هەژموونی حزب هۆکارێک بۆ یەکدەنگ نەبوونی ڕێکخراوەکانی ژنان

هەرچەندە نزیکەی ٣٠٠ ڕێکخراوی تایبەت بە ژنان لە هەرێمی کوردستاندا هەیە، بەڵام بەشێکی زۆری ڕێکخراوەکان لە ژێر هەژموونی حزبدا کار دەکەن، چالاکوانانیش یەکدەنگی ژنان بە فشار و کاریگەری بۆ سەرکەوتنی ژنان دەزانن.

 

تەرزە تەها

سلێمانی- لە هەرێمی کوردستاندا نزیکەی ٣٠٠ ڕێکخراوی تایبەت بە ژنان بوونی هەیە، هەر یەکەیان لەسەر چەند پرسێکی تایبەت بە ژنان کاردەکەن، لە کۆتایشدا ڕێکخراوەکانی ژنان بەشێک لە ئامانجە هاوبەشەکانیان کە نەهێشتنی توندوتیژییە بەرامبەر ژنان کۆیان دەکاتەوە.

 

ئەگەرچی ئەمە ئامانجی سەرەکی ڕێکخراوەکانی تایبەت بە ژنانە، بەڵام بەشێک لەم ڕێکخراوانە یەک دەنگ نین، ئەمەش لەلایەن بەشێک لە ژنانەوە بووەتە جێگەی ڕەخنە و پێیان وایە ڕێکخراوەکان کەوتوونەتە ژێر کاریگەری هەژموونی حزبەکان.

سەیوان ڕۆستەم، ئەندامی یەكێتی ژنانی کوردستان، جەخت لەوەدەکاتەوە کە یەکگرتنی دەنگی ژنان دەتوانێت فشارێکی بەهێز و دەنگێکی کاریگەر دروستبکات، پێی وایە ئاساییە کە ڕێکخراوێک لەلایەن حزبێکەوە پاڵپشتی بکرێت، بەڵام نەک بەو جۆرەی کە تەواو ئەو ڕێکخراوە بەبێ قسەی حزبەکە نەتوانێت هەنگاو بنێت.

 

سەیوان ئاماژە بۆ ئەوەدەکات ڕێکخراوەکانی ژنان هەموویان بۆ مەبەستێک دروستبوون، ئەویش بنبڕکردن یان کەمکردنەوەی توندوتیژییەکانە دژی ژنان، پێویست دەکات ئەم ڕێکخراوانە کۆکبن و کار لەسەر ئامانجە هاوبەشەکانیان بکەن.

 

پێویستە ڕێکخراوەکان خاوەن بڕیاری خۆیان بن

سەیوان هیچ کێشەیەک لەوەدا نابینێت کە ڕێکخراوەکان لەلایەن حزب یان لایەنێکی دیاریکراوەوە پاڵپشتی بکرێت، "ئەمە ناکاتە ئەو دەرئەنجامەی کە دەبێت ڕێکخراوەکان لە ئەلفەوە تا یائی  بگەڕێتەوە بۆ حزبەکە"، دەشڵێت: "بەڵام بە داخەوە ئەوەی دەبینین زۆرێک لەو ڕێکخراوانە تا نەگەڕێتەوە بۆ حزبەکانیان بڕیار نادەن، بۆ ئەوەی ئەو ڕێکخراوانە بگەنە ئامانجەکانیان دەبێت لەو بیر و چوارچێوە تەسکەی حزبایەتی دەربچن و دەبێت بۆ ئازادی ژنان کاربکەن".

 

هەروەها لەبارەی دەستگیرکردنی سێ ئەندامی ڕێکخراوی ژنانی ئازادی کوردستان لەلایەن پەدەکەوە لەکاتی گەڕانەوەیان لە شەنگال، ئاماژەی بۆ ئەوەکرد، ئەوان هەمیشە دژی توندوتیژی و زەبر و زەنگن کە بەرامبەر ژنان بەکاربهێندرێت، "بەهیوام ڕێکخراو ببنە فشار بۆ ئازادکردنی ئەو ژنانە".

هاوکات بانوو هەڵەبجەیی، ئەندامی ڕێکخراوی ژنانی ئازادی کوردستان، بە گرنگی دەزانێت کە هەموو ڕێکخراوەکان یەکدەنگبن، بەڵام پێی وایە ڕێکخراوەکانی ژنان لێرە لەژێر ناسنامەی ژندا کار ناکەن و لەژێر کۆنتڕۆڵی حزبەکاندان.

بانوو هەڵەبجەی ئەوەش دەخاتەڕوو، کە ڕێکخراوەکان زۆرینەیان تا حزبەکان پێیان نەڵێن کار ناکەن لەسەر بابەتێکی جدی، ڕەنگە کاری سەرەتایی بکەن، بەڵام بۆ بابەتە فکر و جدییەکان چاوەڕوانی هەڵوێستی حزبەکەیانن.

 

باس لەوەش دەکات کە ماوەی زیاتر لە ٢٠ ڕۆژە سێ ئەندامی ڕێکخراوەکەیان لەلایەن ئاسایشتی پەدەکەوە دەستگیرکراون، بەڵام تەنها دایکانی ئاشتی لەچک سپی و چەند کەسایەتی و چالاکوانێک هەڵوێستیان نیشانداوە، ئەگەرنا ڕێکخراوەکان و کەسایەتییەکان هیچ هەڵوێستێکی جدیان نیشاننەداوە، دەشڵێت: "ئێمە هەمیشە لە چالاکیەکانماندا هاوار دەکەین با وەکو ناسنامەی ژن کاربکەین، دوور  لە حزبەیاتی کار بۆ ژنان بکەین، وەکو ژن بەرگری لە مافەکانینی خۆمان بکەین، بەڵام تاوەکو ئێستا بەو شێوەیە ڕێکخراوەکان نایەنە پێشەوە".

 

ت.پ