزکردنی میکانیزمەکانی پاڵپشتیکردنی ئەو هەوڵانە.

 

ئاماژەی بەوەدا، کە کۆمەڵەکە لە ماوەی یەک ساڵی ڕابردوودا کاریان کردووە بۆ ئەوەی ژنانی کوردی نیشتەجێی ئیستەنبوڵ بتوانن دەستیان بە میکانیزمەکانی ڕێگریکردن لە توندوتیژی بگات کە لەلایەن حکومەتە خۆجێییەکانەوە بە زمانی کوردی دابینکراون، هەروەها لەماوەی ڕاپۆرتەکەدا، گروپی کۆمەڵەکە سەردانی ٣٩ شارەوانی ناوچەشاریان کردووە، جگە لە شارەوانیی گەورەی ئیستەنبوڵ، کۆبوونەوەیان ئەنجامداوە بۆ هەڵسەنگاندنی بەردەستبوونی خزمەتگوزارییەکان بە زمانی کوردی.

 

ڕوونیکردەوە، ئەم کۆبوونەوانە بەشداربوون لە ئامادەکردنی ڕاپۆرتێک کە چاودێری ژمارەی ئەو شارەوانیانە دەکات کە زمانی کوردی بەکاردەهێنن لە چوارچێوەی میکانیزمەکانی ڕێگریکردن لە توندوتیژی، ئەو شارەوانیانەی کە خزمەتگوزاری پاڵپشتی بەم زمانە پێشکەش دەکەن، هەروەها بەدواداچوون بۆ ڕێگاکانی فراوانکردنی بازنەی ئەو خزمەتگوزارییانە و دەستەبەرکردنی دەستڕاگەیشتن بە ژنان بە زمانی دایکی.

 

"ڕاپۆرتەکەمان پێشکەشی لایەنە سیاسییەکان دەکەین"

نەورۆز ئۆنڤەردی ڕایگەیاند، لە کاتێکدا خزمەتگوزارپی پشتیوانی لە شارەوانیەکاندا هەیە، بەڵام ئەو خزمەتگوزارییانە ناگەنە دەستی ژنان، وتی: لەمبارەیەوە ڕابۆرتی سیاسەتمان ئامادەکرد کە چەندین پێشنیاری سیاسەتی تێدابوو، لە ئەنجامدا ڕاپۆرتەکانمان پێشکەش بە پێنج شارەوانی ئیستەنبوڵ کرد.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، کە ئەم کارە بەوەوە ناوەستێت، بەڵکو ئێمە دەمانەوێت سەردانی ناوەندە گشتییەکانی لایەنە سیاسییەکان بکەین بۆ ئەوەی گرنگی مافی زمانی دایکی مرۆڤ بۆ ژنان ڕوون بکەینەوە، هەروەها کارێک ڕێکدەخەین بە ئامانجی دڵنیابوون لەوەی کە ژنان، وەک چۆن سووڕی توندوتیژی بەجێدەهێڵن و دەچنە شوێنە ئارامەکان، لەگەڵیدا بتوانن بە زمانی دایکی خۆیان دەرببڕن و تێبگەن.

 

جەختی لەوەکردەوە، لەم دواییانەدا وۆرکشۆپێکیان لە ئیستەنبوڵ سازکرد بەناونیشانی "لە ئەزموونەکانی ژنانەوە بۆ ئاشتیسازی: دادپەروەری، یادەوەری و داهاتوویەکی دیموکراتیک”، باسیان لە کاریگەریی شەڕەکان لەسەر ژیانی ژنان کرد، هەروەها دیدگاکانیان بۆ ئاشتی.

 

وتیشی: بەنیازین بەردەوام بین لەم گفتوگۆیانە لە کارەکانی داهاتووماندا، لە هەموو ئەو بوارانەی کە ژنان تێیدا ئامادەن، ئەم کارە گرنگە لەڕووی پەرەپێدانی هەوڵەکانی داکۆکیکردن و پێشخستنی خەباتی ژنان و بەشێک بوون لە خەبات بۆ ئاشتی.

 

لە کۆتایی قسەکانیدا ئاماژەی بەوەشکرد، ئامانجیان ئەوەیە کە ژنان بتوانن لە شوێنی پارێزراوتردا بژین، نەهێشتنی ئەو وێرانکارییەی کە بەهۆی جەنگ و تاوانەکانی جەنگەوە بەجێی هێشتووە، هەروەها چارەسەرکردنی زەبر و زەنگی دەروونی، ەتی: ئێمە وتاری خۆمان لەسەر بنەمای ئەو ڕاستییە بونیاد دەنێین کە ژنان ئەکتەری ڕاستەوخۆن لە پرۆسەی ئاشتیدا، هەریەک لەو کردەوانە ئاماژەن بۆ ڕۆڵی کارای ژنان لە پرۆسەی ئاشتیدا.